"لە ئایینی ئیسلامدا هیچ دەقێک نییە باسی قوربانیی بکات"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 09/08/2019‌ :: 6061‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو

ساڵانە لە چوار رۆژی جەژنی قورباندا، موسڵمانان قوربانیی دەکەن و بەوهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر مەڕ و بزن و رەشەوڵاخ سەردەبڕدرێن. زانایانی ئایینی و ئایینناسانیش رای جیاوازیان هەیە لەسەر قوربانیکردن، بەشێکیان بە گرنگی دەزانن قوربانی بکرێت و بەشێکیشیان دەڵێن: "بووەتە شتێکی عادەتی و لە ئاییندا بوونی نییە".

یونس راوی، شارەزای بوارى ئایینەکان بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "لە ئایینی ئیسلامدا هیچ دەقێک نییە باسی قوربانیی بکات، بەڵکو ئەوە بەشێک لە زانایانی ئایینی بە دەقی جیاواز کە دروستکراوی خۆیانە، لەسەر زاری پێغەمبەر محەمەد درودی خوای لەسەر بێت، ده‌یڵێنه‌وه‌".

دەشڵێت: "کاتێک سەردانی سعودیەم کرد ئەوەندەی خەڵکی کوردستان قوربانییان دەکرد خەڵکی سعودیە و وڵاتانی دیکەی ئیسلامی قوربانییان نەده‌کرد، بۆیە من وای بۆ دەچم لە ئایینی زەردەشتى-یەوە کە لەوێش قوربانیی هەیە، ئەو قوربانییە بۆ کورد ماوەتەوە و بووەتە عادەت".

راوی، هه‌روه‌ها دەڵێت: "حەزرەتی ئیبراهیم لە سەرەتاوە کە کوڕەکەی دەبات بۆ سەربڕین، خۆ نیەتی نەبووە سەری ببڕێت، بەس بۆ ئەوە بووە کە بەرانێک سەربڕێت وەک چۆن دەڵێت مانگ دەپەرستم دواتر دەڵێت نەخێر مانگ ئاوا دەبێت بۆ پەرستن نابێت".

لیژنەی فەتوای هەرێمی کوردستان تەفسیری ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز دەکەن سەبارەت بە قوربانیکردن. له‌وباره‌یه‌وه‌ دکتۆر حەسەن موفتى سەرۆکی لیژنەی فەتوای هەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا باسی قوربانیی کردووە، نموونەش بۆ ئەمە فەرمان بە حەزرەتی ئیبراهیم دەکات کە ئیسماعیل-ی کوڕی سەرببڕێت".

حەسەن موفتى دەڵێت: "هەر موسڵمانێک باوەڕی بە ئایەتی قورئانی نەبێت و نکوڵی لێبکات و بڵێ قوربانیی بوونی نییە، ئەوا کافر دەبێت، چونکە جگە لە قورئان چەندین فەرموودەی پێغەمبەرمان محەمەد درودی خوای لەسەر بێت باس لە قوربانیی دەکات".

سەبارەت بە قسەکانی یونس راوی-یش، سەرۆکی لیژنەی فەتوای هه‌رێمى کوردستان دەڵێت: "نکوڵیکردنی یونس راوی لە قوربانیکردن و ئایەتی قورئان، بۆ ناوبانگ و خۆدەرخستنە، چونکە لێرە لەلایەک ئەوانەی وەکو ئەو بیر دەکەنەوە پێیان خۆشە ئەوانەشی موسڵمانن دڵگران دەبن بەو قسانەی، بەڵام قسەکانی هیچ کاریگەریی لەسەر ئایینی ئیسلام و موسڵمانان نابێت".

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە هەرێمی کوردستان ساڵانە تەنیا لە چوار رۆژی جەژنی قورباندا نزیکەی 2 هەزار سه‌ر مەڕ و بزن و زیاتر لە 800 سه‌ر رەشەوڵاخ سەردەبڕدرێن، لە چوار ساڵی رابوردوودا زیاتر لە 3 ملیۆن و 800 هەزار سه‌ر ئاژەڵ لە كوشتارگەكان سەربڕدراون.

پ: ل. م

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure