سه‌در له‌ شوێنكه‌وتووانى بێزاره‌ و هه‌ڕه‌شه‌يان لێده‌كات

هەواڵ / عێراق :: 08/08/2019‌ :: 132‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

موقته‌دا سه‌در رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در رۆژی چوارشه‌ممه‌ شوێنكه‌وتووانى خۆى له‌ ره‌وتى سه‌در ئاگادركردووەته‌وه‌ كه‌ بێزار بووه‌ له‌وه‌ى شوێنى دنيا كه‌وتوون و رێبازى باو و باپيرى ئه‌ويان به‌رداوه‌، بۆيه‌ هه‌ڕەشه‌ى لێكردوون ئه‌گه‌ر باش نه‌بن به‌ته‌نیا رووبه‌ڕووى دنيا ده‌بێته‌وه‌.


به‌پێى پۆستێكى په‌يجى (ساڵح محه‌مه‌د عێراق) كه‌ نزيك و زمانحاڵى موقته‌دا سه‌دره‌، دوێنێ سه‌در له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا وتوويه‌تى: "ئەو ناكۆكييه‌ ناوخۆييانه‌ى ناو ره‌وتى سه‌در بێزارى كردووه‌ كه‌ ململانێكان به‌رده‌وامن و زۆرێك له‌ خۆشويستنى دنيا رۆچوون، چيتر تواناى به‌رگه‌گرتنى تاوانى ئه‌وان ناكات".

سه‌در له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ماوه‌يه‌كى داناوه‌ كه‌ له‌ جه‌ژنى غه‌ديره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، تا ده‌گاته‌ رۆژى له‌ دايكبوونى زه‌ينه‌ب و ئاماژەی بەوەداوە: "ئه‌گه‌ر ته‌واو كارى نێوان شوێنكه‌وتووانى ره‌وته‌كه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ رێباز و به‌رنامه‌ى ماڵباتى سه‌در هه‌بووه‌، ئه‌وا له‌ناوتان ده‌بەم، ئەگه‌ر نا به‌ ته‌نیا رووبه‌ڕووى دنيا ده‌بمه‌وه‌".

جه‌ختيشيكردووەته‌وه‌: "له‌م نزيكانه‌دا چه‌ند خاڵێكتان بۆ داده‌نێم، كه‌ بۆ رێنمايى و كۆكردنه‌وه‌ و گێڕانه‌وه‌تان يه‌كڕيزى كارا و كاريگه‌ره‌، ده‌شتوانن پشت به‌ هه‌ر كه‌سێك ببه‌ستن كه‌ به‌باشى ده‌زانن".

پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure