پارتی بێ گەڕانەوە بۆ یەکێتی نوێنەری حکومەتی هەرێمی لە بەغدا دیاریکرد

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 07/08/2019‌ :: 3492‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

هەرچەندە خالید شوانی لەپشکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان وەک وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا کاندیدکراوە، بەڵام تائێستا دەستبەکارنەبووە، چونکە فەرمانی وزاری بۆ دەرنەچووە، بەڵام سەرەتای ئەم هەفتەیە نوێنەرێک لە بەغدا بەناوی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لەپشکی پارتی دەستبەکاربووە.


سەرەتایی ئەم هەفتەیە بەفەرمی (فارس عیسا سلێڤانەیی) وەک نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ دەرچوو، چاودێرێکی سیاسی پێیوایە، ئەو پۆستە کێشە دەخاتە نێوان یەکێتی و پارتی و هۆکارێک و هەنگاوێکیشە بۆ بچوککردنەوەو لێدان لە وەزارەتەکەی خالید شوانی کە تایبەتە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کە پشکی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستانە.

کارزان رەشید، مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی بۆ دواڕۆژی روونکردەوە: هەرچەندە ئەو نوێنەرایەتییە دەمێکە هەیە، بەڵام کاراکردنەوەی بەوجۆرەی ئیستا رەنگە زیانگەیاندن و بچوککردنەوەی پۆستی وەزارەتەکەی یەكێتی بێت، بەناوی (وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا)، چونکە مادام وەزارەت هەیە، پێویست بە بوونی وەها نوێنەرایەتییەک ناکات، خۆ بەغدا دەوڵەتێکی تر نییە.

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، هەرچەندە ساڵی 2003 کرایەوە، بەڵام بەهۆی تێكچوونی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا، كارەكانی وەستێنرابوو. ئێستا لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان 14 نوێنەرایەتی دەرەوە هەن لە حکومەتی هەرێم، بەڵام ئاماژە بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا نەکراوە و لە لیستی نوێنەرایەتیەکاندا نییە.

ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "بەفەرمی  نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا كاراكراوەتەوە، لەمەودوا کارەکانی خۆی دەکات و فارس عیسا بۆ ئەو پۆستە دەستنیشانکراوە و ئەو نوێنەرایەتییە بۆ هەرێمی كوردستان گرنگی زۆری هەیە، بەتایبەتی بۆ پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا".

دەشڵێت: "نوێنەرایەتییەکە دەبێتە پردێكی پەیوەندی لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەردوولا".

لەبارەیی ئەگەری دروستبوونی کێشە لەنێوان پارتی و یەكێتی یان بەریەککەوتن لەگەڵ وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری بەغدا، ڤیان سەبری دەڵێت: "ئەوە بابەتێکی ترە و من قسە لەسەر ئەوە ناکەم و پەیوەندی نییە بە منەوە".

هاوکات بەرپرسێکی پارتی کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، ئاشکرایکرد: ئەو پۆستە لەکاتی پێکهێنان و گفتووگۆی کابینەی نوێ لەنێوان لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆی لەسەر نەکرا، بەڵام دوای ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت دوپاتی لەوەکردە کە دەبێت پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا بەهێزببنەوە، خۆی بڕیاریدا کە دەبێت ئەو نوێنەرایەتییە کارابکرێتەوە و خۆیشی کەسێکی بۆ دیاریکرد تا ببێتە نوێنەر لە بەغدا".

ئەو بەرپرسە ئەوەشی باسکرد: ئەو نوێنەرایەتییە راستەوخۆ سەر بە سەرۆکی حکومەتە و بۆ دژایەتی هیچ وەزارەت و دەستەیەک نییە، بەتایبەتیش وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری بەغدا، هەریەکەیان کاری خۆی دەکات و ئامانجی هەردووکیشیان تایبەتە بە چارەسەری کێشەکان و باسکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.

بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ لە هیچ یەکێک لە گفتوگۆکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەو پۆستە نەکراوە، بەهۆی بوونی وەزارەتێک کە بەر یەکێتی کەوت و خالید شوانی بەفەرمی کاندیدکراوە، بەڵام تائێستا دەستبەکارنەبووە، چونکە فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ دەرنەچووە، بۆیە مەسرور بارزانی بێ گەڕانەوە بۆ یەکێتی کەسێکی بۆ ئەو پۆستە دیاریکردووە.

یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان بێئاگایی خۆی نیشاندەدات لە کاراکردنەوەی ئەو پۆستە لە بەغدا، وتەبێژی حیزبەکەش دەڵێت: "جارێ هیچ قسە و لێدوانێکی فەرمیمان نییە".

لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەدواڕۆژی وت: "ئەوەی کە باس دەکرێت ئێمە ئاگاداری نین و نازانین چۆنە، بۆیە هیچ لێدوانێکی فەرمیمان نییە لەوبارەیەوە تا کاتی خۆی و دەخرێتە بەر باس لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، دواتر بەفەرمی را و بۆچوونی خۆمان رادەگەیەنین".

لەبارەی پۆست و نوێنەرایەتییەکەوە، سەفین دزەیی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەو نوێنەرایەتییە دەمێکە هەیە و لەڕووی کارگێڕیەوە گرێدراوە بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و پەیوەست نییە بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم".

پێداچوونەوەو بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure