مه‌سرور بارزانی بڕیارێكی نوێی بۆ هه‌موو وه‌زیره‌كان ده‌ركرد

هەواڵ / کوردستان :: 07/08/2019‌ :: 26929‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نووسینگه‌ی هه‌ولێر

به‌پێی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، بۆ له‌مه‌ودوا پێویسته‌ سه‌رجه‌م داهاتی وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، به‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان-یشەوە، بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری، وه‌زیره‌كانیش ده‌سه‌ڵاتی خه‌رجكردنی داهاتی خۆیان نییه‌ به‌بێ ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی دارایی.


دوای ئه‌وه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سێشه‌ممه‌ی رابوردوو "30ی ته‌موزی 2019"ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا بڕیاردرا به‌ رێكخستنه‌وه‌ی داهات و خه‌رجی وه‌زاره‌ته‌كان و فه‌رمانگه‌ به‌ستراو و نه‌به‌ستراوه‌كان، به‌ پشتبه‌ستن به‌ بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌ن، سه‌رۆكی حكومه‌ت بڕیاریداوه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م داهاته‌كانی وه‌زاره‌ته‌كان بۆ خه‌زێنه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری "له‌مه‌ودوا هیچ وه‌زاره‌تێك بۆی نییه‌ به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌و پاره‌یه‌ خه‌رج بكات".

به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، داهاتی وەزارەتی سامانه‌ سروشتییه‌كان كه‌ له‌ كابینه‌ی رابوردوودا ته‌نیا 378 ملیار دیناری ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی، ده‌بێت له‌ مانگی داهاتوودا به‌ ته‌واوی داهاته‌كه‌ی بخرێته‌ سه‌ر هه‌ژماری بانكی وه‌زاره‌تی دارایی و له‌وێ بڕیاری چۆنیه‌تی خه‌رجكردنی بدرێت.

بڕیاره‌كەی سه‌رۆكی حكومه‌ت، ده‌سه‌ڵات له‌ وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان وه‌رده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ رابوردوودا به‌شێك له‌ داهاتی وه‌زاره‌ته‌كه‌یان به‌پێی رێنمایی و یاسا ده‌چووه‌ سه‌ر هه‌ژماری بانكییان و ده‌سه‌ڵاتی خه‌رجكردنیان هه‌بوو.

له‌وباره‌یه‌وه‌ وه‌زیرێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ نه‌یویست ناوه‌كه‌ی ئاشكرابكرێت، به‌ دواڕۆژی وت: "مه‌به‌ست له‌و بڕیاره‌ كه‌ دەبێت ته‌واوی داهاتی وه‌زاره‌ته‌كان بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی، گێڕانه‌وه‌ی داهاتی سامانه‌ سروشتییه‌كانە، واته‌ پاره‌ی فرۆشتنی نه‌وت ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و داهاتی ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ش دەگەڕێندرێتەوە كه‌ له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانەوە خراپ به‌كارده‌هێنرا".

پ: ل. م 
بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure