دوو ئه‌فسه‌ری هاتووچۆ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر هاووڵاتیان ئاشكراده‌كه‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 06/08/2019‌ :: 645‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ

دوو ئه‌فسه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی سلێمانی له‌ نووسینێكدا رایده‌گه‌یه‌نن: ساڵانە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی پیاده‌ڕه‌و گیان لەدەستدەدەن كه‌ لەساڵی 2018 لەسنوری سلێمانی 67 و له‌ شه‌ش مانگی 2019شدا 24 هاووڵاتی پیادەڕەو گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.


بەختیار محه‌مه‌د مقه‌ده‌م و كاروان سدیق رائیدی هاتوچۆ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی سلێمانی له‌و نووسینه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كان: پیادەڕەوەكان لەدۆخێكی مەترسیداردان و ساڵانە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان دەبنە قوربانی رووداوەكانی هاتووچۆ، هەمیشە پلەی یەك لە قوربانی رووداوەكان سەرنشینەكانن و پلەی دوو پیادەكانن دواتر شۆفێرانن.

ئه‌وه‌ش روونده‌كه‌نه‌وه‌: لەساڵی 2018 لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی 218 هاووڵاتی بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە كە لەم ژمارەیە 153 سەرنشین و 67 پیادەڕەو و چواریان شۆفێر بوون.

باسیان له‌وه‌شكردووه‌: لە شەش مانگی یەكەمی 2019شدا لەم سنووره‌ 75 كەس گیانی لەدەستداوە كە 41 كەس سەرنشین و 24 پیادەڕه‌و 10یان شۆفێر بوون، هەمیشە ریزبەندی گیان لەدەستدانی پیادەكان لە پلەی دووەم بووەو بەردەوام ژمارەیەكی بەرز و مەترسیدارە بووە.

له‌ یاسای هاتووچۆی ژمارە (86) ساڵی 2004 لە چەند بەشێك باس لە پیادەڕەوەكان و سزادانی ئەو شۆفێرانە دەكات پیادەكان دەشێلن لەسەر هێڵی پەرینەوە یاخود لەدەرەوەی هێڵی پەرینەوە.

ئه‌و دوو ئه‌فسه‌ره‌ ده‌ڵێن: "لەساتی دەرچوونی ئەو (یاسایە) تاوەكوو ئێستا ئەم بڕگانە بە ئەندازەی پێویست لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆو جێ‌بەجێ‌ نەكراوەو پشتگوێ‌ خراوە، بۆیە كاری داواكاری گشتی و دەستە و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤه‌ كە لێپرسینەوە و بەدواداچوون بكەن بۆ هۆكارەكانی باش جێبەجێنەكردنی ئەم یاسایە.

مقه‌ده‌م بەختیار و رائید كاروان نیگه‌رانی خۆیان ده‌ربڕیوه‌و نووسیویانه‌ "كاتی ئەوە هاتووە كە شێوازی كاركردن لەدامودەزگاكانی هاتووچۆ لە هەرێمی كوردستان بگۆڕدرێت و بەشێوازی زانستی لێكۆڵینەوە لە داتا و ئامارەكانی قوربانییەكانی هاتووچۆ بكرێت، وە دۆزینەوەی خاڵی لاواز لە هۆكاری هەڵكشانی قوربانیانی رووداوەكانی هاتووچۆ".

ده‌ڵێن: "بەرپرسیارێتی لە هۆكاری دروستبوونی رووداوەكانی هاتووچۆ تەنیا (شۆفێر) نییەو نابێت كاتێك كە ئاماری قوربانییەكانی هاتووچۆ روو لە دابەزین ده‌كه‌ن، وەك سەروەرییەك بۆ خۆمانی تۆمار بكەین، كاتێكیش كە قوربانی رووداوە هاتووچۆ ڕوو لەزیاد بوون بكات بە دیاردەیەكی جیهانی ئەژماری بكەین و بەرپرسیارێتی سەرەتاو كۆتایی بخەینە ئەستۆی (شۆفێران)".

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure