"خزمەتگوزاری و ئەتەكێتی گەشتیاریی لەكوردستان لاوازە"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 06/08/2019‌ :: 219‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال

ساڵانە كۆمپانیا گەشتیارییەكان، هاوڵاتیانی كوردستان بۆ گەشت دەبەنە دەرەوەی وڵات، دەستەی گەشتوگوزاری-ش پێیوایە باشترە ئەو كۆمپانیایانە گەشتیار بێننە ناو كوردستان نەك بەپێچەوانەوە، بەشێك لەكۆمپانیاكانیش گرفتەكانی كەرتی گەشتیاری دەخەنەڕوو.


لەگەڵ نزیكبوونەوەی جەژنەكانی نەورۆز و رەمەزان و قوربان، كۆمپانیا گەشتیارییەكان، گەشتیار لەشارەكانی عێراق و رۆژهەڵاتی كوردستان دێننە هەرێمی كوردستان، بەڵام بەپێچەوانەوە هەندێك لەكۆمپانیاكانیش گەشتیاری كورد دەبەنە دەرەوە، بۆیە زۆرجار دەستەی گەشتوگوزار گلەیی لەكۆمپانیاكان دەكات كە لەبری هێنانیان بۆ كوردستان، گەشتیار دەبەنە دەرەوە.

ئارام بەرزنجی، خاوەنی كۆمپانیایەكی گەشتیارییە، بەدواڕۆژی راگەیاند: "راستە زۆرجار گەشتوگوزار گلەیی لە كۆمپانیاكان دەكەن بەوەی گەشتیار دەبەنە دەرەوە، بەڵام ئەوانیش تائێستا هیچ ئاسانكارییەكیان بۆ شوێنە گەشتیارییەكان نەكردووە، دەستەیان بۆ نۆژەنكردنەوەی شوێنە گەشتیارییەكان دروست نەكردووە، خزمەتگوزاری لەناوچە گەشتیارییەكان نییە و گەشتیار گلەییان هەیە".

ناوبراو روونیكردەوە: جگە لەوانەش ئەتەكێتی گەشتیاری لەهەرێمی كوردستان كەمە، بۆ نموونە لەتوركیا بەڕۆحیەتێك مامەڵە لەگەڵ گەشتیار دەكرێت، گەشتیار گەشتەكەی لێ دەبێتە مێژوویی، بۆیە دەبێت گەشتیاریی بكرێتە كەلتور.

زیرەك عەبدولڕەحمان، خاوەنی كۆمپانیایەكی دیكەی گەشتیاری بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: "راستە كوردستان ناوچەی گەشتیاریی زۆر باشی تێدایە، بەڵام خزمەتگوزاری شوێنەكان لەئاستی پێویستدا نین و دەبێت كاری زۆرتر بكرێت" و وتی: "ساڵانە زیاتر گەشتیاری ناوەڕاست و باشووری عێراق دێنە كوردستان، چونكە لای خۆیان گەرمایە، بۆ جەژنی نەورۆزیش گەشتیاری رۆژهەڵاتی كوردستان دێن، بەڵام تائێستاش نەبۆتە كلتور گەشتیاری وڵاتانی دیكە بێن".

پارێزگای سلێمانی پلانێكی تۆكمەی بۆ شەش ساڵی داهاتووی كەرتی گەشتیاری داڕشتووە كە بەتەواوبوونیان پێشبینی راكێشانی گەشتیاری زۆر دەكرێت.

ئارام شوانی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری سلێمانی بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: "ئەوەی لە پارێزگای سلێمانی خراوەتە ماستەرپلانەوە بۆ كاری داهاتوو، نزیكەی 200 شوێن بۆ وەبەرهێن دیاریكراوە كە پێیان بدرێت و تا ساڵی 2025یش تەواوبكرێن كە رۆڵێكی گرنگ بۆ بوژانەوەی كەرتی گەشتیاری دەبینێت".

شوانی هۆكارێكی نەهاتنی گەشتیار بۆ كوردستان بۆ لایەنی دەوڵەت نەبوونی كوردستان دەگێڕێتەوە و وتی: "لەبەرئەوەی كوردستان سەربەخۆ نییە و بە باكوری عێراق ناودەبرێت، ئەم ناوچانەش بەهێڵی گەرم و شەڕ ناسراون، بۆیە ئەوە هۆكارێكی سەرەكییە، هەرچەندە لەڕابوردوودا و بۆ ماوەیەكی دیاریكراو ئێمە لەمیدیای ئەمریكی و ئەوروپی و عەرەبیش ریكلاممان بۆ ناوچە گەشتیارییەكان كرد".

لای خەڵكانی بیانی میللەتی كورد هەمیشە بەمیوان دۆست ناسراون، بەڵام كاتێك باسەكە دێتەسەر باسی گەشتیاری و سەرفكردنی پارە لەلایەن گەشتیارەوە، باسەكە قسەی دیكە هەڵدەگرێت.

ئارام شوانی، بەئاماژەدان بەوەی كورد بەكلتوری میواندۆستی بەناوبانگە، بەڵام لەڕووی ئەتەكێتی گەشتیاری زۆر "لاوازین"، لەو رووەوە وتی: "بۆ نموونە لەماوەی رابوردوودا گەشتیار هەبووە لەفڕۆكەخانە دابەزیوە و بەتەكسی هاتووە بۆ نێو شار، بەڵام لەڕێگەدا شۆفێرەكە گۆرانییەكی زۆر خێرای خستووەتەسەری كە ئەو گەشتیارەی بێزاركردووە، لەبەرئەوەی ئێمە تائێستا دوو خولمان بۆ شۆفێرانی فڕۆكەخانە كردۆتەوە بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ گەشتیاری بیانی، بەڵام راستییەكەی ناتوانرێت كۆنتڕۆڵی دوكاندار بكرێت، چونكە ئەوان زۆرن".

ساڵانە نزیكەی 250 هەزار گەشتیار بۆ جەژنەكانی رەمەزان و قوربان سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن كە پشكی شێریان خەڵكانی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقن، ئەمە جگە لەوەی لە وەرزی هاویندا بەردەوام گەشتیار دێنە كوردستان.

نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: "لەو كۆمپانیا گەشتیارییانەی لەكوردستانن، نزیكەی 10 كۆمپانیا لەباشەكانن كە گەشتیار دێنن، بەڵام ئەوانەی دیكە نا" و وتی: "ئەگەر شوێنی گەشتیاریمان نییە، بۆچی وڵاتانی جیهانی دێنە كوردستان و ئوتێلی پێنج ئەستێرەیی دروست دەكەن و قازانج دەكەن؟ ئەی ئەو گەشتیارانەی دێن هەر گەشتیار نین؟".

رۆستی روونیكردەوە: "بۆچی شوێنمان نییە ئەی ئەو پڕۆژە ستراتیژییانەی لەلایەن كەرتی تایبەت دروستكراون، هەر گەشتیار نین روو لەو شوێنانە دەكەن؟ جگە لەوەش چەندین شوێنەواری گرنگ هەن كە بەگروپ گەشتیار دێن بۆ سەردانیان، بەڵام ئەوانەی ئەو قسانە دەكەن بریكار و نووسینگەی گەشتیاری وڵاتانی دیكەن و هیچ ئینتیمایان بۆ وڵاتی خۆیان نییە".

وتەبێژی گەشتوگوزار نەبوونی "خزمەتگوزاری گەشتیاری" بەپرسیارێكی مەنتیقی دەزانێت و وتی: "كوردستان لە گەشتوگوزار لەقۆناغێكی ئەوەندە پێشكەوتوو نییە تا خۆمان بەوڵاتانی دەرەوە بەراوردبكەین، ئێمە لەقۆناغی گەشەداین، شوێنەواری گەشتیاری و ئوتێلی زۆر باشمان هەیە كە گەشتیار رابكێشین، شوێنی مامناوەند و سەرەتاییشمان هەیە، بەڵام راستە خزمەتگوزاری و رێگەوبانمان خراپە".

بەبۆچوونی رۆستی، گەشتیاری بیانی كە دێتە كوردستان بۆ ئوتێلی پێنج ئەستێرە نایەت، بەڵكو بۆ شوێنەوار و كلتور و دابونەریت و بۆ چیاكان دێن، هەروەها دەڵێت: "منیش پرسیار دەكەم بۆچی هاوڵاتییەكی شارۆچكەی چۆمان ساڵانە 10 تا 15 گروپی گەشتیاری بیانی دێنێت كە تەنها ئینگلیزی دەزانێت، بۆچی كۆمپانیای گەشتیاری ناتوانن گەشتیار رابكێشن؟!".

نادر رۆستی جەختیكردەوە: "كورد دابونەریتی رەسەنە و میواندۆستین كە گەشتیاری بیانی پێی دڵخۆشە، بەڵام رەنگە لە مامەڵەی ئوتێل و دوكاندار كەموكوڕی هەبێت بەوەی رۆشنبیری گەشتیاری كەمترە".

هاوكات شیروان برایم خواز، ماستەر لە جوگرافیای گەشتوگوزاری ژینگەیی چەندین كێشەی گەشتیاری بۆ دواڕۆژ خستەڕوو بەوەی لەكوردستان گەشتوگوزاری سروشتی باوە، بەپێچەوانەوە لە گەشتوگوزاری مرۆیی كەمترین شوێن هەیە، هۆكارەكەشی ئەوەیە بایەخ بەشوێنە گەشتیارییەكان نەدراوە، بۆ نموونە ئەشكەوتەكان، جگە لەوە سەرجەم ناوچە گەشتیارییە فێنككەرەوەكان كەموكوڕییان هەیە هەر لەڕێگەوبان، هێڵی تەلەفۆن و ئینتەرنێت ئیش ناكات و هەندێكیان كارەباشیان نییە، یان نەبوونی ئوتێل لەهەندێك شوێن، یان بنكەی تەندروستی نییە".

شیروان، نەبوونی راگەیاندنی نیشتمانی بەكێشەیەكی دیكە دەزانێت و وتی: "تائێستا لەڕووی میدیاییەوە نەتوانراوە كوردستان لەعێراق جیابكرێتەوە و وەكو ناوچەیەكی ئارام نیشان بدرێت كە ئەوە كێشەیەكی گەورەیە، چونكە گەشتیار ئەمنییەتی بەلاوە گرنگە، جگە لەوەش هەموو میدیاكان بەزمانی كوردین و نەیانتوانیوە بەزمانەكانی دیكە پەیام بگەیەنن".

ئەو شارەزایەی گەشتوگوزار روونیكردەوە: راكێشانی گەشتیار لەڕێگەی كلتور و دابونەریت بەشێكە لە ئەتەكێت، راستە كورد میوان دۆستە، بەڵام بۆ نموونە لە فڕۆكەخانەكان پێویستە كارمەندان رێنماییەكانی گەشتوگوزار وەربگرن و بەشێوازێكی جوان مامەڵە لەگەڵ گەشتیار بكەن.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە