پێشبینی دەکرێت جەژنی قوربانی ئەمساڵ زۆرترین گەشتیار بێنە کوردستان

هەواڵ / ئابوری :: 06/08/2019‌ :: 209‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی سەنگین خۆشناو

بۆ جەژنی قوربانی ئەمساڵ، حکومەتی هەرێمی کوردستان جیاوازتر لە جەژنەکانی ساڵانی رابوردوو ئامادەکارییان کردووە، بەجۆرێک سێ وەزارەت و دەستەیەک راسپێردراون بۆ پێشوازیی لە گەشتیاران.


دەستەی گەشتوگوزاریش پلانی پێشوه‌خته‌یان داناوە بۆ پێشوازیی لە ژمارەیەکی زیاتر لە گەشتیاران بەراورد بە جەژنەکانی رابوردوو.

لە سێ رۆژی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵدا 250 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانیان کردووە، بۆ جەژنی قوربان-یش وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم دەڵێت: "ژمارەی گەشتیاران زۆر زیاتر دەبێت".

نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "به‌پێى پلانی نوێی حکومەت و بەدواداچوون و هەماهەنگی ئێمە و کۆمپانیا عێڕاقییەکان و کۆمپانیا خۆماڵییەکان، پێشبینی هاتنی ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران دەکەین".

نادر رۆستی پێیوایه‌: "نەمانی کێشە سیاسییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و ئارامیی هەرێمی کوردستان هۆکاری سەرەکیی زیاتربوونی ژمارەی گەشتیارانە. هه‌روه‌ها ناوچەی نوێى گەشتیاریی کراونەتەوە کە سەرنجی زۆری گەشتیارانی راکێشاوە، ئەوە جگە لە نۆژەنکردنەوەی ناوچە گەشتیارییەکان و دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەواو بۆیان، ئامادەکاریی تاواویش کراوە لەگەڵ خاوەن هۆتێل و مۆتێل و رێستۆرانت و چێشتخانەکان هەمووان هه‌مئاهه‌نگن بۆ پێشوازیی لە گشتیاران".

کامەران محەمەد، خاوەنی هۆتێل مای فلای لە هەولێر، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "لە هەفتەی رابوردووەوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق رێککەوتووین بۆ پێشوازیی لە گەشتیاران. بەراورد بە جەژنی رەمەزانى ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران دوو هێندەیە، بەو پێیەی لە جەژنی رەمەزاندا 180 ژوورمان گەشتیاریی تیادابوو، ئەمساڵ تائێستا 265 ژوورم گیراوە و لە دوو رۆژی پێش جەژنیشه‌وه‌ گەشتیارەکان دێنە هەولێر".

دەشڵێت: "نرخی ژوورەکانمان بۆ گروپ هەرزانترە لەو کەسانەی کە خۆیان سەردانمان دەکەن، بۆ نموونە بۆ ئەو گەشتیارانەی بە گروپ دێن مانەوەی هەر کەسێک 12 تا 15 هەزار دینارە بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ کۆمپانیاکان کراوە، بەڵام بۆ ئەو کەسانەی کە خۆیان سەردان دەکەن ژوورێکی دوونەفەریی 50 بۆ 60 هەزار دینارە".

گەشتیاران زۆربەیان بە پاس و لە رێگەی کۆمپانیاکانی گەشتیارییەوە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دەهێنرێنە سەیرانگەکانی هەرێمی کوردستان.

مەحمود سامەڕایی، شۆفێری پاسی كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كانه‌ و گه‌شتیار له‌ ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان ده‌هێنێت، بۆ دواڕۆژ وتى: "ئێمە لەگەڵ خاوەن هۆتێل و دەستەی گەشتوگوزاریش هەماهەنگیی باشمان کردووە بۆ ئەم جەژنە. ساڵی رابوردوو زۆربەی گەشتیاران ترسیان هەبوو لە ناکۆکیی نێوان هەرێم و بەغدا بەڵام ئێستا ئەو کێشانە نەماون بۆیە خەڵکێکی زۆر سەردانمان دەکەن بۆ گەشتکردن بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان.

ئه‌و شۆفێره‌ باسى له‌ خراپیى رێگه‌وبانه‌كان كرد و وتى: "هه‌مووی تاسه‌یه‌ ئەوە کێشەیەکی زۆری بۆ ئێمە دروستکردووە".

دوای تەواوبوونی پرۆسەی خوێندن و لەگەڵ دەستپێکی پشووی هاویندا گەشتیارانی خواروو و ناوەڕاستی عێڕاق روو لە ناوچە گەشتیارییەکانی کوردستان دەکەن، نرخی گەشتی گروپەکانیش له‌ 50 هه‌زار تا 150 هه‌زار دیناره‌ بۆ هه‌ر كه‌سێك.

به‌پێی ئامارەکانی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم، ساڵی رابوردوو 3 ملیۆن و 57 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان کە زۆربەیان گەشتیاری عەرەب بوون. له ‌جەژنی رەمەزانی ئەمساڵیشدا 250 هه‌زار گه‌شتیار روویان له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان كردووه. چاوه‌ڕوان ده‌كرێ تا کۆتایی ئەمساڵ ژماره‌ی گه‌شتیاران بۆ هه‌رێمی كوردستان بگاته‌ 3 ملیۆن و نزیكه‌ی 500 هه‌زار گه‌شتیار.

پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە