هه‌ولێر؛ هه‌ناسه‌كانى مێ و ئومێدێك بۆ ژیان نمایشكران
هەواڵ / که‌لتور :: 05/08/2019 :: 213 جار بینراوە
دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
هه‌ناسه‌كانى مێ و ئومێدێك بۆ ژیان، ناونیشانى دوو پێشانگای هونه‌رین كه (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 5ى ئابى 2019) له هه‌ولێر نمایشكران.
له‌باره‌ى پێشانگاكه‌ى، هونەرمەندی فۆتۆگرافەر فریاد رەسوڵ بهدواڕۆژى راگه‌یاند: لە پێنجەمین ساڵیادی کارەساتی شنگال و بۆئه‌وه‌ى ئه‌و كاره‌ساته به زیندوویى له بیر‌و هزرى هاووڵاتیانى هه‌رێم بمێنێته‌وه پێشانگایه‌كى فۆتۆگرافی_مان بەناوی (ئومێدێک بۆ ژیان) كرده‌وه.
وتیشى: "لەو پێشانگایەدا، کۆمەڵێک فۆتۆی ژن و منداڵان نمایشکران، کە چیرۆکی پڕ نەهامەتی ئاوارەبوون و ژیانی بن خێوەت و مەرگەساتی دوور لە ئازیزان دەگێڕنەوەو پێشانگاكه بۆ ماوه‌ى دوو رۆژ به‌رده‌وامده‌بێت".
هەر ئه‌مڕۆ له هۆلى میدیاى هه‌ولێر، حەوتەمین پێشانگای تایبەتی هونەرمەندى شێوه‌كار بەهار شێروانی به‌ناوی (هەناسەکانی رەگەزی مێ) كرایه‌وه.
به‌هار شێروانی، شێوه‌كار بهدواڕۆژى راگه‌یاند: لەو پێشانگایەدا، چەندین تابلۆی شێوەکاری دەربارەی سروشتى كێشه‌كانى ئافرەتان لە کۆمەڵگەی کوردەواری خراوه‌ته‌ڕوو، هه‌روه‌ها به‌شێكیش له تابلۆكان بۆ جوانییه‌كانى مێ ته‌رخانكراوه كه ده‌مانه‌وێت بڵێین له‌پاڵ كێشه‌كانیان ده‌بێت ژنان كار بۆ جوانییه‌كانیان بكه‌ن و ده‌ست وه‌ستان نه‌بن له‌ئاست كێشه‌كانیان.
پ: ن.ر
ب: ک. س