چه‌ند فیلمێكى سینه‌مایى له‌ هه‌ولێر به‌رهه‌مده‌هێنرێت

هەواڵ / که‌لتور :: 05/08/2019‌ :: 118‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى سینه‌ماى هه‌ولێر شه‌ش فیلمى سینه‌مایى به‌رهه‌مدەهێنێت و پڕۆژه‌یه‌كیش بۆ به‌رهه‌مهێنانى كورته‌ فیلم راده‌گه‌یه‌نێت و ده‌شڵێت: "بۆ به‌رهه‌مهێنانى 12 فیلمى سینه‌مایى چاوه‌ڕوانى وه‌زاره‌تى دارایى ده‌كه‌ن".


بڕیاره‌ له‌ كۆتایى ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى سینه‌ماى هه‌ولێر "گه‌وره‌ترین" پڕۆژه‌ى هونه‌رى بۆ به‌رهه‌مهێنانى كورته‌ فیلمى سینه‌مایى جێبه‌جێبكات.

شاخه‌وان مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌رى سینه‌ماى هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ به‌رهه‌مى سینه‌مایى له‌ هه‌ولێر كه‌مبووه‌، بۆیه‌ به‌ جێبه‌جێكردنى جارێكى دیكه‌ گڕوتین به‌ هونه‌رمه‌ندانى بواره‌كه‌ ده‌ده‌ینه‌وه‌.

وتیشى: "لێژنه‌یه‌ك هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ سیناریۆكان ده‌كات و پاره‌ى بۆ ئه‌و سیناریۆیانه‌ خه‌رجده‌كرێت كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌ قبوڵ ده‌كرێن".

له‌باره‌ى به‌رهه‌مه‌كانى دیكه‌ى سینه‌ماى هه‌ولێر، شاخه‌وان مسته‌فا وتى: "وێنه‌گرتنى شه‌ش فیلم ته‌واوكراوه‌، هه‌روه‌ها كاره‌كانى به‌رهه‌مهێنانى 12 فیلمى سینه‌مایى ته‌واوبووه‌، به‌ڵام چاوه‌ڕوانى وه‌زاره‌تى دارایى ده‌كه‌ین بۆ دابینكردنى خه‌رجییه‌كانى فیلمه‌كان".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: له‌ ئه‌یلوولى ئه‌مساڵ گه‌وره‌ترین فێستیڤاڵ بۆ بوارى فیلم و سینه‌ما له‌ هه‌ولێر سازده‌كرێت.

ئاگادارى بۆ سەرجەم سینەماکار و فیلمسازان:

بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی بەرفراوان بۆ بەرهەمهێنانی کورتە فیلم بۆ ساڵی ۲۰۱۹ - ۲۰۲۰، بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر داوا لە سەرجەم سینەماکار و فیلمسازانی سنووری پارێزگای هەولێر بە سەرجەم شار و شارۆچکەکانییەوە دەکات، کە سیناریۆکانیان بۆ دروستکردنی کورتەفیلم بنێرنە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان،  بەم مەرجانەی خوارەوە:

- پێویستە دەقی سیناریۆکان بە دوو کۆپی بهێندرێن.
- پێویستە سینەماکار یان فیلمساز، خۆی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر بکات بۆ رادەستکردنی سیناریۆکە و سیڤیەکی تایبەت بەخۆشی پێشکەش بکات.
- تاوه‌كو ۲۰۱۹/۱۰/۱ سیناریۆکان وەردەگیرێن و دوای ئەو بەروارە دیاریکراوە، مافی وەرگرتنی سیناریۆ نامێنێ.
ناونیشان : هەولێر . گەڕەکی موفتی.
بەڕێوەبەرایه‌تی سینەمای هەولێر

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure