خێزانی جێگرەوە.. لانەیەكی دیكەى منداڵانی بێسەرپەرشت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 05/08/2019‌ :: 302‌ جار بینراوە
سه‌ركه‌وتنى قۆناغى یه‌كه‌م راگه‌یه‌نرا

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەركەوتنی قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی خێزانی جێگرەوە لە سلێمانی راگەیەندرا كە دەبێتە لانەیەكی دیكەی ئارام بۆ منداڵانی بێسەرپەرشت، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایه‌تیش پلانی وایە لە شارەكانی دیكەش پڕۆژەكە جێبەجێ بكات.


(ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 5ی ئابی 2019) لە ئوتێل تایتانیك، بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی سەركەوتنی قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی خێزانی جێگرەوەی راگەیاند.

عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی رایگەیاند: خێزانی جێگرەوە نموونەیترین شێوازی وەڵامدانەوەیە بۆ كێشەی ئەو منداڵانەی كە خێزانەكانیان لەدەستدەدەن لەسەر بنەمای باشترین بەرژەوەندی منداڵ لەڕێگەی دۆزینەوە و تۆماركردن، راهێنان و پەسەندكردن و هاوتاكردنی ئەو خێزانانەی كە ویستیان هەیە لە پڕۆژەكەدا بەشداربن تا ئەوكاتەی منداڵەكە لە خێزانەكەدا جێگیردەبێت.

ئەم پڕۆژەیە لەلایەن رێكخراوی یونیسێفەوە بۆ ماوەی سێ ساڵە بە بەردەوامی هاوكاری دارایی دەكرێت و لەلایەن رێكخراوی (ستێپ)ی بەریتانیشەوە كارە هونەرییەكان و راهێنان بۆ ئامادەكاری توێژەرەكان و دانانی سیستەمی خێزانی جێگرەوە بەهێنانی راوێژكار و پسپۆری شارەزا ئەنجام دەدرێن.

رەیچڵ نیوتن، بەڕێوەبەری پڕۆژەكانی ستێپ رایگەیاند: ئەم پڕۆژەیە زۆر نوێیە بۆ كوردستان لەبەرئەوە پێویستی بەكاری پێكەوەییە بۆ سەركەوتنی، ئەم كارانەی لە سلێمانی كراون دەرخەری ئەوەیە كە هەمووان دەتوانن پێكەوە كاربكەن، ئەو سەركەوتنەشی بەدەستهاتووە ئەوەیە ئەو هۆبەی بۆ ئەو خێزانانە دانراوە دەتوانن ئەو خێزانانە تۆماربكەن كە منداڵانی تەمەن سفر بۆ 4 ساڵیان لا دابنێن.

هەرچەندە بیرۆكەی كاركردن بۆ جێگیركردنی خێزانی جێگرەوە بۆ زیاتر لە حەوت ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام لەماوەی كاركردنی كرداریدا لە سێ ساڵی رابردوودا دەست بەدانانی منداڵ بۆ نێو ئەو خێزانانە كراوە.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی، لەماوەی سێ ساڵی رابردوو 39 خێزان بۆ وەرگرتنی خێزانی جێگرەوە تۆماركراون، بەڵام 18 خێزان پەسەندكراون بۆ ئەوەی منداڵ وەربگرن، 11 منداڵیش نێردراونەتە نێو خێزانە جێگرەكان.

وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم چەند مەرجێكی بۆ ئەو خێزانانە دیاریكردووە كە دەبنە خێزانی جێگرەوە ئەوانیش (عێراقی و دانیشتووی هەرێم بێت، شایستەیی یاسایی هەبێت، بە خوو و رەوشتی پەسەند و باش ناسراو بێت، نەخۆشی گوازراوەی نەبێت، توانای لەخۆگرتن و بەخێوكردنی منداڵ و دابینكردنی خزمەتگوزاری چاودێری جێگرەوەی هەبێت و نیازپاك بێت، ژن و پیاو تەمەنیان لە 25 ساڵ زیاتر بێت).

هەروەها چەند مەرجێكیش بۆ منداڵەكان دانراوە (ئەو منداڵ بەدەست گرفتە خێزانییەكانەوە گرفتارە یان چاودێری دایك و باوك یان یەكێكیانی بەهەر هۆكارێك لەدەستداوە یان ناشایستەیی دایك یان باوك یان هەردووكیان یان (وصی و متولی)یەكەی یان بەهەر هۆكارێكی تری پێویست، پێویستە تەمەنی لە 18 ساڵ كەمتر بێت، لە یەكێك لەماڵەكانی تایبەت بەچاودێری نەوجەوانان بمێنێتەوە بۆ ماوەیەك كە بەڕێوەبەرێتی دیاری دەكات).

كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە دواڕۆژی راگەیاند: لەدنیای پێشكەوتوو زۆربەی منداڵان لە خێزانی جێگرەوە پەروەردە دەكرێن، منداڵ چەندێك لەو ماڵەی وەك خانە تێیدا داڵدەدراوە پێداویستی بۆ دابینكرابێت ناگاتە سۆزی خێزانێك، لەبەرئەوە بۆ دروستكردنی تاكی تەندروست باشترە منداڵ ببرێنە نێو خێزانەكان، لە داهاتووشدا كاردەكەن بۆ گواستنەوەی ئەم پڕۆژەیە بۆ شاری هەولێر و دهۆك و شارۆچكە گەورەكان.
   
چه‌ند ساڵێكه‌ لەسلێمانی خانەی كوڕان و كچان هەیە كە منداڵانی بێسەرپەرشت لەخۆدەگرن، ئەم پڕۆژەیەش ئەو منداڵانە دەگرێتەوە.

محەمەد عەلی، بەرپرسی هۆبەی خێزانی جێگرەوە بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەگەر جیاوازی نێوان ژیانی منداڵی ئێستای خێزا جێگرەوەكان و هەمان ئەو منداڵانە لەژیانی پێشتریان لەخانە بكرێت ئاسمان و رێسمانە، چونكە پڕۆژەكە لایەنی مرۆڤایەتییە و رۆڵ بینینی خێزانە بۆ منداڵێكی بێناز لە بێكەسی و بێ خۆشەویستی.

روونیشیكردەوە: لەم پڕۆژەیەدا منداڵ بەو خێزانانە نادرێت كە ئامانجیان ئەوەیە منداڵ بكەن بەناوی خۆیانەوە، چونكە ئەم منداڵانە دەدرێنە ئەو خێزانانە كە كەسوكاریان دیارە، هەندێك خێزان هەیە قبوڵی نەكردووە منداڵەكەی بدرێتە خێزانی جێگرەوە، چونكە وایانزانیوە منداڵەكەیان لێدەسەنرێت و ئیتر پێیان نادرێتەوە.

محەمەد وتی :"بەپێچەوانەوە ئەو منداڵەی لای خێزانی جێگرەوە دەبن زۆر ئاساییە خێزانی خۆی ببینێت، بەڵام نابێت خێزانی جێگرەوە و خێزانی بایۆلۆجی منداڵەكە یەكدی ببینن ئەوەش لەبەر لایەنی ئەمنی و كۆمەڵایەتی، ئەگەر خێزانی بایۆلۆجیش دۆخی ژیانیان باشتر بۆوە، ئێمە ئەو منداڵە لەخێزانە جێگرەوەكە دەسەنینەوە و دەیدەینەوە خێزانی خۆی".

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure