یه‌كگرتوو وه‌رگرتنى پۆستێكى باڵا له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ره‌تده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 04/08/2019‌ :: 503‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


وته‌بێژى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان ره‌تیده‌كاته‌وه‌، یه‌كگرتوو هیچ پۆستێك له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم وه‌ربگرێت و ده‌ڵێت: "هیچ پۆستێك له‌ بڕیارى ئۆپۆزسیۆن بوون په‌شیمانمان ناكاته‌وه‌".


(ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 4ى ئاب)، له‌ چه‌ند ده‌زگایه‌كى میدیایى ناوخۆیى هه‌رێم هه‌واڵى وه‌رگرتنى پۆستێكى باڵا له‌لایه‌ن یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستانیان بڵاوكرده‌وه‌ و باسیان لەوە کرد کە له‌به‌رامبه‌ر ئەو پۆستەدا یه‌كگرتوو بڕیارى په‌شیمانبوونه‌وه‌ی له‌ ئۆپۆزسیۆن بوون داوە.

له‌باره‌ى وه‌رگرتنى پۆسته‌كه‌، خه‌لیل ئیبراهیم، وته‌بێژى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌پاش هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ یه‌كه‌م هێزی سیاسی بوو بڕیاری ئۆپۆزسیۆنبوونیدا، پیشه‌ییانه‌ په‌یڕه‌وى ئه‌و ئه‌ركه‌ ده‌كات،  ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی به‌شداریكردن بوایه‌ له‌ حكومه‌تدا ئه‌وا ده‌كه‌وته‌ گفتوگۆی راسته‌وخۆ و به‌بێ هیچ دوودڵییه‌ك به‌شداری ده‌كرد، به‌ڵكو یه‌كگرتوو هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئۆپۆزسیۆن بوونی هه‌ڵبژارد".

وته‌بێژی یه‌كگرتووى ئیسلامى، وتیشى: "ئه‌و هه‌واڵه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی نیه‌، دووره‌ له‌ راستییەوە، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌رگرتنى هه‌موو پۆستێك ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ و له‌ بڕیارى خۆمان په‌شیمان نابینه‌وه‌".

پ: ئا.ح

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure