به‌غدا داواى گەڕانەوەی چەندین ملیار دینار له‌ هه‌رێم ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 04/08/2019‌ :: 1644‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


بۆ ئه‌نجامدانى سه‌رژمێرى گشتى له‌ هه‌رێم و عێراق بڕیاره‌ حكومه‌تى عێراق شه‌ش ملیار دینار بۆ هه‌رێم بنێرێت، به‌ڵام پێش ناردنى ئه‌و پاره‌یه‌ داواى گه‌ڕانه‌وه‌ى چه‌ندین ملیار دینار له‌ هه‌رێم ده‌كات.

به‌پێى بڕیارێکی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق، له‌ ساڵى 2020دا سه‌رژمێرى گشتى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامده‌درێت كه‌ بڕى 50 ملیار دینارى بۆ ته‌رخانكراوه‌، له‌و پاره‌یه‌ش بڕى شه‌ش ملیار دینارى به‌ هه‌رێم ده‌درێت.

سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی ئاماری هه‌رێم (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 4ى ئاب)، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "له‌ ئایارى ئه‌مساڵدا كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان لیژنه‌ى باڵاى هه‌رێم و به‌غدا بۆ ئه‌نجامدانى میكانیزمى سه‌رژمێرى ئه‌نجامده‌درێت، حكومه‌تى عێراق بڕى شه‌ش ملیار دینار بۆ كاره‌كانى سه‌رژمێرییه‌كه‌ بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ نه‌نێرێت كه‌واته‌ سه‌رژمێرییه‌كه‌ ناكرێت".

له‌باره‌ى تۆماركردنى ناوى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران كه‌ له‌ هه‌رێم نیشته‌جێن، سیروان محه‌مه‌د وتیشى: "له‌ سه‌رژمێرییه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ئه‌و په‌نابه‌ر و ئاوارانه‌ به‌شێوه‌یه‌كى كاتى هاتوونه‌تە هه‌رێم. هه‌روه‌ها، سه‌رژمێرییه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى ئه‌لیكترۆنى له‌ عێراق و هه‌رێم به‌ڕێوه‌ده‌چێت".

له‌باره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى بڕى 17 ملیار كه‌ پێشتر به‌غدا بۆ كاره‌كانى سه‌رژمێرى ناردبووى بۆ هه‌رێم، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی ئاماری هه‌رێم ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "ساڵانى رابوردوو كاتێك بڕیاربوو سه‌رژمێرى بكرێت، به‌غدا 17 ملیار دینارى بۆ هه‌رێم نارد و ئێستا داواى ده‌كاته‌وه‌، به‌ وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێمى راگه‌یاندووه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ چه‌ندى ماوه‌ پێویستە بۆى بگه‌ڕێندرێته‌وه‌، به‌ڵام وه‌زاره‌تى دارایى له‌ وه‌ڵامدا وتویه‌تى ئه‌و پاره‌یه‌ وه‌كو خه‌رجى حاكمییه‌ (بودجەی سیادیی) بۆ هه‌رێم نێردراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ كێشه‌كه‌ هێشتا یه‌كلایى نه‌كراوه‌ته‌وه‌".

له‌ساڵى 2010دا هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان ته‌واوكرابوون بۆ ئه‌نجامدانى سه‌رژمێرى گشتى له‌ عێراق و هه‌رێم، به‌ڵام دواتر بڕیارى دواخستنى درا.

پ: ئا.ح

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure