"16 ملیار دۆلار كێشه‌ی نیشته‌جێبوونی چاره‌سه‌ر نه‌كرد"

هەواڵ / ئابوری :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 380‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی عیسا عه‌بدولقه‌هار


له‌ماوه‌ی 13 ساڵی رابوردوودا، 16 ملیار دۆلار له‌ بواری نیشته‌جێبوون خه‌رجكراوه‌، به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ كێشه‌ی نیشته‌جێبوون له‌ هه‌رێم چاره‌سه‌ربكات، به‌رپرسێكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان ده‌ڵێت: "تاوه‌كو یاسای وه‌به‌رهێنان هه‌موارنه‌كرێته‌وه‌، كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌رناكرێت".


به‌پێی ئامارێكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێم له‌ماوه‌ی 13 ساڵی رابوردوودا (1ی ئابی 2006 تاوه‌كو 1ی ئابی 2019) به‌ به‌های 16 ملیار و 802 ملیۆن و 57 هه‌زار دۆلار وه‌به‌رهێنان له‌ بواری نیشته‌جێبوون كراوه‌ و مۆڵه‌ت به‌ 175 پڕۆژه‌ له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم دراوه‌، كه‌ 60 پرۆژه‌یان له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و 65 پرۆژه‌ی دیكه‌یان له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر و 30 پرۆژه‌ له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنانی سلێمانی و 20یان له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنانی دهۆك مۆڵه‌تیان پێدراوه‌.

ئه‌حمه‌د عه‌بدولكەریم، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی یه‌كێتی به‌ڵێنده‌رانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پاره‌یه‌كی زۆر له‌ بواری نیشته‌جێبوون خه‌رجكراوه‌، به‌ڵام ئه‌و پاره‌یه‌ سوودی بۆ كرێنشینان نه‌بووه‌، به‌ڵكو كه‌سانێكی ده‌ستڕۆیشتوو مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه‌ و به‌ ئاره‌زووی خۆیان مامه‌ڵه‌یان به‌ یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوونەوە كردووه‌، بۆیه‌ ده‌توانین بڵێن: "نیوه‌ی زیاتری ئه‌و پاره‌یه‌ به‌ هه‌ده‌ر دراوه‌'.

به‌پێی ئاماری كۆمه‌ڵه‌ی كرێنشینانی كوردستان، له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ 80 هه‌زار كرێنشین هه‌ن كه‌ بارودۆخی به‌شێكیان زۆر خراپه‌ و ناتوانن مانگانه‌ كرێی خانوو یاخود شوقه‌كانیان بده‌ن.

سه‌روان عه‌زیز، پسپۆڕی ئابووری و مامۆستای زانكۆ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: حكومه‌تی هه‌رێم له‌ماوه‌ی 27 ساڵی رابوردوودا نه‌یتوانیوه‌ كێشه‌ی نێشته‌جێبوون چاره‌سه‌ر بكات، به‌ ده‌لیلی ئه‌وه‌ی هه‌ر جارێك یه‌كه‌یه‌كی نیشته‌جێبوون ته‌واوكراوه‌ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی یه‌كه‌كانیان كڕیوه‌ پاره‌دار و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بوون.

وتیشی: "هیچ یه‌كه‌یه‌ك دروستنه‌كراوه‌ كه‌ پێشه‌کییه‌كی زۆر و قیستێكی درێژخایه‌نی نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌هه‌مووی سه‌یرتره‌ نیوه‌ی زیاتری پرۆژه‌كان به‌ناوی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نێشته‌جێبوون و یارمه‌تدانی هه‌ژاران مۆڵه‌تیان پێدراوه‌، به‌ڵام هیچ له‌ بارودۆخی هه‌ژاران نه‌گۆڕاوه‌ به‌ڵكو ده‌وڵه‌مەنده‌كانی ده‌وڵه‌مه‌ندتر كردووه‌".

به‌پێی ئاماره‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی كرێنشینانی كوردستان، له‌ ساڵانی قه‌یرانی داراییدا به‌شێك له‌ كرێنشینان نه‌یانتوانیوه‌ كرێی مانگانه‌ بده‌ن، به‌و هۆیه‌وه‌ تووشی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بوون و به‌شێكیش له‌خێزانه‌كانیان جیابوونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها نۆ كرێنشینی كوردی هه‌ولێر و سێ كرێنشینی كوردی سلێمانی گورچیله‌ی خۆیان فرۆشتووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وانه‌ی كه‌ به‌نهێنی و له‌ بازاڕی ره‌شدا گورچیله‌یان به‌ كه‌سانی بازرگان فرۆشتووه‌.

له‌ماوه‌ی 13 ساڵی رابوردوودا، بە بەهای 51 ملیار و 560 ملیۆن دۆلار مۆڵه‌ت به‌ 873 پرۆژەی وەبەرهێنان دراوه‌ كه‌ لەسەر رووبەری 64 هه‌زار و 979 دۆنم دووجا زه‌وی بۆ پڕۆژه‌كان ته‌رخانكراوه‌.

محه‌مه‌د سه‌عد، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ هیچ بوارێكدا كێشه‌كانی هاووڵاتیانی چاره‌سه‌ر نه‌كردووه‌، به‌ڵكو چاوپۆشی له‌و كه‌سانه‌ش كردووه‌ كه‌ پرۆژه‌كانیان ته‌واو نه‌كردووه‌ یاخود پاره‌ی هاووڵاتیانیان بردووه‌ و سزا نه‌دراون.

جگه‌ له‌ په‌رله‌مانتاران و پسپۆڕان، به‌رپرسانی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانیش نكوڵی له‌وه‌ ناكه‌ن كه‌ به‌هۆی یاسای وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ كێشه‌كانی هاووڵاتیانی هه‌رێم له‌ بواری نیشته‌جێكردن چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ڵێت: "له‌م خووله‌ی په‌رله‌مان و له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر نزیكدا، یاسای وه‌به‌رهێنان هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌ و ده‌بێت له‌ڕێگه‌ی یاساوه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نیشته‌جێبوون بكرێت".

موخڵیس سه‌لیم، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كارگێڕی و دارایی له‌ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ماوه‌ی 13 ساڵی رابوردوودا مۆڵه‌ت به‌ 873 پرۆژه‌ له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا دراوه‌، به‌ڵام به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوون به‌ مه‌رجه‌كانی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ 119 پرۆژه‌ هه‌ڵوه‌شێندراونه‌ته‌وه‌.

وتیشی: "سزای ئه‌و سه‌رمایه‌دار و خاوه‌ن پرۆژه‌یە دراوه‌ كه‌ به‌پێی مه‌رج و رێنماییه‌كانی وه‌به‌رهێنان كاریان نه‌كردووه‌، بۆیه‌ به‌شێكیان پرۆژه‌یان لێسەندراوەتەوە و به‌شێكی دیكه‌شیان سزای دارایی زۆر قورس دراون".

 

پ: ک. س

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure