شوناس شیرکۆ: زۆرینەی جڤاتی نیشتمانی لەگەڵ ئەوەدان عومەری سەید عەلی ببێتەوە بە رێكخەر

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 733‌ جار بینراوە
شوناس شێركۆ

دواڕۆژ، سامان قوبادی


"زۆربەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لەگەڵ ئەوەدان عومەری سەید عەلی بكرێتەوە بە رێكخەری گشتی" ئەمە وتەی شوناس شێركۆ جدی ئەندامی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان-ە كە لە چاوپێكەوتنێكی دواڕۆژدا دەڵێت: "كابینەی نوێ لەئاستی چاوەڕوانییەكانی ئێمەدایە و ناشمانەوێت لەگەڵ یەكێتی كێشە دروست بكەین، داوا دەكەین رێككەوتنەكەمان لەبارەی حكومەتی خۆجێیی وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت".


دواڕۆژ: ئایا كابینەكەی مەسرور بارزانی لە رووی ئیداری و دارایی و سیاسییەوە پێتانوایە ئەوە دەبێت كە گۆڕان چاوەڕێی دەكات؟
شوناس شێركۆ:
كۆمەڵێك بەرنامەی چاكسازیمان هەبووە لە سەرجەم سێكتەرەكاندا، هەر لە هێزەكانی پێشمەرگەوە بۆ چاكسازیی ئیداری، سەرەتا سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستانەوە هەڵبژێردرا ئەمەش یەكەم داوای ئێمە بووە لە رابوردوودا، بەشێكی زۆر لە داواكارییەكانی ئێمە لە كابینەی نوێدا جێگەی بووەتەوە، لەو رێككەوتنە سیاسییەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كردوومانە بە ئاشكرا ئەجێندای بزووتنەوەی گۆڕان دیارە كە بە چ ئاڕاستەیەكدا رۆیشتووە، بۆیە تا ئاستێكی زۆر باش ئەو بەرنامە سیاسییەی گۆڕان ویستویەتی لە بەرنامەی كابینەكەدا جێگەی كراوەتەوە، بەرنامەكەش لەسەرەتای جێبەجێكردندایە، هیوادارین لە چوار ساڵی داهاتوودا ئەوەی كە لە بەرنامەكەدا هاتووە وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت.

دواڕۆژ: سەقفی زەمەنی گۆڕان بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی چاكسازیی لەناو حكومەتدا چەندە؟ ئایا كاتێكی دیاریكراو بۆ وەزیرەكانتان دانراوە كە ئەگەر لە ئاستی پێویستدا نەبن بگۆڕدرێن؟
شوناس شێركۆ:
بۆ پڕكردنەوەی هەندێك پۆست كاتێكی دیاریكراو دانراوە، بۆ كۆی بەرنامەی كابینەكە كاتێكی دیاریكراو دانەنراوە، لە چوار ساڵی داهاتوودا كۆمەڵێك پرسی گرنگ دەستی بۆ دەبرێت لەوانە نووسینەوەی دەستور، داواشمان كردووە بە پێی بەركەوتەی هەڵبژاردن بەشداریی لە سەرجەم دامەزراوەكانی حكومەتدا بكەین، هاوكات دەسەڵات دراوە بە رێكخەری گشتی بۆ دانانی بەرپرسەكان لە حكومەت، بەڵام بڕوای تەواوەتیمان بە وەزیرەكانمان هەیە، بۆیە كاتێكی دیاریكراومان بۆ دانەناون تا بیانگۆڕین.

دواڕۆژ: لەبەردەوامبوونی دۆخی خراپی دارایی و سیاسی حكومەت بەمشێوەیەی ئێستا، ئایا دەچنە ژێر باری بەرپرسیارێتی یان لەنیوەی رێگە دەكشێنەوە؟
شوناس شێركۆ:
حكومەت قەرزارە و لە شەڕی داعش تەواو بووە، جگە لەوەی رێككەوتنەكە لەگەڵ بەغدا وەكو خۆی جێبەجێ نەكراوە، بۆ ئێمە ئاسانتر بوو ببین بە ئۆپۆزیسیۆن و نەچینە ناو حكومەت، بەڵام بەرنامەیەكی سیاسیمان هەیە دەمانەوێت چاكسازیی بكەین، بۆیە پێویست بوو بچینە كابینەكەوە. ئێمە بە قەبارەی خۆمان بەشداربووین و بەرپرسیارێتیمان بەركەوتووە تاكۆتایی كابینەكە بەردەوام دەبین، بۆیە لەچوارچێوەی بەرنامەی حكومەت هەڵسوكەوت دەكەین، هەر كاتێك رەخنەمان لەوە هەبێت كە وەك خۆی جێبەجێ ناكرێت، ئاڕاستەی پارتی دەكەین.

 

دواڕۆژ: ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی ناو گۆڕان و رێكخەری گشتی بە چی گەیشت؟
شوناس شێركۆ:
لە 14ی ئەیلولی ئەمساڵدا هەڵبژاردن دەكرێت بۆ خانەی راپەڕاندن، بەڵام پێویستمان بە كۆنگرە نییە بۆ ئەوەی رێكخەری گشتی نوێ و خانەی راپەڕاندن هەڵبژێرین، بەڵكو جڤاتی نیشتمانی ئەمە دەكات. تائێستا هەوڵەكان بەو ئاراستەیەدان تا پێش كۆتایی ئەمساڵ كۆنفرانسی نیشتیمانی ئەنجام بدەین، بەڵام سەركردایەتی گۆڕان لە پێش ئەم كۆنفرانسە هەڵدەبژێردرێت، بەڵكو تەنیا كار لەسەر بەرنامەی سیاسی و دەستوری بزووتنەوەی گۆڕان دەكرێت، بۆیە پێش كۆتایی ئەمساڵ زۆربەی كارەكان بە كۆتا دێن.

دواڕۆژ:  ئایا عومەری سەید عەلی دووبارە خۆی هەڵدەبژێرێتەوە بۆ رێكخەری گشتی؟ باس لە  نما و چیا و یوسف محەمەد دەكرێت بۆ رێكخەری گشتی، راستە؟
شوناس شێركۆ:
بەپێی دەستوری ناوخۆی گۆڕان رێکخەری گشتی و هەر ئەندامێکی دیکە دەتوانێت خۆی کاندید بکات بۆ پۆستی رێکخەری گشتی، بۆ ئەم قۆناغە و داهاتوویش بزووتنەوەكە پێویستی بە عومەری سەید عەلی هەیە، ئەمەش رای  زۆربەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانییە، ناشتوانم بڵێم كاك عومەر ركابەری نییە یان خۆی بڕیاریداوە ببێتەوە بە رێكخەر یان نا، جگەلەوە د. یوسف سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانە لە بەغدا، بڕواناكەم بیەوێت خۆی كاندید بكات، هەروەها كوڕەكانی كاك نەوشیروانیش پێموانییە خۆیان هەڵبژێرن.

دواڕۆژ: لە دوو ساڵی رابوردوودا خانەی راپەڕاندن چی راپەڕاند؟
شوناس شێركۆ:
رۆڵی مەكتەبی سیاسی نابینێت وەكو حیزبەكانی تر، بەشێك لەو رەخنانەی لە خانەی راپەڕاندن دەگیرێت دەچێتە چوارچێوەی تەخوین و تەشهیرەوە، بەهۆی ئەوەی  ئەم خانەیە بەشێكی جێبەجێكردنە، ئەو بڕیارانەی جڤانی نیشتمانی دەریكردوون لە رابوردوودا خانەی راپەڕاندن جێبەجێی كردوون، بەتایبەت كشانەوەمان لە رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی، هەروەها ریفراندۆم و بەشداریی لە حكومەت.

دواڕۆژ: لە وەسێتەكەیدا نەوشیروان مستەفا داوای كردووە شۆڕشگێڕە كۆنەكان و گەنجان و ژنان لە خانەی راپەڕاندن بەشدار بن، بەڵام رەخنەیەكی زۆر لە ئەندامەكانی ئێستا دەیگرێت، ئەگەر دووبارە هەڵبژێردرێنەوە پێتوایە كاریگەریی خراپی لەسەر ئاییندەی گۆڕان نابێت؟
شوناس شێركۆ
: لە دوو ساڵی رابوردوودا دوای كۆچی دوایی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بەرچاوڕوونی زۆرمان نەبوو، گۆڕان بەباشی خۆی ئامادە نەكردبوو، هاوكات هێرشێكی زۆرمان لەسەر بوو لەلایەن نەیارەكانمانەوە، لەم روەوە لەو قۆناغەدا نەمانتوانی لە ئاستی داوای خەڵكدا بین، بۆیە جڤاتی نیشتمانی دەنگیداوە بە ئەندامانی خانەكە، لەمساڵدا كە هەڵبژاردنی بۆ دەكرێت دەموچاوی نوێ و گەنجان دەچنە خانەی راپەڕاندنەوە، بەڵام دوواجار جڤات ئەندامەكانی دیاریی دەكات.

دواڕۆژ: بەردەوام سەركردە دیارەكانی گۆڕان، كە خاوەنی پێگەی جەماوەریین، واز لە بزووتنەوەكە دەهێنن، كەواتە ناوخۆتان بەدەر نییە لە كێشە و ململانێ؟
شوناس شێركۆ:
لە هەندێك قۆناغدا كۆمەڵێك كەس چاویان لە پۆستەكانی ناو حكومەتە، كاتێك پێیان نادرێت دەكەونە تەشهیر و قسەكردن بەرامبەر گۆڕان، ئەمەیش ئاساییە، گۆڕان دەرگای بۆ هەموو ئەو كەسانە كراوەیە، تەنانەت سیاجمان بەدەوری گردەكەدا نەكردووە و كراوەیە بۆ هەموو دۆستەكانمان، بەڵام كادیران و دەنگدەرانی گۆڕان ناڕازیین لە وەرگرتنەوەی هەندێك لەو برادەرانەی لە هەڵبژاردنی پێشوودا بایكۆتی دەنگدانیان كرد و كەوتبوونە دەرزی ئاژنینی بزووتنەوەكە، بۆیە بۆ هەڵسوڕاوانی گۆڕان قبوڵناكرێت، بەشێك لەو كەسانەش خۆیان دەستیان لەكار كێشاوتەوە یان سیاسەتی گۆڕانیان بە دڵ نییە، بەڵام جڤانی نیشتمانی لیژنە دیاری دەكات لەو رێگەیەوە دەتوانرێت بەشێك لەو كەسانە بانگهێشت بكرێنەوە.

دواڕۆژ: ئێستا متمانەتان بە پارتی زیاترە یان بە یەكێتی؟
شوناس شێركۆ:
رێككەوتنی سیاسی دەكەین و پێوەی پابەند دەبین، پێشتر چوار رێككەوتنمان لەگەڵ یەكێتیدا كردووە، بەڵام ئەوان وەكو خۆی جێبەجێیان نەكرد، بۆیە متمانەمان بە یەكێتی كەمتر بووەتەوە.

دواڕۆژ:  یەكێتی پارێزگار بە مافی خۆی دەزانێت، گۆڕان رادەستی دەكات؟
شوناس شێركۆ
: داوامان لە یەكێتی كردووە رێككەوتنەكەمان لەسەر حكومەتی خۆجێیی وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت، تائێستایش بە رەسمی یەكێتی ئەو بابەتەی لەگەڵ باس نەكردووین، ئێمە پابەندی ئەو رێككەوتننامەیەین.

دواڕۆژ: دەتانەوێت چوار ساڵی ئارامی بێت و ئابوری و دارایی هەرێم ببووژێتەوە، بەڵام ئەمە چۆن دەكرێت لەكاتێكدا لە سلێمانی كێشەكانتان لەگەڵ یەكێتی قووڵتر دەبێتەوە، بەتایبەت لەسەر پۆستەكان؟
شوناس شێركۆ
: نامانەوێت كێشە لەگەڵ یەكێتی دروست بكەین، پێویستمان بە تەبایی هەیە، ئەگەر یەكێتی داوای پارێزگار دەكات، پێویستە دەقی رێككەوتنەكە وەكو خۆی جێبەجێ بكات، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ هیچ باڵێكی یەكێتی نییە بۆ باشكردنی پەیوەندیمان.

 

دواڕۆژ: پۆستی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی دروست دەكرێت كە پێدەچێت كەسی یەكەمی حیزبەكان ئەندامی بن، گۆڕان قبووڵیەتی لەكاتێكدا سەرۆكی ئەم ئەنجومەنە دەسەڵاتی لە پەرلەمان و حكومەت زیاترە؟
شوناس شێركۆ
: بە رەسمی لەلایەن پارتی-یەوە لەسەر ئەمە گفتوگۆیان لەگەڵ نەكردووین، ئەوەی وتراوە لە میدیاوە بیستوومانە، ئەگەر پێشنیارێكی لەم شێوەیە هەبێت دەبێت لیژنەی گفتوگۆ بڕیاری لەسەر بدات.

پ: ل. م

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure