ڤیدیۆ: رفێنەرانی هاووڵاتییەک لە سلێمانی دەستگیرکران

هەواڵ / کوردستان :: 04/08/2019‌ :: 480‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

پۆلیسی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت: پاش رفاندنى هاووڵاتییه‌ك له‌لایه‌ن دوو تۆمه‌تباره‌وه‌، هێزه‌كانیان توانیویانه‌ تۆمه‌تباران ده‌ستگیربكه‌ن و رفێندراوه‌كه‌ش ئازادكراوه‌.


بەشی راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ (ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی ئابی 2019) بڵاویکردەوە: كاتژمێر 1:30 خوله‌كی‌ شه‌وی‌ رابوردوو هاووڵاتییه‌ك په‌یوه‌ندی‌ به‌مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ فریاكه‌وتنه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئوتومبیلێك له‌جۆری‌ (شۆفرلێت - تاهو - ره‌نگ ره‌ش) ته‌قه‌ی‌ له‌ ئوتومبیلێك كردووه‌ له‌ جۆری‌ (تویتا - كامری - رەنگ سپی‌)و دواتر شۆفێره‌كه‌ی‌ رفاندووه‌.

رونیشیكرده‌وه‌: مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ فریاكه‌وتن ئوتومبیله‌ تاهۆکه‌یان دۆزییه‌وه‌، له‌شه‌قامی‌ 60 مه‌تری‌ به‌ره‌و شه‌قامی‌ پاركی‌ ئازادی‌ دوای‌ كه‌وتن‌ و داوای‌ خۆڕادەستكردنیان لێکرد، به‌ڵام شۆفێره‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ خۆی‌ راده‌ست نەکرد و به‌ره‌و چوارڕیانی‌ سه‌رچنار رۆشتووە بە تەقەکردن لە مەفرەزەکەی پۆلیس.

باسی ئەوەشکراوە: دواتر له‌ به‌رده‌م چێشتخانه‌ی‌ شكار بازگه‌یه‌ك بۆ ده‌ستگیركردنی‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ دانرا، به‌ڵام تۆمه‌تبار به‌ ئوتومبیله‌كه‌یه‌وه‌ خۆی‌ کێشا به‌ ئوتومبیلی‌ مه‌فره‌زه‌كه‌ی‌ پۆلیسدا و به‌وهۆیه‌وه‌ چه‌ند كارمه‌ندێكی‌ پۆلیس برینداربون‌ و له‌ئێستادا باری‌ ته‌ندروستیان جێگیره‌، هه‌روه‌ها زیانیش به‌ر ئوتومبیله‌كه‌ی‌ پۆلیسی‌ فریاكه‌وتن كه‌وتوە.

پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت: "هه‌ر له‌وێدا توانرا شۆفێره‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ و ئه‌و كه‌سه‌ی‌ له‌گه‌ڵیدا بو ده‌ستگیربکرێن و كه‌سه‌ رفێنراوه‌كه‌ش ئازادكرا. ده‌ستیشگیرا به‌سه‌ر چه‌كێك له‌جۆری‌ ده‌مانچه‌".

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووه‌: ئه‌و هاووڵاتییه‌ی‌ له‌لایه‌ن تۆمه‌تباره‌كانه‌وه‌ رفێنرابو سكاڵای‌ یاسایی له‌سه‌ر تۆمه‌تباره‌كان تۆماركردوه‌ و تۆمه‌تباره‌كان خه‌ڵكی‌ شاری‌ سلێمانین‌و له‌ئێستادا هه‌ردوو تۆمه‌تبار (ب، ع، ع – م، ع، ج) به‌فه‌رمانی‌ دادوه‌ر راگیراون‌و لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌گه‌ڵیاندا به‌رده‌وامه‌.

ئا: ک. س
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure