سه‌لام عادل.. ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ى له‌سه‌ر نه‌دركاندنى زانیارى هاوڕێكانى زمانیان بڕى

هەواڵ / عێراق :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 1235‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

سه‌لام عادل سكرتێری لیژنه‌ی مه‌ركه‌زی حیزبی شیوعی عێراق له‌ نێوان ساڵانی 1956 تاوه‌كوو كوده‌تای 1963 كه‌ حیزبی به‌عس و ناسیۆنالیسته‌كان حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولكه‌ریم قاسیم-یان رووخاند و ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ده‌ست، هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ سه‌لام عادل ده‌ستگیركرا و دوای ئه‌شكه‌نجه‌دانێكی زۆر زمانیان بڕی و شه‌هیدیان كرد.

سه‌لام عادل ناوی حیزبییه‌كه‌ی بووه‌، به‌ڵكو ناوی ته‌واوی (حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د ره‌زا)یه‌، له‌ ساڵی 1922 له‌ پارێزگای نه‌جه‌ف له‌دایكبووه‌، له‌ ساڵی 1943 خانه‌ی مامۆستایانی ته‌واوكردووه‌و هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا په‌یوه‌ندی كردووه‌ به‌ حیزبی شیوعی عێراقه‌وه‌و خه‌باتی سیاسی ده‌ستپێكردووه‌.

وه‌كوو رێزلێنانێك بۆ ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ ناوداره‌ی نێو خه‌باتی سیاسی عێراق، له‌ گۆڕه‌پانی به‌رامبه‌ر باره‌گای حیزبی شیوعی عێراق له‌ كه‌ڕاده‌ له‌دواى رووخانی رژێمی به‌عس 2003، په‌یكه‌رێكی بۆ دروستكرا.

غالب عه‌توانی كادیری دیاری حیزبی شیوعی عێراق له‌ به‌غدا باسی رۆژانی خه‌بات و تواناكانی سه‌لام عادل ده‌كات و بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "سه‌لام له‌سه‌رده‌می خۆیدا توانی  به‌شێوه‌یه‌كی پته‌و هه‌یكه‌لییه‌تی حیزبی شیوعی بنیات بنێته‌وه‌و خه‌ڵكێكی زۆر له‌ ده‌وری حیزب و بنه‌ماكانی كۆبكاته‌وه‌، چونكه‌ هه‌رخۆی له‌ پێش شۆڕشی ته‌مموزی 1958 به‌ پاسكیله‌كه‌ی شانه‌ نهێنییه‌كانی حیزبی به‌سه‌ر ده‌كرده‌وه‌و كۆبوونه‌وه‌ی پێده‌كردن، هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆكاری ده‌ستگیركردن و له‌سێداره‌دانی له‌ لایه‌ن كوده‌تاچییه‌كانی 1963وه‌".

عه‌توانی باس له‌وه‌ده‌كات دواى ده‌ستگیركردنی سه‌لام عادل له‌ 1963، ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی وه‌حشیانه‌ درا، ته‌نانه‌ت له‌ لایه‌ن میشێل عه‌فله‌قی دامه‌زرێنه‌ری به‌عسی سوری كه‌سێكی شاره‌زای ئه‌شكه‌نجه‌دانی ناردووه‌ بۆ عێراق بۆ ئه‌شكه‌نجه‌دان سكرتێری ئه‌وكاتی حیزبی شیوعی.

ئه‌وه‌شی روونكردووه‌ته‌وه‌: هۆكاری به‌ تووندی ئه‌شكه‌نجه‌دانی سه‌لام عادل ئه‌وه‌بوو كه‌ ره‌تیكرده‌وه‌ دانپێدانان له‌سه‌ر هاوڕێ شیوعییه‌كانی بكات و ناویان بداته‌ به‌عس، بۆیه‌ له‌ كۆتاییدا زمانیان بڕی.

ئه‌و هاوڕێیه‌ی حیزبی شیوعی له‌ به‌غدا له‌ درێژه‌ی گێڕانه‌وه‌كه‌یدا له‌باره‌ى سه‌لام عادل، رونییده‌كاته‌وه‌ له‌كاتی زمان بڕینه‌كه‌یدا "تفی" گردووه‌ته‌ ناو چاوانی ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌ی داوه‌، چونكه‌ وتوویه‌تی "هه‌رگیز ناوی هاوڕێكانم نادركێنم"، بۆیه‌ دواتر بردوویانه‌و به‌ (رۆڵه‌) ئامێری رێككردنه‌وه‌ی قیرتاوكردن شێلاویانه‌و شه‌هیدیان كردووه‌.

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure