له‌ كوردستان 700 په‌رله‌مانتار و وه‌زیری خانه‌نشین هه‌یه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 2251‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

دواى خانه‌نشینكردنى 23 وه‌زیرى كابینه‌ى رابردووى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان،  لیستى خانه‌شینى وه‌زیره‌كانى كابینه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌رزبووه‌وه‌ بۆ 186 وه‌زیرو ژماره‌ى په‌رله‌مانتاره‌ خانه‌نشینكراوه‌كانیش گه‌یشته‌ زیاتر له‌ 500 كه‌س.


هه‌فته‌ى رابوردوو له‌ كۆى 33 كه‌س به‌ پله‌ى وه‌زیر له‌ كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، 23 وه‌زیریان فۆرمى خانه‌نشینیان له‌لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتیى خانه‌نشینى هه‌رێمى كوردستان بۆ پڕكرایه‌وه‌، به‌مه‌ش ژماره‌ى وه‌زیره‌ خانه‌شینكراوه‌كان له‌ماوه‌ى هه‌شت كابینه‌ى رابوردوو گه‌یشته‌ 186 وه‌زیر كه‌ به‌ فعلى وه‌زیر بوون و 44 كه‌سیش به‌ پله‌ى وه‌زیر خانه‌نشینكراون كە رۆژێك لە رۆژان لەو پلە وەزیفیەدا كاریان نەكردووە.

له‌ كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم، 33  كه‌س پلەی وەزیریان هەیه‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ دووباره‌ پۆستیان وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ فۆرمى خانه‌نشینیان پڕنه‌كردووه‌ته‌وه‌، به‌پێى یاساى خانه‌نشینیش، مووچەی وه‌زیری خانەنشین مانگانه‌ 6 ملیۆن‌ و 500 هەزار دینارە كه‌ ده‌كاته‌ 80%ی مووچه‌كه‌یان.

به‌پێى زانیارییه‌كانی دواڕۆژ له‌سه‌رجه‌م كابینه‌كانى رابوردوو، 461 كەس بە پلەی وەزیرو بریكاری وەزیرو راوێژكار خانەنشین كراون و هەزارو 98 كەس بەپلەی تایبەت خانەنشینكراون و ژماره‌ى په‌رله‌مانتاره‌ خانه‌نشینكراوه‌كانیش زیاتر له‌ 500 كه‌سه‌ و كۆی مووچەی ساڵێكی خانەنشینی پلە تایبەتەكان به‌ گشتی 61 ملیار دینارە.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان 60 بریكاری وەزیر‌و 260 بەڕێوەبەری گشتی‌ و 75 راوێژكار بەپلەی تایبەت خانەنشینكراون‌ كە رۆژێك لە رۆژان لەو پلە وەزیفییەدا كاریان نەكردووە.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure