پێنج كه‌س له‌ هه‌ڵاتووانى به‌ندیخانه‌ى قه‌نات له‌ به‌غدا ده‌ستگیركرانه‌وه‌

هەواڵ / عێراق :: 04/08/2019‌ :: 163‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق رایگه‌یاند: له‌ كۆى ئه‌و 15 كه‌سه‌ به‌ندكراوه‌ى له‌ بنكه‌ى پۆلیسى قه‌نات له‌ رۆژهه‌ڵاتى به‌غدا هه‌ڵاتبوون،  تائێستا پێنج كه‌سیان ده‌ستگیركراونه‌ته‌وه‌.


به‌یاننامه‌یه‌كى وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراقى کە (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 4ى ئابى 2019) بڵاوکراوتەوە، ده‌ڵێت: "هێزه‌ ئه‌منییه‌كان تائێستا توانیویانه‌ پێنج كه‌س له‌ كۆى ئه‌و 15 كه‌سه‌ى له‌ به‌ندیخانه‌ى بنكه‌ى پۆلیسى قه‌نات هه‌ڵاتبوون ده‌ستگیربكه‌نه‌وه‌".

به‌پێى به‌یاننامه‌یه‌كى فه‌رمانده‌یى ئۆپراسیۆنه‌كانى به‌غدا، پێشتر كه‌سوكارى یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ى له‌ بنکه‌ى پۆلیسى قه‌نات هه‌ڵاتبوون دواى گه‌یشتنه‌وه‌ى بۆ ماڵه‌وه‌ راده‌ستى پۆلیسیان كرده‌وه‌.

هاوكات له‌به‌ر هه‌ڵاتنى 15 راگیراو له‌ بنكه‌ى پۆلیسى قه‌نات له‌ رۆژهه‌ڵاتى به‌غداى پایته‌خت، وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق، به‌ فه‌رمانێك چه‌ندین به‌رپرسى پۆلیسى پارێزگاى به‌غداى شوێنگۆڕكێ پێكرد، هه‌روه‌ها سێ به‌رپرسى باڵاى به‌وهۆیه‌وه‌ سزادا.

دوێنى شه‌ممه‌ 15 راگیراو له‌ بنكه‌ى پۆلیسى قه‌نات له‌ رۆژهه‌ڵاتى به‌غدا هه‌ڵاتن كه‌ به‌ تاوانى جۆراوجۆر ده‌ستگیركراون و هه‌ر دوێنى سێ كه‌سیان ده‌ستگیركرانەوە.

پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure