گرانی نرخی نێرگەلە لە كافتریاكان گیرفانی گەنجانی بەتاڵكردووە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 05/08/2019‌ :: 415‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادی

لە زۆربەی كافتریاكانی سلێمانی نرخی یەك نێرگەلە 10 هەزار دینارە، لەگەڵ گرانیی خزمەتگوزارییەكاندا گەنجانی نیگەران و گیرفاڵ بەتاڵ كردووە. بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگايش دەڵێت: "ناتوانین نرخەكان دیاری بكەین بۆ سەرجەم كافێكان، جگە لەوەی سێ ئەستێرە بەرەوسەرەوەن، بەڵام ركابەری كافتریاكان وایكردووە لە بەشێكیان نرخەكەی هەرزان بێت".


بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی 220 كافتریای جۆراوجۆر لە سلێمانی هەیە كە سەرجەمیان بەپێی ئەستێرە پلەبەندییان بۆ كراوە، بەشێكی زۆریان دەكەونە ناو سەنتەری شارەوە.

زیادبوونى ژماره‌ى كافتریاكان هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ بڵاوبونه‌وه‌ى نێرگه‌له‌كێشان له‌نێو گه‌نجاندا، هه‌ربۆیه‌ نێرگه‌له‌ بووه‌ته‌ سه‌ره‌كیترین ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ى كافتریاكان پێشكه‌شى میوانیانى ده‌كه‌ن.

نرخه‌كه‌شى له‌ كافتریایه‌كه‌وه‌ بۆ ئه‌ویتر و جۆره‌كه‌شى (عادى یان فرێش) یه‌كلایى ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام جیاوازیى نرخه‌كه‌یان له‌نێوان چوار بۆ 25 هه‌زار دیناردایه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لایه‌نى ره‌سمییه‌وه‌ دیاریكرابێت.

له‌ یه‌كێك له‌ كافتریاكاندا 32 (قاعیدە)ی نێرگەلە بۆ مێزه‌كان دانرابوو، نرخی یەك نێرگەلە 10 هەزار دینار لەگەڵ دوو هەزار دینار خزمەتگوزاری له‌سه‌ر میوانان ده‌كه‌وێت.

زۆرجار به‌ سێ بۆ چوار كه‌س نێرگه‌له‌یه‌ك یان دووان داواده‌كرێت، ئاری محەمەد، یه‌كێك له‌  میوانانى كافتریاكه‌ بۆ دواڕۆژ وتى: "ناتوانین چەند نێرگەلەیەك بانگ بكەین، چونكە لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار چەند شیرمۆزێك و شەربەت داوادەكەین كە تێچووه‌كه‌ى دەگاتە نزیكەی 30 هەزار دینار و ناتوانرێت بە یەك كەس ئەم پارەیە بدەین، بۆیە چەند برادەرێك لەسەر یەك مێز یەك نێرگە بانگ دەكەین".

جیاواز له‌و كافتریایه‌، له‌ یه‌كێتى تریان نرخ گونجاوتره‌ و نێرگه‌له‌یه‌ك له‌سه‌ر میوانان پێنج هه‌زار دینار ده‌كه‌وێت، جگه‌ له‌وه‌ى چا و ئاو بێ به‌رامبه‌ره‌، له‌كاتێكیشدا جیاوازى نێوان هه‌ردوو كافتریاكه‌ زۆره‌م به‌رپرسێكى چاودێریش ده‌ڵێت: "لیژنەیەك بۆ دانانی نرخی نێرگەلە پێكهێنرا، بەڵام بڕیارى لیژنه‌كه‌ جێبه‌جێنه‌كرا".

سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی سلێمانی بۆ دواڕۆژ وتى: "لیژنەیەك بۆ دانانی نرخی نێرگەلە لە كافتریاكان پێكهێنرا، بەڵام كێشەیەك دروستبوو، ئەو نرخەی دانرا جێبەجێ نەكرا، ئێستا جگە لە كافتریا چوار و پێنج ئەستێرەییەكان، زۆربەی شوێنەكان نرخی نێرگەلە لە پێنج تا هەشت هەزار دینارە". 

وتیشی: "ئەو نرخەی داماننابوو بۆ كافتریاكانی سەروو پێنج ئەستێرەیی، حەوت هەزار دینار زیاتر نەبێت، سەرجەم كافتریاكانی تر نرخی یەك نێرگەلە پێنج هەزار دینار بێت، بەڵام نەتوانرا جێبەجێ بكرێت و لەلایەن كافێكانەوە ناڕەزایی لێكەوتەوە، بۆیە ئەگەر نرخی نێرگەلە رێكنەخرێت و دیاریی نەكرێت یان كەمنەكرێتەوە، بەهیچ شێوەیەك ناگەینە ئەنجام و كۆنتڕۆڵ ناكرێت و هەروا بەردەوام دەبێت، بەڵام لەنێوان كافتریاكان ركابەرییەكی زۆر هەیە بۆ كەمكردنەوەی نرخی نێرلەگە، شوێن هەیە لەگەڵ نێرگەلەكە میوە و چەرەسات دادەنێت بە 10 هەزار دینار، ئەو كافتریایانەی نزیكن لە ئەمنەسوورەكە لەبەر ئەوەی پێنج و شەش ئەستێرەن، بۆیە نرخەكانیان گرانە و لەلایەن گەشتوگوزارەوە دەستكراوەن". 

ئارام شوانی، لێپرسراوی راگەیاندنی گەشتوگوزاری سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: "نرخی نێرگەلە و خزمەتگوزاریی لە كافتریایەكەوە بۆ یەكێتی تر جیاوازە بەپێی ئەستێرەكان، كافتریا  چوار ئەستێرەكان كارمەندی زیاتریان هەیە و شوێنەكەی خۆشە، لەگەڵ ئەوەشدا كوالێتی نێرگەلە و خزمەتگوزارییەكان جیاوازیی هەیە".

وتیشى: "نرخەكان لە مینۆ دانراوە و فەرز نەكراوە كە دوای نێرگەلەكە پارەی زیاتری لێوەربگیرێت. ناتوانین نرخی نێرگەلە لە سەرجەم كافتریاكاندا دیاریی بكەین و یەكیبخەین، شوێن هەیە هەرزانە كە بەهیچ شێوەیە قاعیدەی نێرگەلەكەی پاك نەكردووەتەوە،  كافتریاش هەیە لە ماوەی 24 كاتژمێردا قاعیدەی نێرگەلەكان پاك دەكاتەوە. كافتریاكانی سەروو سێ ئەستێرەیی گۆرانیبێژ بانگ دەكەن كە لە شەوێكدا 1500 دۆلار دەدات بە گۆرانیبێژەكە، كەواتە دەبێت نێرگەلە و خزمەتگوزاریەكانی دوو بۆ سێ هەزار دینار زیاد بكات، بۆ ئەوەی قازانج بكات".

پ: ل. م  

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure