سێ وه‌زاره‌ت و دەستەیەک بۆ پێشوازیكردن له‌گه‌شتیاران راده‌سپێردرێن

هەواڵ / ئابوری :: 03/08/2019‌ :: 366‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی


ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی قوربانه‌وه‌ وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ، شاره‌وانی، ته‌ندروستی و ده‌سته‌ی ژینگه‌ی راسپاردووه‌ له‌ هه‌ر چوار رۆژه‌كه‌ی جه‌ژندا پێشوازی له‌ گه‌شتیاران بكه‌ن. 


نادر رۆستی، وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم (ئەمڕۆ شەممە 3ی ئابی 2019) به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ دواین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم بڕیاردراوه‌ بۆ جه‌ژنی قوربانی ئه‌مساڵ، به‌راورد به‌ ساڵانی رابوردوو به‌ شێوه‌یه‌كی باشتر پێشوازی له‌ گه‌شتیاران بكرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌ریه‌كه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ، ته‌ندروستی، شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ له‌ حاڵه‌تی ئماده‌باشیدابن. 
 
وتیشی: "بەهۆی كەشوهەوای لەبار و ئارامی هه‌رێمی  كوردستان، پێشبینی ده‌كه‌ین ئه‌م جه‌ژنه‌ گه‌شتیارێكی زۆر زیاتر روو له‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێم بكه‌ن كه‌ له‌ شاره‌كانی خوارووی عێراق و وڵاتانی دیکەوە به‌مه‌به‌ستی به‌سه‌ربردنی جه‌ژنێكی خۆش سه‌ردانی شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان ده‌كه‌ن".

به‌پێی ئامارێكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم له‌ رۆژانی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی ئه‌مساڵدا 250 هه‌زار گه‌شتیار روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و به‌پێی خه‌مڵاندنێكی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ش بۆ هه‌ر گه‌شتیارێك بڕی 300 دۆلاریان له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێم خه‌رج كردووه‌.

پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure