وه‌زاره‌تى دارایی لیستى ئه‌و شوێنانه‌ى راگه‌یاند كه‌ پێش جه‌ژن مووچه‌ وه‌رده‌گرن

هەواڵ / کوردستان :: 02/08/2019‌ :: 65063‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاریان عه‌لی

بڕیاره‌ پێش جه‌ژنى قوربان مووچه‌ى مانگى ئایارى ژماره‌یه‌ك وه‌زاره‌ت و شوێنى تر دابه‌شبكرێت كه‌ دواڕۆژ ناوه‌كانیان بڵاوده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌پاش ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان 378 ملیار دینارى ناردووه‌ بۆ  وه‌زاره‌تى دارایی و ئه‌گه‌ر به‌غداش پاره‌ى مانگانه‌ى بۆ هه‌رێم بنێرێت زۆرینه‌ى وه‌زارەته‌كان مووچه‌ وه‌رده‌گرن.

سه‌رچاوه‌یه‌ى به‌رپرس له‌ وه‌زاره‌تى دارایی وئابورى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كه‌ نه‌یوست ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ دواڕۆژى وت:"به‌ر له‌ جه‌ژنى قوربان به‌ دڵنیاییه‌وه‌ مووچه‌ى مانگى ئایارى فه‌رمانبه‌رانى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى دارایی و په‌روه‌رده‌ و دیوان ‌و لیواكانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانى حه‌فتا و هه‌شتا دابه‌شده‌كرێن".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه‌ پێنجشه‌ممه‌ى رابوردوودا وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان بڕى 378 ملیار دینارى  له‌ داهاتى نه‌وت بۆ وه‌زاره‌تى دارایی ناردووه‌.

وتیشى:"ئه‌گه‌ر به‌غدا پێش جه‌ژنى قوربان پاره‌كه‌ى هه‌رێم بۆ مووچه‌ بنرێت مووچه‌ى زۆربه‌ى وه‌زاره‌ته‌كان دابه‌شده‌كرێت".

پێداچونه‌وه‌:هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure