چه‌ندین تۆڕى له‌شفرۆشی له‌هه‌رێم ئاشكرا ده‌بن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 02/08/2019‌ :: 18134‌ جار بینراوە

 دواڕۆژ، تایبه‌ت 

بانده‌كانى بازرگانیكردن به‌ مرۆڤه‌وه‌ له‌ عێراق چه‌ندین كچانیان فریوداوه‌ و به‌مه‌به‌ستى كارى له‌شفرۆشی ره‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستانیان كردوون له‌به‌رانبه‌ر رۆژانه‌ى 50 بۆ 100 دۆلارى ئه‌مریكى كه‌ نیوه‌ى پاره‌كه‌یان به‌ قوربانییه‌كان داوه‌ و ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌و تۆڕانه‌ ژماره‌یه‌ك كچى كورد-یشیان به‌هه‌مان شێوه‌ فریوداوه‌ و بۆ ئه‌وه‌ى له‌ به‌غداى پایته‌خت له‌هه‌مان كاره‌وه‌ تێیانبگلێنن ئه‌وه‌ش به‌وته‌ى وته‌بێژى روانگه‌ى عێراقى بۆ قوربانیانى بازرگانیكردن به‌ مڕۆڤه‌وه‌.


28ى مانگى ته‌مموزى رابوردوو روانگه‌ی عێراقی بۆ قوربانیانی بازرگانی به‌ مرۆڤه‌وه‌ سێیه‌م راپۆرتی خۆى سه‌باره‌ت به‌و تاوانه‌ بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تیایدا ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌ هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته‌ په‌ناگه‌ی ئه‌و باندانه‌ی عێراق كه‌ بازرگانی به‌ مرۆڤ و ئه‌ندامانی جه‌سته‌وه‌ ده‌كه‌ن.

به‌رپرسێكى ئه‌و رێكخراوه‌ چه‌ندین نهێنى دیكه‌ى ئه‌و جۆره‌ بازرگانییه‌ و له‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ دواڕۆژ ئاشكرا ده‌كات كه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌یاندا باس نه‌كراون.  

چیرۆكى بارزگانیكردن به‌ كچانه‌وه‌ له‌ هه‌رێم 
ئه‌حمه‌د هادى وته‌بێژى روانگه‌ى عێراقى بۆ قوربانیانى بازرگانیكردن به‌ مڕۆڤه‌وه‌ به‌ دواڕۆژى وت:"پرۆسه‌ى بارزگانیكردن به‌ كچانه‌وه‌ به‌تایبه‌ت هه‌رزه‌كاران له‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌خشته‌ بردنیان بۆ له‌شفرۆشی بونى هه‌یه‌ و به‌شێك له‌ كچانى نێوخێوه‌تگه‌ى ئاواره‌كانى هه‌رێم له‌لایه‌ن ئه‌و باندانه‌وه‌، كچان له‌ خشته‌براون به‌مه‌به‌ستى كاركردن پێیان له‌ بوارى له‌شفرۆشی و كرێكار و کارمەندی كافتریا و چێشتخانه‌كان به‌پاره‌یه‌كى كه‌م ".

 وتیشى:" تۆڕى تاوانكاریى مه‌ترسیدار هه‌ن كه‌ له‌رێگه‌ى فیڵى جۆراوجۆره‌وه‌ و بە به‌كارهێنانى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كچانیان فریوداوه‌ له‌ به‌غداو شاره‌كانى ترى ناوه‌ڕاست و باشورى عێراق و ده‌یاننێرن بۆ شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ تۆڕه‌كانى له‌شفرۆشی كاربكه‌ن به‌ رۆژانه‌ى  50 بۆ 100 دۆلارى ئه‌مریكى كه‌ نێوه‌ى ئه‌و پاره‌ی ده‌ده‌ن به‌و تۆڕه‌ى كاریان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن".

به‌وته‌ى ئه‌و به‌رپرسه‌ى رێكخراوه‌ عێراقییه‌كه‌، له‌رێگه‌ى تیمه‌كانیانه‌وه‌  ئه‌وه‌یان بۆ ئاشكرابووه‌ كه‌ ئه‌و كچانه‌ى كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان كارى له‌شفرۆشیان پێده‌كرێت خه‌ڵكى شاره‌كانى به‌غداو به‌سڕه‌و دیوانیه‌و ناسڕیه‌ و بابلى تێدابووه‌ و له‌هه‌مان كاتیشدا بۆ جێپێونكردنى ئه‌و پرسه‌ش ژماره‌یه‌ك كچانى كورد له‌لایه‌ن ئه‌و تۆڕانه‌وه‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراون و براون بۆ به‌غدا به‌مه‌به‌ستى ئه‌نجامدانى كارى له‌شفرۆشی به‌ رۆژانه‌ى 200 دۆلار كه‌ نیوه‌ى ئه‌و پاره‌یش بۆ تۆڕه‌كه‌یه‌".

  گورچیله‌یه‌ك به‌ 10 ملیۆن دینار
ئه‌حمه‌د هادى وته‌بێژى روانگه‌ى عێراقى بۆ قوربانیانى بازرگانیكردن به‌ مڕۆڤه‌وه‌ ئاشكرایكرد كه‌ به‌پێى به‌دواداچونه‌كانیان زۆربه‌ى قوربانیانى بارزگانیكردن به‌ ئه‌ندامانى له‌شی مرۆڤه‌وه‌ گه‌نجانن و له‌رێگه‌ى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ فریو ده‌درێن و ده‌گوزێزرێنه‌وه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌مه‌به‌ستى فرۆشتنى ئه‌ندامانى جه‌سته‌یان و ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رى گواستنه‌وه‌ى ئه‌ندامانى له‌ش له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى هه‌رێمدا".

 وتیشى:"زۆرترین ئه‌ندامى جه‌سته‌ كه‌ ویستى له‌سه‌ره‌ بۆ فرۆشتن گورچیله‌یه‌ و له‌پاشان به‌ پله‌ى دووه‌م جگه‌ر دێت و بانده‌كانى بازرگانیكردن به‌ ئه‌ندامانى له‌شی مرۆڤه‌وه‌ یه‌ك كورچیله‌ به‌ حه‌وت بۆ 10 ملیۆن دینارى عێراقی لە قوربانییەکە ده‌كڕن، به‌ڵام له‌بازاڕى ره‌شدا ئه‌و باندانه‌ 25 بۆ 30 ملیۆن دینار ده‌یفرۆشنه‌وه‌".

 ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه‌ ئه‌ندامانى هه‌موو باندێكى بازرگانیكردن به‌ ئه‌ندامانى جه‌سته‌ى مرۆڤه‌وه‌ له‌ عێراق 3 بۆ 5 كه‌س زیاتر نین كه‌ له‌به‌رانبه‌ر هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌كدا یه‌كى دوو ملیۆن دیناریان به‌رده‌كه‌وێت و ئه‌وه‌ى تائێستاش ئێمه‌ به‌دواداچونمان بۆ كردووه‌ ئه‌ندامه‌كانى ئه‌و باندانه‌ عه‌ره‌بن".

 ئه‌ندامى له‌ش هه‌نارده‌ ده‌كرێت
 وته‌بێژى روانگه‌ى عێراقى بۆ قوربانیانى بازرگانیكردن به‌ مڕۆڤه‌وه‌ مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ترى سه‌ر ئه‌و تاوانه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ ئه‌ویش بردنه‌ ده‌ره‌وه‌یه‌تى بۆ ده‌ره‌وه‌ى عێراق.

ئه‌و ده‌ڵێت:" عێراق بووه‌ته‌ رێگاى بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ندامانى له‌شی مرۆڤ له‌ رێگه‌ى سوریا و كوه‌یه‌ته‌وه‌ و به‌شێوازێكى نهێنى ده‌گوێزرێنه‌وه‌".

 هه‌رێمى كوردستانیان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ 
 هه‌رچه‌نده‌ وه‌ك به‌رپرسانى روانگه‌ى عێراقى بۆ قوربانیانى بازرگانیكردن به‌ مرۆڤه‌وه‌ باسی ده‌كه‌ن مامه‌ڵه‌ى ئه‌وان له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانى ترى كۆمه‌ڵه‌ى مه‌ده‌نییه‌، به‌ڵام به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستانیان له‌مه‌ترسی ئه‌و دیارده‌یه‌ ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌.

 ئه‌حمه‌د هادى وتى:"نامه‌ى راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆمان بۆ به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان ناردووه‌ و هۆشداریشمان داونه‌تێ له‌ مه‌ترسی گه‌شه‌كردنى بازرگانیكردن به‌ جه‌سته‌ى مرۆڤه‌وه‌ له‌هه‌رێم و زیادبوونى بانده‌كانى ئه‌و بازرگانییه‌ له‌ هه‌رێم وپێمان راگه‌یاندوون كه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئارامى هه‌رێم و ئاسایشى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌بێت".

ئا: هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure