خەیارو کۆفی!

هەواڵ / چاوی تۆ :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 250‌ جار بینراوە
ن: حوسێن عه‌لى شه‌ریف

دوای ئەوەی شەش کیلۆ خەیاری ناسکی بەرهەمی خۆماڵی بۆ کێشام و ووتی فەرمو یەک هەزار دینار ئەکا، لە جێگای خۆما وەستام و دەیان خەیاڵ بە مێشکما هات.

شەرمم ئەکرد تەنها یەک هەزار دینار بدەمە دەستی خەیار فرۆشەکە، هەرچیشم ئەکرد نەمئەزانی چ بیانویەک بدۆزمەوە بۆ ئەوەی بڕێک زیاتر پارە بدەم.

ئاخر ئەوە چ کوفرێکە شەش کیلۆ خەیاری خۆماڵی بە هەزار دینار بێت و چوار کیلۆ کاڵەکی جوتیارانی کورد بە هەزار دینار بێت و تەنها یەک کوپی بچوکی قاوە بە سێ هەزار دینار یان لە هەندێ جێگای ترا کە بە حساب سێرڤسیان "ڤی ئای پیە" بە شەش هەزار.

بە دەست خۆم نەبوو نەمئەتوانی بەراوردێکی بچوک نەکەم.

ووڵاتی نەرویج بە حوکمی کەشوهەواکەی تەنها بڕێک سێوی ترش و رەق و لە هەندێ جێگاش بڕێک توی لێ دێتە بەرهەم، بەڵام نرخی یەک کیلۆ لەو سێوە ترش و ڕەقەی خۆیان یەکسانە بە چوارجار نرخی جوانترین و باشترین سێوی هاوردەکراو. کەچی خەڵکی نەرویجی هەمیشە پارە بە سێوەکەی خۆیان ئەدەن.

نیشتمانپەروەری ئەوەنیە کە تۆ تەقە لە دوژمنەکانت بکەیت و سەنگەریان لێبگریت، بەڵکو نیشتیمانپەروەری ئەوەیە کە کاڵای ووڵاتەکەی خۆت لە هی هاوردە لا پەسەند تربێت.

نیشتیمان پەروەری ئەوە نیە ئاڵای کوردستان لە تورکیا بەرزکەیتەوە بەڵکو نیشتیمان پەروەری ئەوەیە بەرهەمی خۆماڵیت لە هی تورکی لاپەسەندتر بێت.

نیشتیمانپەروەری ئەوەنیە لەپای هەڵەی ئەفسەرێکی عەرەب خۆت بکەیتە گیڤارا و کوردایەتی بە خەڵک بفرۆشیت، کوردایەتی ئەوەیە هانی خەڵکی بدەیت خەیاری شارەزور و کاڵەکی پێواز و هەنجیری سەرتەک بە نرخێکی مەعقول بکڕن.

ساڵی پار ووڵاتی ئێران بە هەزاران تەن پەتاتەی خراپی خستە بازاڕەکانی کوردستانەوە، لە هەمان کاتیشا پەتاتەی دەشتی هەولێر هەبوو، بەڵام خەڵکی تەنها بە بیانوی بڕێک هەرزان تر ژەهرەکەی ئێرانیان لا پەسەندتر بوو.

ئەوە چ کارەساتیکە سەتڵێک ماستی کوردی بێوەژنەکەی گەڕەکەکەی خۆت تەنها بە هەزار و پێنجسەد دینار بێت و تۆ بڕۆیت بەرهەمی تورکی و ئێرانی بخۆیت.

نازانین لەکامە گرفتی ئەم ووڵاتەوە دەستپێبکەین. نازانین خەم بۆ کامە خەمی ئەم نیشتمانە بخۆین.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure