هه‌ڵۆ پێنجوێنى: كۆنگره‌ى ئه‌مجاره‌ى یه‌كێتى به‌ دڵى زۆر كه‌س نییه‌

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 04/08/2019‌ :: 1026‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادى

پاش پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، پرسى گه‌رمى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان به‌ستنى كۆنگره‌یه‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌م قۆناغه‌ و كێشه‌كان. هه‌ڵۆ پێنجوێنى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى و یه‌كێك له‌ ئاماده‌كارانى كاره‌كانى كۆنگره‌ى ئه‌و حزبه‌، له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا ده‌ڵێت:"ره‌نگه‌ كۆنگره‌ى یه‌كێتى به‌دڵى زۆر كه‌س نه‌بێت، كه‌ ده‌بێته‌ هۆى گۆڕینى كه‌سه‌كان و سیاسه‌تى یه‌كێتى. له‌ پێش كۆتایى ئه‌مساڵیش كۆنگره‌ى یه‌كێتى ده‌به‌سترێت".


دواڕۆژ: كاره‌كانى مه‌كته‌بى رێكخستن بۆ ئاماده‌كاریى به‌ره‌و كۆنگره‌ى یه‌كێتى به‌چى گه‌یشتووه‌؟
هه‌ڵۆ پێنجوێنى
: مه‌كته‌بى رێكخستن را و پێشنیار و شێوازى به‌ستنى كۆنگره‌ بۆ سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى ئاماده‌ ده‌كات تا بڕیارى له‌سه‌ر بدرێت، ئه‌وه‌ى كه‌ په‌یوه‌ندیى به‌ ئێمه‌ و مه‌ڵبه‌نده‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ سه‌رقاڵى داڕشتنى رێنماییه‌كانین كه‌ پێویستن بۆ شێوازى به‌ستنى كۆنفرانسه‌ ناوخۆییه‌كان و كۆنگره‌.

دواڕۆژ: زۆربه‌ى كێشه‌ ناوخۆییه‌كانى یه‌كێتی به‌هۆى نه‌به‌ستنى كۆنگره‌یه‌، بۆچى تائێستا سه‌ركردایه‌تى له‌سه‌ر كاتێك بۆ به‌ستنى رێكناكه‌ون؟
هه‌ڵۆ پێنجوێنى: یه‌كێتى كێشه‌ى دیاریكردنى كاتى نییه‌، دواكه‌وتنى كۆنگره‌یش په‌یوه‌ندیى به‌وه‌ نییه‌ سه‌ركردایه‌تى رێكنه‌كه‌وتبێت له‌سه‌ر كاتى ئه‌نجامدانى، دۆخى سیاسی و چوار ساڵ شه‌ڕى داعش، هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و عێراق و پێكهێنانى حكومه‌ت، هه‌موو ئه‌مانه‌ وایان كرد هه‌لێكى له‌بار بۆ یه‌كێتى نه‌ڕه‌خسێت كه‌ كۆنگره‌یه‌ك ببه‌ستێ بتوانرێت گۆڕانكاریى بكرێت و پلان و پڕۆگرامێكى باش دابنرێت كه‌ له‌ ئاستى ئه‌م قۆناغه‌ و رۆڵ و كاریگه‌ریى یه‌كێتى بێت له‌ كوردستان و ناوچه‌كه‌دا، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵێكى ته‌واوه‌تى ده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ پێش كۆتایى ئه‌م ساڵدا كۆنگره‌ ببه‌ستین.

دواڕۆژ: له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى دا ده‌وترێت پێش كۆتایى ئه‌م ساڵ ده‌بێت كۆنگره‌ ببه‌سترێت ئایا له‌م ساڵدا ئه‌نجام ده‌درێت؟
هه‌ڵۆ پێنجوێنى:
سه‌رقاڵى ئه‌وه‌ین هه‌موو پێداویستییه‌كانى كۆنگره‌ دابین بكه‌ین تا له‌ كۆتایى ئه‌مساڵدا ببه‌سترێت، هه‌رچه‌نده‌ كاتێكى دیاریكراوى بۆ دانه‌نراوه‌، به‌ڵام له‌ پێش كۆتایى ئه‌مساڵدا ئه‌نجام ده‌درێت. ناكرێت كۆنگره‌ دوابخرێت، چونكه‌ ته‌مه‌نى به‌سه‌رچووه‌ و ئه‌م قۆناغه‌یش سیاسه‌تێكى تازه‌ى ده‌وێت به‌ خه‌ڵك و عه‌قڵى نوێوه‌، كه‌ كۆنگره‌یش دواكه‌وتووه‌ به‌شێكى سه‌ره‌كى په‌یوه‌ندیى به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كى وه‌ك هه‌ڤاڵ مام جه‌لال-مان له‌ده‌ستداوه‌ و بۆشایى دروست بوو، به‌ڵام ئێستا هیچ بیانوویه‌ك نه‌ماوه‌ بۆ دواخستنى و كاته‌كه‌ى له‌باره‌، به‌ستنى ئاماده‌كاریى جددى ده‌وێت.

دواڕۆژ: كێ و چۆن نوێنه‌ر بۆ كۆنگره‌ دیاریى ده‌كرێت؟ زۆر باس له‌ كڕینى ئه‌و ئه‌ندامانه‌ ده‌كرێت كه‌ ده‌چنه‌ كۆنگره‌ به‌تایبه‌ت له‌ڕێگه‌ى باڵه‌كانه‌وه‌، ده‌ڵێیت چى؟ 
هه‌ڵۆ پێنجوێنى
: به‌ڕێگاى هه‌ڵبژاردن له‌ ئۆرگانه‌كانى خواره‌وه‌ نوێنه‌ر بۆ كۆنگره‌ دیاریى ده‌كرێت، ئاساییه‌ خه‌ڵكانێك هه‌بن له‌م كۆنگره‌یه‌ یه‌كبگرن و پشتیوانى یه‌كتر بكه‌ن.

دواڕۆژ: ده‌وترێت به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى له‌ كۆنگره‌ ده‌ترسن هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ دواى ده‌خه‌ن؟
هه‌ڵۆ پێنجوێنى:
له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى سه‌ركردایه‌تى و لیژنه‌كاندا هاوده‌نگ بووین له‌وه‌ى ئه‌مساڵ ده‌بێت كۆنگره‌ ببه‌سترێت، هیچ كه‌سێك له‌ یه‌كێتیدا ناڕازیى نییه‌ له‌وه‌ى كۆنگره‌ ببه‌سترێت. كۆنگره‌ داڕشتنه‌وه‌ى سه‌رله‌نوێ سیاسه‌تى یه‌كێتییه‌، هه‌روه‌ها رێكخستنه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تییه‌كى نوێیه‌ به‌ شێوازێكى دیموكراسیانه‌، بێگومان گۆڕانكاریى له‌ كه‌سه‌كان و هێنانه‌پێشه‌وه‌ى خه‌ڵكى نوێ ده‌كرێت.

دواڕۆژ: ده‌رچوونه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ مه‌كته‌ب سیاسییه‌كان یان نه‌وه‌كانیان له‌ كۆنگره‌، ئایا ئه‌مه‌یش گۆڕانكارى و نوێبوونه‌وه‌یه‌؟
هه‌ڵۆ پێنجوێنى:
ده‌مانه‌وێت گۆڕانكاریى بكه‌ین و خوێنى تازه‌ بێته‌ ناو سه‌ركردایه‌تى، هه‌ر كه‌سێك بن به‌پێى توانا و لێهاتوویى خۆیان و ئه‌و متمانه‌یه‌ى له‌ كۆنگره‌ پێیان ده‌به‌خشرێت ده‌رده‌چن. فشار و مه‌رج نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌ندامانى كۆنگره‌ كه‌ ده‌نگ به‌ كه‌سێك یان به‌ كوڕى به‌رپرسێك بده‌ن، ئه‌وه‌ى ده‌وترێت پڕوپاگه‌نده‌یه‌ له‌سه‌ر یه‌كێتى. جیاواز له‌ كۆنگره‌كانى تر ده‌بێت، پێویسته‌ گۆڕانكاریى باش له‌ پڕۆگرام و سیاسه‌تى یه‌كێتیدا بكرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌مه‌ نه‌كرێت ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ى ئه‌ندامان و لایه‌نگران هه‌یانه‌ بێهیوایى دێنێته‌ ئاراوه‌.

دواڕۆژ: پێتوایه‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ به‌دڵى زۆر كه‌س نه‌بێت؟  
هه‌ڵۆ پێنجوێنى
: بێگومان به‌ستنى كۆنگره‌ى یه‌كێتى به‌دڵى زۆر كه‌س نییه‌، به‌ڵام زه‌روره‌تێكه‌ كه‌ پێویستمان به‌ به‌ستنى هه‌یه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتین هه‌واڵى به‌ستنى كۆنگره‌ ده‌پرسن و پێشنیاریان هه‌یه‌، زۆر زیاتر له‌وانه‌ى په‌یوه‌ندییان به‌م پرسه‌وه‌ هه‌یه‌. خواستێكى گشتییه‌، مه‌ترسییه‌كیش نییه‌ له‌ رێگاى ئه‌وه‌ى كه‌ كۆنگره‌ ببه‌سترێت، ئه‌گه‌ر ده‌نگى ناڕه‌زاییش هه‌بێت له‌سه‌ر شێوازى به‌ستنیه‌تى.

دواڕۆژ: ده‌وترێت گۆڕانكاریى له‌ ژماره‌ى ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت، راسته‌؟
هه‌ڵۆ پێنجوێنى
: پڕۆژه‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ گۆڕانكاریى له‌ ژماره‌ى ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى و سه‌ركردایه‌تى، به‌پێى پێویستى كه‌مكردنه‌وه‌ یان زیادكردن له‌ ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تیدا ده‌كرێت، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌یش ده‌برێته‌ كۆنگره‌ و بڕیارى له‌سه‌ر ده‌درێت.

دواڕۆژ: پۆستى سكرتێرى گشتى وه‌ك خۆى ده‌مێنێته‌وه‌، یان ده‌گۆڕێت؟
هه‌ڵۆ پێنجوێنى
: ئه‌م پۆسته‌ تایبه‌تمه‌ند بووه‌ به‌ جه‌نابى مام جه‌لال، ره‌نگه‌ گۆڕانكاریى به‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌دا بێت، شێوازه‌كه‌ى بگۆڕێت به‌ جۆرێكى تر، ده‌كرێت له‌ جیاتى سكرتێر بكرێت به‌ سه‌رۆك، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕانى په‌یڕه‌و ئه‌مه‌ش گۆڕانى تێدا ده‌كرێت.

پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure