پەیامێك لە كوڕی ئەنفالكراوێكەوە

هەواڵ / چاوی تۆ :: 31/07/2019‌ :: 122‌ جار بینراوە

هێمن بەهجەت *

بۆ بەڕێزان
سەرۆک کۆماری عێراق
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان
سەرکردە و کەسی یەکەمی حیزبەکان
رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدنی
رێکخراوەکانی تایبەت بە کەیسی ئەنفال

ماوەی چەند رۆژێکە چەند گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە پارێزگای سەماوەی باشوری عێراق دۆزراوەتەوە کە تیمی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای شەهیدانی عێراق سەرقاڵی هەڵدانەوەیانن، زۆربەی ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە گۆڕی ژن و مناڵی گەرمیانییەکان و کەسوکاری تەیمور-ی تاقانەی ئەنفال بێت.

بەداخەوە! دەبوو ئێوە زووتر هەستتان بەو بابەتە بکردایە و بچوونایەتە سەماوە و بەدیار گۆڕەکانەوە بونایە و چادرتان هەڵبدایە بۆئەوەی دڵسۆزیی خۆتان بەرانبەر شەهیدەکان و کەسوکارەکانیان بنواندایە، بۆئەوەی سەرکردە و سیاسیەکانی بەغدا بهاتنایە بۆ ئەوێ و بەچاوی خۆیان ئەو تاوانەیان ببینیایە کە رژێمی پێشووی عێراق دەرهەق بە گەلەکەی خۆی ئەنجامیداوە، بۆ ئەوەی باڵیۆز و قونسڵی وڵاتان و کەناڵە جیهانییەکان بهتنایە بە چاوی خۆیان ئەو تراژیدیا و تاوانانەی کە ۳۱ ساڵ پێش ئێستا دەهەق بە گەلی کوردستان کرا، ببینرایە. 

ئێستاش کات ماوە دەتوانن ئەم کارە ئەنجام بدەن و روو لە بیابان بکەن. حکومەت و سەرکردەی پارتە سیاسیەکان لەگەڵ ئێوەمە فریاکەون! ئەم کەیسە هی ئەموانە، حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن پێکەوە خەمی ئەنفالکراوان هەڵبگرن چونکە ئەمە بەڵگەی زیندوە، دوورنییە دەرفەتی وا لەدەست بدەین جارێکیتر هەلی وا بێتەوە بەردەست. لە بیابان لەسەر گۆڕەکان داواکاریی گەلی کوردی ستەملێکراو بدەن بە رووی جیهاندا و داوای مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن، داوای سەربەخۆیی کوردستان بکەن و بڵێن چۆن دڵنیابین لەوەی جارێکی تر تاوانی هاوشێوەمان رووبەڕوو نابێتەوە. بڕۆن بەدیار ئێسکوپروسکی کەسوکارەکانمانەوە بن بۆ ئەوەی بەڵگەکان ون نەبن. فیلمساز و وێنگرە بەناوبانگەکان ببەن بۆئەوەی بەڵگەکان دۆکیۆمێنت بکرێت، لەبەرئەوەی گەلانی دونیا بەم بابەتانە توانیویانە سەربەخۆیی بەدەستبێنن و ببنە خاوەن کیان و قەوارەی سەربەخۆ، دڵنیابن بەمە دڵسۆزیی خۆتان دەسەلمێنن، بەمە ساڕێژی بەشێک لە برینی کەسوکار و بەجیماوانی ئەنفال دەکەن. ئاخر ئەمە هەر بە ئێوە دەکرێت ئێمەی کەس و کاری ئەنفالکراوان دەڕۆین و تاوێک لە بیابان دەبین و کەس گوێمان لێناگرێت!! بۆیە تکاتان لێدەکەین بەگرنگییەوە لەم کەیسە بڕوانن. ئاخر ئەگەر بەڵگەکانی ئەنفال و جینۆسایدی ئەم گەلە ون ببێت، دوای ۳۱ ساڵی تر نەوەکانمان چۆن ئەم تاوانە باس بکەن؟!. بۆئەوەی بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکانی تاوانی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان ون نەبێت، تکایە فریاکەون.


  * كوڕی ئەنفالکراو
   ئەندامی ڕێکخراوی "ئەمەک" بۆپرسی ئەنفال
30 تەموزی ۲۰۱۹



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure