ریاز و بەغدا ئاستی پەیوەندییە ئەمنییەکان بەرزدەکەنەوە

هەواڵ / عێراق :: 31/07/2019‌ :: 142‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ئاستی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان سعودییە و عێراق لە دوو ساڵی رابوردوو بەرەوپێشچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، ئەنجومەنی وەزیرانی سعودییە رەزامەندی دەربڕی لەسه‌ر بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بە تایبەتی لە بواری ئەمنیدا. 


رۆژنامەی (شەرق ئەوسەت) له‌سه‌ر زارى قەحتان جەنابی، باڵیۆزی عێراق لە سعودییە رایگه‌یاند: عێراق و سعودییە هاوکارێکی زۆری یەکتریان کردووە لە گۆڕینەوەی زانیاری سەربازی و ئەمنی، بەتایبەت لە بوارەکانی تیرۆر و رێگریکردن لە ماددە هۆشبەرەکان و تاوانی رێکخراو.

قەحتانی ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: لە دوو ساڵى رابوردودا دەستەیەکی هاریکاری عێراقی- سعودی دامەزراوە، کە دوو خولی لە ریاز بەڕێوەچووە و خولێکیشی لە هەولێر، کاری ئەم دەستەیە بریتییە لە هاوکاریی ئەمنی و سیاسی و سەربازی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا.

قەحتان وتیشی: "لەبەرئەوەی عێراق و سعودییە سنورێکی گەورەیان پێکەوەیە بۆیە زۆر گرنگە هاریکاری سیاسی و ئەمنی لە نێوانیاندا هەبێت بەتایبەت لە بواری رێگریکردن لە تیرۆر و ماددە هۆشبەرەکان، بۆیە چەندین خولی راهێنان دەکرێتەوە لە نێوان هەردوو وڵاتدا بە هاوکاری وەزارەتی ناوخۆ و هەواڵگری، لێرەشدا سعودییە دەتوانێت سود لە ئەزموونەکانی عێراق وەربگیرێت لە قەڵاچۆکردنی تیرۆردا". 

لە راگەیاندنەکاندا ئاماژە بەوە دەکرێت ئەم هاوکاریانەی نێوان هه‌ردوو وڵات دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخە ئەمنییە خراپەی کە لە ناوچەکەدا روودەدات، بەڵام قەحتانی دەڵێت: ئەم هاوکارییەی نێوان عێراق و سعودییە هیچ پەیوەندی بەو گرژییە سیاسییەوە نییە کە لە ناوچەکەدا بوونی هەیە،  بەڵکو ئەمە هەوڵێکی جددی نێوان ئەم دوو وڵاتەیە بۆ کۆتایی هێنان بەو هۆکارانەی کە باسکراوە.

فازیل رەغیف، شارەزای ئەمنی عێراقی-ش به‌ رۆژنامه‌كه‌ى راگه‌یاندووه‌: هەمیشە وڵاتی سعودییە ئامادەی خۆی دەربڕیوە لە هاوکاریکردنی عێراق لە بواری سەربازی و زانیاری ئەمنی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هاوکارییە سیاسی و ئەمنیانە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ هاوکاری زیاتر لەنێوان هەردوو وڵاتدا لە تەواوی بوارەکانی دیکەدا. 

پەیوەندییەکانی نێوان سعودییە و عێراق لە دوو ساڵی رابوردودا بەرەوپێشچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینی و چەندین وەزیر و راوێژکاری ئەمنی نێوان هەردوو وڵات لە ماوەی دووساڵی رابوردودا سەردانی یەکتریان کردووە.

وەرگێران: سۆران نورەدین
پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure