حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر رێگریكردن له‌ ئاڵای كوردستان هاته‌ده‌نگ

هەواڵ / کوردستان :: 30/07/2019‌ :: 979‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حکومەتی هەرێم رایده‌گه‌یه‌نێت "كێشه‌ی ئه‌و ئەفسەرەی رێگریی له‌ ئاڵای كوردستان كرد چاره‌سه‌ركراوه‌، ئه‌و پیاوه‌ش كه‌ ئاڵاكه‌ی له‌ ملدا بوو ده‌ڵێت: "ئه‌فسه‌ره‌كه‌ داوای لێبوردنی نه‌كردووه‌".


دوای ئه‌وه‌ی به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌كاتی چوونی ژماره‌یه‌ك کەسوکاری ئەنفالکراوان و تاقانەکان بۆ سه‌ر گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی سه‌ماوه‌، ئەفسەرێكی سوپای عێراق هه‌وڵیدا رێگریی بكات له‌وه‌ی پیاوێکی کەسوکاری ئەنفالکراوان به‌ ئاڵای كوردستانه‌وه‌ بچێته‌ سه‌ر گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان، به‌ڵام ئه‌و ئەفسەرە سه‌ربازییه‌ رێگه‌ی نه‌دا.

ئه‌و رووداوه‌ به‌ ڤیدیۆ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبوویه‌وه‌و ناڕه‌زایی خه‌ڵكی لێكه‌وته‌وه‌، كه‌ بۆچی ئه‌و به‌رپرسه‌ كوردانه‌ی له‌ نزیك شوێنه‌كه‌ن، هیچ هه‌ڵوێستێكیان نییه‌.

سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ فوئاد عوسمان، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "راسته‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌ی عێراق هه‌وڵیدا رێگری له‌و گه‌نجه‌ كورده‌ بكات كه‌ ویستی به‌ ئاڵای كوردستانه‌وه‌ بچێته‌ سه‌ر گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان، به‌ڵام دواتر كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ركراوه‌و گه‌نجه‌ كورده‌كه‌ به‌ ئاڵاوه‌ چووه‌ته‌ سه‌ر گۆڕی نزیكەكانی خۆی".

لە بەرامبەردا حەسەن عەلی ئەو پیاوەی ئاڵاكه‌ی له‌ ملدا بوو، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ بۆ دواڕۆژ وتی: "ئه‌و قسه‌یه‌ راست نییه‌ گوایه‌ ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ داواى لێبوردنی كردووه‌، به‌ڵكو ئاماده‌ نییه‌ داواى لێبوردن بكات".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure