هەزاران چه‌كدار و خێزانی داعش بۆ موسڵ ده‌گوازرێنه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 30/07/2019‌ :: 259‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا

به‌پێی رێككه‌وتنێكی نێوده‌وڵه‌تی بڕیاردراوه زیاتر لە‌ 32 هه‌زار چه‌كداری داعش و خێزانه‌كانییان، له‌ سوریاوە بۆ كه‌مپێك له‌ موسڵ بگوازرێنه‌وه‌ كه‌ كچ و ژنی ئێزدی-یش له‌ناویاندا هه‌بووه‌، به‌ڵام ئیداری پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌م بڕیاره‌ رازیی نییه‌.


مه‌حما خه‌لیل، قایمقامی پێشووی شەنگال (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممە 30ی ته‌مموزى 2019) به‌ دواڕۆژی وت: "به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنێكی نێوان وڵاتانی هاوپه‌یمان و سوریا، 32 هەزار چه‌كداری داعش و خێزانه‌كانیان له‌ رێگای ده‌روازه‌ی ره‌بیعەوە‌ بۆ خێوه‌تگه‌ی جدعه‌ له‌ حه‌مام عه‌لیل-ی  موسل ده‌گوازرێنه‌وه‌ و ده‌وترا پێشتر جۆره‌ رێككه‌وتنێكی سه‌ره‌تایی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق كراوه‌، به‌ڵام ئیدارەی پارێزگای نه‌ینه‌وا رازیی نه‌بووه‌ و داوای كردووه‌ له‌به‌ر رێزگرتنی خه‌ڵكی موسڵ، كە زۆر سته‌میان له‌ده‌ست چه‌كدارانی داعش كێشاوه،‌ ئه‌م بڕیاره‌ جێبه‌جێ نه‌كرێت، تائێستایش روون نییه‌ ئه‌گه‌ری گواستنه‌وه‌یان بۆ موسڵ چیه‌.

وتیشی: "له‌ناو ئه‌و 32 هەزار كه‌سەدا،‌ عێراقی و خه‌ڵكی وڵاتانی ئاسیا و ئه‌وروپا هه‌یه‌ و به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان كچ و ژنی ئێزدی، كه‌ پێشتر رفێنرابوون، له‌ناویاندا هه‌یه‌، به‌ڵام به‌دووری نازانین هاتنیان بۆ موسڵ چه‌ندین كێشه‌ دروستبكا‌ت و خه‌ڵك لێیان تووڕه‌ده‌بن له‌به‌رئه‌وه‌ حكومه‌تی عێراق به‌هاتنیان رازیی نییه‌".

مه‌حما خه‌لیل دەڵێت: "ئه‌م كه‌سانه‌ پڕن له‌ بیروباوه‌ڕی داعش و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ كراون. وه‌ك بۆمبێكی كاتی ئیشده‌كه‌ن و مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایش و كۆمه‌ڵگەی موسڵ دروستده‌كه‌ن".

داڕشتنەوە: ل. م
پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure