دهۆك؛ ئه‌مساڵ 745 تووشبووى شێرپه‌نجه‌ى جگه‌ر تۆماركراون

هەواڵ / کوردستان :: 30/07/2019‌ :: 120‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا

به‌ڕێوەبه‌رایەتى گشتى ته‌ندروستى پارێزگاى دهۆك رایدەگەیەنێت: لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، 745 حاڵەتی توشبووی شێرپەنجەی جگەر لە سنووری پارێزگاکە تۆمارکراوە.


د. فه‌رهاد ئیسماعیل، به‌رپرسى به‌شى ئایدز و شێرپه‌نجه‌ى جگه‌ر له‌ به‌ڕێوەبه‌رایەتى گشتى ته‌ندروستى پارێزگاى دهۆك به‌دواڕۆژی وت: "دوو جۆر ڤایرۆسى مه‌ترسیدار له‌ نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌ى جگه‌ر هه‌ن، ئه‌وانیش جۆرى (بى و سى) و هۆکاری سه‌ره‌كى تووشبوون به‌م ڤایرۆسانه‌ تێكه‌ڵبوونى خوێنى پیس یان به‌كارهێنانى ده‌رزى پیسبووى به‌ ڤایرۆسه‌ و له‌ دایكى دووگیانیش بۆ منداڵه‌كه‌ى ده‌گوازرێته‌وه‌ و كردارى سێكسى ناته‌ندروست، به‌گوێره‌ى پرۆژه‌یه‌كى رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى تاساڵى 2030 ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بنبڕ ده‌كرێت".

وتیشی: "بۆ رێگرتن له‌ تووشبوونى هه‌ر كه‌سێك به‌م ڤایرۆسانه‌ پێش ئه‌وه‌ى منداڵ لەدایکبێت ڤاكسینی پێدەدرێت و بۆ ئه‌مساڵ هه‌وڵى سه‌ره‌كى ئێمه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ رێگا نه‌ده‌ین له‌ لایه‌ن دایكى تووشبوو ئه‌م ڤایرۆسه‌ بۆ منداڵه‌كه‌ى بگوازرێته‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ دایك پشكنینى پێویست ئه‌نجام بدات و ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت كه‌ تووشبووه‌ ئه‌وكات ڤاكسین دەدرێت بە منداڵەکە، هەروەها پێویسته‌ پێش ئەنجامدانی هاوسەرگیریش ئه‌م پشكنینانه‌ ئه‌نجام بدرێت".

ئەوەشی خستەڕوو: ئەمساڵ 90 هەزار پشكنین بۆ ئه‌م جۆره‌ نه‌خۆشییه‌ كراوه‌، دەرکەوتووە کە 639 کەس تووشی ئەم نەخۆشییە بوونە لە جۆری (بی) و 106 کەسیش تووشی جۆری (سی) بوون.

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە