له‌ هه‌رێم زیاتر له‌ دوو هه‌زار كه‌س تووشى هه‌وركردنى جگه‌ر بوون

هەواڵ / کوردستان :: 29/07/2019‌ :: 389‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

زیاتر له‌ دوو هه‌زار كه‌س له‌ هه‌رێمى كوردستان تووشى ڤایرۆسى هه‌وكردنى جگه‌ر بوون و به‌شێك له‌وانه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم ده‌ڵێت"رێژه‌كه‌ مه‌ترسیدار نییه‌".


به‌پێى ئامارێكى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم، له‌ ساڵى 2017دا 690 كه‌س له‌ هه‌رێم تووشى ڤایرۆسى هه‌وكردنى جگه‌ر بوون‌، هه‌روه‌ها له‌ ساڵى 2018دا ژماره‌كه‌ بۆ 590 كه‌س كه‌میكردووه‌، به‌ڵام له‌ماوه‌ى شه‌ش مانگى ئه‌مساڵدا 767 كه‌س تووشى ڤایرۆسه‌كه‌ بوون‌.

ستار حه‌مه‌د قادر، پسپۆڕى نه‌خۆشییه‌ گوازراوه‌كان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ڤایرۆسى هه‌وكردنى جگه‌ر، نه‌خۆشییه‌كى گوازراوه‌یه ‌و چه‌ند جۆرێكى هه‌یه‌، به‌ڵام جۆره‌كانى (A, B, C) له‌ جۆره‌كانى دیكه‌ى مه‌ترسیدارترن".

له‌باره‌ى شێوازى تووشبوون و ئه‌وانه‌ى ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌، ئه‌و پسپۆڕه‌ ده‌ڵێت: "به‌هۆى گواستنه‌وه‌ى خوێن و پێكهاته‌كانیانه‌وه، ڤایرۆسه‌كه‌‌ ده‌گوازرێته‌وه‌، یاخود له‌ رێگه‌ى سێكسكردنى بێ كۆندۆم له‌گه‌ڵ كه‌سێك كه‌ هه‌ڵگرى ڤایرۆسه‌كه‌بێت‌، هه‌روه‌ها له ‌رێگه‌ى ده‌رزیلێدان و به‌كارهێنانى سرنج به‌بێ خۆپارێزى".

ئه‌و پزیشكه‌ پسپۆڕه‌ ئه‌وه‌یشى روونكرده‌وه‌: ئه‌و كه‌سانه‌ى تووشى ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌بن، زۆرتر ته‌مه‌نیان له‌سه‌رووى 40 ساڵییه‌وه‌ن، رەنگی پێڵووی چاوی نه‌خۆشه‌كه‌ زەردهەڵدەگەڕێت و تووشی بەدخۆراكی دەبێ، لەگەڵ ئازاری زۆری جگەر، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له ‌بێهێزبوونى زۆرى كه‌سه‌كه.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، له‌مساڵدا چه‌ندین هاووڵاتى له‌ پارێزگاكانى هه‌رێم به‌هۆى ئه‌و نه‌خۆشییه‌ ڤایرۆسییه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم ئامارى گیان له‌ده‌ستدانى هاووڵاتیان ئاشكرا ناكات.

له‌باره‌ى هه‌وڵه‌كانى خۆپارێزى له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌‌، خاڵس قادر وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ده‌ڵێت:"وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌موو رێگه‌یه‌ك بۆ خۆپارێزیى له‌و نه‌خۆشییه‌ ده‌گرێته‌به‌ر، به‌ڵام ئه‌و رێژه‌ى تووشبوونه‌ له‌ هه‌رێم مه‌ترسیدار نییه‌، چونكه‌ بەپێی ئاماری تەندروستی جیھانی لە ھەر وڵاتێك كە رێژەكە 8%  بوو ئینجا دەبێتە رێژەیەكی بەرز و مەترسیی ھەیە، خۆشبه‌ختانه‌ لە ھەرێمی كوردستان رێژەكە لە 2% كەمترە".

پ: ل. م 

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە