وەزیری تەندروستی داواکارییەک ئاڕاستەی هاووڵاتیان دەکات

هەواڵ / کوردستان :: 29/07/2019‌ :: 465‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 


وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت: "سەرقاڵین بە ئامادەکردنی کارنامەی داهاتووی وەزارەتی تەندروستی، بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم هاووڵاتیان، شارەزایان، رێکخراو و سەندیکاکان دەتوانن بە پێشنیار و پڕۆژە و بیرۆکەکانیان بەشداریی ئەو كارنامەیە بن".


سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەدواڕۆژی راگەیاند: "لەژێر رۆشنایی هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەپێناو بەرژەوەندی گشتی بۆ بەرەو پێشبردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و ئاسودەبوونی هاووڵاتیان و پزیشکان و کارمەندان و ستراتیژیەتی حکومەت لە هەرێمی کوردستان ئەو داوایەیان كردووە".

وتیشی: "ئێستا سەرقاڵین بەئامادەکردنی کارنامەی داهاتووی وەزارەتی تەندروستی، بۆ ئەم مەبەستە شارەزایان، پزیشکان، دەرمانسازان، کارمەندانی تەندروستی، فەرمانبەران، سەندیکا، کۆمەڵە، رێکخراوەکانی NGO، هاووڵاتیان و هەر لایەنێکی پەیوەندیدار دەتوانن بە پێشنیار و پڕۆژە و بیرۆکەکانیان تایبەت بە خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی و چارەسەر كردن، بەشدار بن و رەوانەی بکەن لە ماوەی یەک هەفتەدا". 

وەزیری تەندروستی، ئەوە دەخاتەڕوو: هاوکاران و دڵسۆزان دەتوانن لەڕێگەی ئیمەیلی ([email protected]) یان ڤایبەر و واتسئەپ لەسەر ژمارەی (07504636912) پێشنیارەكانیان بنێرن.

بەرزنجی هیواشی خواست: دوو خاڵ رەچاو بکرێت لەكاتی ناردنی پێشنیارەكاندا، یەکەم: رەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی و توانای حكومەت لەبەرچاو بگیرێت و دووەمیش: چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان دەبێت رەچاو بكرێت.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure