توركیا داوای راده‌ستكردنی بكوژانی رووداوەكەی هه‌ولێر ده‌كات

هەواڵ / کوردستانی :: 29/07/2019‌ :: 618‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نووسینگه‌ی هه‌ولێر

حكومه‌تی توركیا به‌ رەسمیی له‌ڕێگه‌ی باڵیۆزخانه ‌و كونسڵخانه‌كەی خۆی له‌ به‌غدا و هه‌ولێر داوای راده‌ستكردنی بكوژانی كارمه‌ند‌ی كونسڵخانه‌ی وڵاتەكەی لەهه‌ولێر ده‌كات و حكومه‌تی هه‌رێمیش ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و داوایه‌ ده‌رنه‌بڕیوه‌.


(رۆژی 17ی ته‌مموزی 2019) له‌ رێستۆرانتی هۆقه‌بازی هه‌ولێر، كارمه‌ندێكی كونسڵخانه‌ی توركیا له‌ هه‌ولێر و دوو هاووڵاتی هه‌رێمی كوردستان كوژران و رۆژی 25ی هەمان مانگیش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دانپێدانانی 6 تۆمه‌تباری كوشتنی كارمه‌نده‌كه‌ی كونسڵخانەكە‌ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ سیانیان هاووڵاتی باكوری كوردستان بوون.

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، توركیا به‌ رەسمیی داوای راده‌ستكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كردووە كه‌ خه‌ڵكی توركیان و تۆمه‌تبارن به‌ هێرشه‌كه‌ی رێستۆرانتی هۆقه‌بازی هه‌ولێر، تا له توركیا دادگاییان بكات، به‌ڵام تائێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی نه‌داونه‌ته‌وه‌.

دواڕۆژ زانیویه‌تی هۆكاری وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی داواكه‌ی توركیا له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانەوە په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ڕووی ده‌ستورییه‌وه‌ ئه‌و داوایه‌ی توركیا پێویسته‌ ڕه‌زامه‌ندی به‌غدای له‌سه‌ر بێت و جگه‌ له‌وه‌ش به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه كه‌ تائێستا ره‌وتی لێكۆڵێنه‌وه‌كان ته‌واو نه‌بوون و چه‌ند تاوانبارێكی دیكه‌ش ماون ده‌ستگیر بكرێن.

به‌پێی ده‌ستوری عێراق، نابێت هیچ هاووڵاتییه‌كی به‌ ره‌گه‌ز عێراقی راده‌ستی وڵاتێكی دیكه‌ بكرێت،‌ هه‌ر به‌پێی ده‌ستوری عێراق نابێت په‌نابه‌ری سیاسی به‌زۆر راده‌ستی وڵاته‌كه‌ی بكرێته‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ ناسر هه‌ركی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش و به‌رگری له‌ په‌رله‌مانی عێراق بۆ دواڕۆژ، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی توركیا جگه‌ له‌ ره‌زامه‌ندی هه‌ولێر له‌گه‌ڵ به‌غداش گفتوگۆ بكات، چونكه‌ ده‌بێت به‌پێی ده‌ستور و یاسا ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌دا بكرێت.

 

ئەیاد كاكەیی، سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بەئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندووە: "لەبەر ئەوەی تاوانەكە لە هەولێر ئەنجامدراوە بێگومان دادگاییەكە لە هەولێر دەبێت".

 

وتیشی: "تۆمه‌تبارانی هێرشه‌كه به‌پێی یاسای ژماره‌ 3ی به‌رەنگاربوونه‌وه‌ی تێرۆر بۆ ساڵی 2006 دادگایی ده‌كرێن".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure