ژمارەیەك سەركردەی دیاری عێراق سزا دەدرێن

هەواڵ / عێراق :: 29/07/2019‌ :: 5999‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ

رۆژنامەیەكی عەرەبی بڵاویكردووەتەوە: سزا ئەمریكییەكان چەند سەركردەیەكی دیاری عێراقی دەگرێتەوە كە بەهۆی گەندەڵییەكانیانەوە بوونەتە هۆی نەگبەتی و برسێتی بۆ خەڵكی عێراق.

 

رۆژنامەی عەرەب-ی لەندەنی ئاشكرایكردووە: رەنگە نوری مالیكی كە خاوەنی 25 كورسی پەرلەمانییە، لەنێوان ساڵانی 2010 – 2014ی حوكمیدا وەك سەرۆك وەزیران گەندەڵییەكانی رووبەڕووی سزای بكەنەوە.

 

رۆژنامەكە لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی بەناوی چەند سەركردەیەكی دیكە كردووە، لەوانە (فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و خەمیس خەنجەر كە سیاسییەكی سوننە مەزهەبە).

 

راپۆرتی رۆژنامەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو: كاتێك ساڵی 2011 هێزەكانی ئەمریكا عێراقیان جێهێشتووە، گۆڕەپانەكە بۆ مالیكی چۆڵبووە، هیچ چاودێرێك نەبووە گەندەڵییەكانی رابگرێت.

 

نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق بەوە تۆمەتبار كراوە كە هەژموونی دەسەڵاتی خۆی بەكارهێناوە بۆ سەركوتكردنی ركابەرەكانی لە شیعە و سوننە و كورد و لەماوەی 8 ساڵی ویلایەتەكەیدا داهاتی نەوتی وڵاتی بۆ خۆی بردووە كە بە سەدان ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت.

 

تۆمەتی هەرە گەورەش كە خراوەتە پاڵی، كەوتنی سێیەكی خاكی عێراقە بەدەستی داعش و ئەو ماڵوێرانییەی بەسەر ناوچە سوننەكانیدا هێناوە لەساڵی 2014دا.

 

چەند سەرچاوەیەكی تایبەت و نهێنی لەبەغداوە ئەوەیان ئاشكرا كردووە: ئەحمەد جبوری پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدین و رەیان كلدانی فەرماندەی شەبەك لەحەشدی شەعبی و نەوفەل عاگوب پارێزگاری پێشووی موسڵ لەلیستی ئەو کەسانەدان كە رەنگە سزاكانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا بیانگرێتەوە.

 

هەر بەپێی ئەو سەرچاوانە: گەر ئەو سزایانە بەسەر سەركردە سیاسییەكانی عێراقدا سەپێندرا، دەرگا واڵا دەكات سزای زیاتر چەندین سەركردە و فەرماندەی دیاری دیكەی عێراق بگرێتەوە.


ئا: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure