شێرپەنجە تەنگی بە خەڵكی بەسرە هەڵچنیوە

هەواڵ / عێراق :: 28/07/2019‌ :: 194‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا


په‌رله‌مانتارێكی پارێزگای به‌سره‌ رایگه‌یاند: له‌ ساڵێكدا هه‌زاران كه‌س له‌پارێزگای به‌سره‌، به‌هۆی پیسبوونی ژینگه‌ و پاشماوه‌كانی شه‌ڕه‌وه‌ تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ و هه‌زاره‌ها منداڵیش به‌ شێواویی له‌ دایكبوون.

 

فالح خه‌زعه‌لی په‌رله‌مانتاری پارێزگای به‌سره‌ له‌په‌رله‌مانی عێراق، له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: پارێزگای به‌سره‌ به‌ده‌ست ‌چه‌ند دۆسیه‌یه‌كه‌وه‌ گرفتاره‌، له‌وانه‌ دۆسیه‌ی پیسبوونی ژینگه‌، نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌، داڕووخان، ئاوه‌ڕۆكان، نقومبوون له‌ شه‌تولعه‌رەب‌، دۆسیه‌ی ماده‌ كیماویی و پاشماوه‌كانی شه‌ڕ.

 

رونیشیكرده‌وه‌: پاشماوه‌كانی شه‌ڕ له‌به‌سره‌، تائێستا نزیكه‌ی یه‌ك ملیار و 300 ملیۆن مه‌تر چوارگۆشه‌ی داگیر كردووه‌، داواشی له‌حكومه‌تی فیدراڵی کرد به‌رپرسیارێتی هه‌ڵبگرێت.

 

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: له‌ئاماری ساڵی 2018دا زیاتر له‌ 9450 هاوڵاتی به‌سره‌ تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ بوون، ئه‌وه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ 2500 منداڵ به‌شێواوی له‌ دایكبوون، هه‌موو ئه‌وانه‌ش به‌هۆی بارودۆخی خراپی ژینگه‌وه‌ بوون.

 

 پێداچوونەوە: ئارام غەفور

ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure