راوێژكارێكى ئه‌ردۆغان: سعودیه‌ هه‌وڵی په‌رده‌پۆشكردنى كوشتنى خاشقچی ده‌دات

هەواڵ / جیهان :: 28/07/2019‌ :: 203‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

یاسین ئه‌كتای، راوێژكاری ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆکی توركیا رایگه‌یاند: سعودیه‌ هه‌وڵی په‌رده‌پۆشكردنى تاوانى كوشتنى خاشقچی ده‌دات و بكوژه‌ راسته‌قینه‌كه‌شی داڵده‌ داوه‌ و توركیاش لێكۆڵینه‌وه‌ى نهێنى له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌كات.


له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا كه‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى (ئه‌لرایه‌ى) قه‌ته‌ریدا ئه‌نجامیداوه‌، ئه‌كتای ده‌ڵێت: "تائێستا ئه‌و پرسه‌ یاساییه‌ و ئێمه‌ سورین له‌سه‌ر راده‌ستكردنه‌وه‌ى ئه‌و تیمه‌ى هه‌ستاون به‌ كوشتنى خاشقچی بۆ ئه‌وه‌ى له‌ توركیا و له‌شوێنى رووداوه‌كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت و چاوه‌ڕێی هه‌نگاوى جددى له‌ سعودیه‌ ده‌كه‌ین و ده‌خوازین له‌و پرسه‌دا هاوكارمان بێت، به‌ڵام پێده‌چێت سعودیه‌ ئه‌و نیازه‌ى نه‌بێت و نایه‌وێت دادگایه‌كى دادپەروەرانە بكرێن بۆ ئاشكراكردنى راستییه‌كان و ده‌زانین له‌ ئێستادا بكوژه‌ راسته‌قینه‌كان به‌ ئازادى ده‌ژین".

دەشڵێت: "ئێمه‌ دڵنیاین كه‌ تیمێكى سعودی ئه‌م كاره‌ی ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام كه‌سانێكى تری شاراوه‌ هه‌ن كه‌ پلانه‌كه‌یان داڕشتووه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌یان راسپاردووه‌ كه‌ ئه‌و تاوانه‌ له‌سه‌ر خاكى توركیا ئه‌نجامبده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ ئیحراج و شه‌رمه‌زار بكه‌ن و ده‌شزانین سعودیه‌ تاوانباره‌ راسته‌قینه‌كه‌ داڵده‌ ده‌دات".

راوێژکارەکە جەختیش دەکاتەوە: "به‌ڵام ئێمه‌ سورین و ئه‌و مه‌له‌فه‌ داناخه‌ین و له‌ لێكۆڵینه‌ نهێنییه‌كانمان به‌رده‌وامین به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌ ئێستادا بووەته‌ ئاسته‌نگ تاوانباره‌ راسته‌قینه‌كان له‌ توركیا نین".

ئەنقەرە به‌رده‌وام ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ئاڕاسته‌ی به‌رپرسانى سعودیه‌ ده‌كات كه‌ هاوكاری توركیا ناكه‌ن له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌رباره‌ى كوشتنى جەمال خاشقچی ئه‌و نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسه‌ى له‌ ئه‌مریكا ده‌ژیا. دوای ده‌ستنیشانكردنى محه‌مه‌د بن سه‌لمان وه‌ك شازادەی جێنشینى سعودیه‌، خاشقچی به‌رده‌وام وتاری بۆ رۆژنامه‌ى واشنتۆن پۆست نووسیوه‌ و تیایدا ره‌خنه‌ى له‌ سیاسه‌تى ئه‌و وڵاته‌ گرتووه‌ هه‌تا ئه‌و كاته‌ى له‌ 2ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2018 له‌ناو باڵیۆزخانەی وڵاته‌كه‌ى له‌ ئیستانبوڵ له‌سه‌ر ده‌ستى تیمێك كوژرا كه‌ له‌سعودیه‌وه‌ ره‌وانه‌ى توركیا كرابوون.

له‌و كاته‌وه‌ هه‌تا ئێستا توركیا ده‌سه‌ڵاتدارانى سعودیه‌ به‌ داڵده‌دانى تاوانباره‌ راسته‌قینه‌كه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات و توركیاش به‌ڵگه‌ى ته‌واوى له‌به‌رده‌سته‌ كه‌ شازاده‌ى جێنشینى سعودیه‌ ده‌ستى له‌و پرسه‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام ریاز ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێن شازاده‌ى جێنشین به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاگاداری ئه‌و پلانه‌ نه‌بووە.

پ: ن.ر

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure