خێزانێكی سلێمانی لە ژیانێكی پڕ نەهامەتی رزگار دەكرێت

هەواڵ / کوردستان :: 28/07/2019‌ :: 1765‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێری ‌‌و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی‌، بە هاوكاریی لایەنە پەیوەندیدارەكان، ژیانی خێزانێكیان لە نەهامەتی و نزیكبوونەوەی دوو كەسیان لەمردن، رزگار كردووە.

عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ چاودێری ‌‌و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی، "27ی تەموزی 2019" بە دواڕۆژی راگەیاند، پاش ئەوەی‌ هاووڵاتییەك پێی راگەیاندوون كە ژیانی خێزانێك زۆر خراپە، بەپاڵپشتی‌ پارێزگاری‌ سلێمانی ‌‌و چەند لایەنێكی پەیوەندیدار، تەواوی‌ ئەندامانی‌ خێزانەكە لە هەڕەشەیەكی‌ راستەقینە رزگاركران.

عومەر گوڵپی وتى:"ئەم خێزانە پێكهاتوون لە باوك ‌و دایكێكی‌ بەساڵاچوو و كچێكی‌ تەمەن 21 ساڵ كە كێشەی‌ ژیری ‌‌و دەروونیی‌ هەیە، كوڕێكی‌ 25 ساڵ بە هەمان شێوە، دوو ئەندامی‌ دیكەشیان بەجۆرێك لە جۆرەكان كێشەیان هەیە، هەریەكە لە باوك ‌و دایكەكە سەرەڕای‌ ئه‌وه‌ى كه‌ بەساڵاچوون، یەكێكیان نابینا و ئەوەی دیكەشیان  نەخۆشیی‌ دەروونیی‌ هەیە. شیرازە و بنەماكانی‌ ژیانكردن لەم ماڵەدا بە تەواوەتی‌ پچڕابوون، ماڵەكە بە تەواوی‌ ببوە زبڵدانێكی‌ گەورەی‌ پڕ لە مێش ‌و مەگەز بە ئاستێك كە هیچ كەس نەیدەتوانی‌ تیایدا بمێنێتەوە، هەریەكە لە ئەندامانی‌ خێزانەكە بەبێ بوونی‌ پەیوەندیی‌ لەگەڵ ئەندامانی‌ دیكەی‌ خێزانەكە دەژیان، نەخۆشیی‌ جۆراوجۆری‌ جەستەیی‌ و دەروونی‌، تووشبوون بە وشكبوونەوە و لێكەوتەكانی‌ دیكەی بەدخۆراكی‌ بەهۆی‌ خراپی‌ و كەمی‌ خواردنەوە، نەبوونی‌ هیچ مەرجێكی‌ تەندروستی‌ لە ماڵەكەدا، گیرۆده‌ى كردبوون".

بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ چاودێری ‌‌و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی ده‌ڵێت:"بەهاوكاریی ‌دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەكان، ئەندامانی‌ خێزانەكەمان گواستووه‌تەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی‌ چارەسەر، پاشان هێشتنەوەیان لە بینایەكی‌ چاودێریی‌ كۆمەڵایەتی‌ بۆ ماوەی‌ 40 رۆژ بۆئەوەی‌ چارەسەری‌ جەستەیی‌ و دەروونی‌ وەرگرن و پاشان دەرفەتی‌ پاككردنەوە و تەعقیمكردن و نۆژەنكردنەوەی‌ ماڵەكەیشیان بڕەخسێت. بەهۆی‌ كۆبوونەوەی‌ زۆری‌ پیسییەوە هەموو ماڵەكە لە سەقف و دیوار و بۆیاخ ‌و دەرگا و پەنجەرە و سیستمی‌ ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبای ماڵه‌كه‌یان نۆژەنكرایەوە".

عومەر گوڵپی‌ دەڵێت:"لە ماوەی‌ زیاتر لە 40 ساڵی‌ رابوردوودا بەڕێوەبەرایەتییەكەیان رووبەڕووی‌ كەیسی‌ لەمجۆرە نەبووه‌تەوە. بەهۆی‌ ئاڵۆزی‌ و فرەكێشەیی‌ خێزانەكەوە پێویست بووە زیاتر لە رێكارێك و رێوشوێنێك بگرینەبەر، پرۆسەكەیش لەڕۆژی 6ی ئایاره‌وه‌ دەستی‌ پێكردووە تا 17ی‌ تەموز. دواتر خێزانەكە گەڕێنرانەوە ماڵی‌ خۆیان و لە دۆخێكی‌ نوێ ‌و هەلومەرجێكی‌ تەندروستی‌ شیاودا ده‌ژین".

پ: ل. م

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure