سەركردەیەكی دیاری گۆڕان دەستی لە پۆستێکی حیزبەکەی كێشایەوە

هەواڵ / کوردستان :: 27/07/2019‌ :: 1650‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كەمال 


(ئەمڕۆ شەممە 27ی تەمموزی 2019)،  حەمە تۆفیق رەحیم، سەركردەی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامی خانەی راپەڕاندنی ئەو حیزبە دەستی لە خانەی راپەڕاندنی حیزبەکە كێشایەوە.

چالاکی موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بە دواڕۆژی راگەیاند: لەبەرئەوەی بڕیارێکی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان هەیە، هەرکەسێک ئەندامی خانەی راپەڕاندن بێت بۆی نییە خۆی بۆ پۆستە حکومییەکان کاندید بکات، لەئێستاشدا حەمە تۆفیق رەحیم کە ئەندامی ئەو خانەیەیە، خۆی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم کاندید کردووە، بۆیە دەستی لە خانەی راپەراندنی حیزبەکە کشاندووەتەوە.

وتیشی: "تائێستا بە رەسمی بۆ ئەو پۆستە تەنیا حەمە تۆفیق رەحیم خۆی کاندید کردووە و عومەری سەید عەلی دواتر کاندیدی پۆستەکان یەکلا دەکاتەوە".

لە کۆبونەوەی پێشووی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بڕیاردرا 14ی ئەیلولی ئەمساڵ هەڵبژاردن بۆ خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی ئەنجامبدرێت.


محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم له‌ ساڵی 1953 له‌ سلێمانی له‌دایكبووه‌ و سه‌ره‌تا له‌ ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا ده‌ستی به‌كاری سیاسی كردووه‌ و ساڵی 2003 كاتێك ئەنجومەنی حوكم عێراقی بەڕێوەدەبرد، وەزیری پیشەسازی عێراق بووە.

ناوبراو بڕوانامه‌ی ئه‌ندازیاریی له‌ زانكۆی موسته‌نسریه‌ له‌ به‌غدا هه‌یه‌ و دواتر خوێندنی باڵای له‌ زانكۆكانی فره‌نسا و بریتانیا خوێندووه‌.

داڕشتنەوە: ئارام غەفور

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure