جڤاتی نیشتمانی دەسەڵاتی دایەوە بە عومەری سەید عەلی

هەواڵ / کوردستان :: 27/07/2019‌ :: 270‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كەمال


جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەسەڵاتی دایە رێكخەری گشتی بۆ دیاریكردنی كاندید بۆ تەواوكردنی ئەو پۆستانەی كە بەركەوتەی گۆڕانن لە كابینەی نوێ و بڕیاریشیاندا پێش كۆتایی ئەمساڵ كۆنفرانسی نیشتمانیی ببەسترێت.

 
لەدوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی، بەهادین ئەحمەد ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بە دواڕۆژی وت: "كۆبوونەوەكە دوو تەوەر بوو، تەوەری یەكەم تەواوكردنی دیاریكردنی كاندیدەكان بوو كە بەركەوتەی بزوتنەوەی گۆڕانن لە كابینەی نوێ كە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم و بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و نوێنەرایەتییەكانی دەرەوەن و تەوەری دووەمیش باسكردن بوو لە ئەنجامدانی كۆنفرانسی نیشتمانی".
 
ئاماژەی بەوەشدا "لە كۆبوونەوەكەدا رێكخەری گشتی سەرپشك كرا بۆ یەكلایی كردنەوە و دیاریكردنی كاندیدەكان بۆ پڕكردنەوەی پۆستە تەواوكارییەكانی بەركەوتەی گۆڕان، ئەویش بە راوێژ لەگەڵ مەكۆكان".
 
بەهادین ئەحمەد، باسی لەوەشكرد: "لە كۆبوونەوەكەدا بڕیارماندا ئامادەكاری بكرێت بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسی نیشتمانی و مەكۆكان ئاماری خۆیان پێشكەش بكەن لەكۆتایی ئەمساڵدا كۆنفرانس ئەنجام بدرێت، بۆ ئەم مەبەستەش هەفتەی داهاتوو لەگەڵ باژێڕوانەكان كۆبوونەوەمان هەیە".

 پێداچوونەوە: ئارام غەفور

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure