هۆشداريى ده‌درێته‌ پزیشكانى هه‌رێمى كوردستان

هەواڵ / کوردستان :: 27/07/2019‌ :: 4256‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بڕیارەكەی سەندیكای پزیشكانی كوردستان بۆ نووسینی رەچەتەی دەرمان بە کۆمپیوتەر لەلایەن پزیشكانەوە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و سەندیكاش چاودێری جێبەجێكردنیان دەكات و ئەگەر لەمەودوا پزیشکەکان پێوەی پابەندنەبن، ئاگاداریان دەكەنەوە و ئەو كاتە بڕیار دەدەن.


د.تەها مەحوی، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای پزیشكانی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: "مانگی نیسانی ئەمساڵ بڕیاری نووسینی رەچەتەی دەرمان بە كۆمپیوتەر لەلایەن پزیشكان دەرچووە و ماوەی سێ مانگیش بۆ جێبەجێكردنی دانراوە كە لەهەر سێ پارێزگاكە جێبەجێبكرێت".

وتیشی: "پێشتریش بەشێك لەپزیشكەكان ئەو سیستمەیان پەیڕەو كردبوو، ئێستاش بەشێكی دیكەیان جێبەجێیان كردووە، بەڵام بەشێكی كەمی پزیشكان كە بەتەمەنن و شارەزاییان لەكۆمپیوتەر نییە ناتوانن ئەو سیستمە بەكاربێنن، بۆیە رەنگە چاوپۆشی لەو پزیشكانە بكرێت، بەڵام بەدواداچوون بۆ ئەوانەی دیكەش دەكرێت".

سەبارەت بەوەی تائێستا لەسەر بەكارنەهێنانی كۆمپیوتەر بۆ نووسینی رەچەتە هیچ پزیشكێك سزادراوە، مەحوی ئاماژەی بەوەكرد: پرۆسەكە لەماوەی یاسایی سەرەتادایە، بەڵام ئەگەر لەمەودوا پزیشکەکان پێوەی پابەندنەبن، ئاگاداریان دەكەینەوە و ئەو كاتە بڕیاری دیكە دەدەین.

پ: ن.ر
 بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure