دادگا بڕیارى كۆتایى له‌باره‌ى تاوانبارى كوشتنى ژنه‌ دووگیانه‌كه‌ ده‌ركرد

هەواڵ / کوردستان :: 26/07/2019‌ :: 5584‌ جار بینراوە
(جیهان) و یه‌كێك له‌ منداڵه‌كانى

دواڕۆژ، دهۆك

دادگاى دهۆك بڕیارى كۆتایی له‌سه‌ر سزاى ئه‌و كه‌سه‌ دا كه‌ تاوانباره‌ به‌ كوشتنى هاوسه‌ره‌ دووگیانه‌كه‌ى.


بنه‌ڕه‌تى رووداوه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 14ى نیسانى 2018 كاتێك تاوانبار (ئـ. س) هاوسه‌رى خۆى به‌ناوى (جیهان حه‌كیم حه‌سه‌ن) دووگیان و دایكى دوو منداڵ له‌سه‌ر رێگاى نێوان زاخۆ-دهۆك له‌ گوندى (ئاسیهێ) به‌ به‌رد كوشت.

دواتریش دادگاى دهۆك له‌ 3ى ته‌مموزى 2018، به‌پێى مادده‌ى 405 له‌ یاسای سزادانى عێراقى، بڕیاریدا تاوانبار به‌ 12 ساڵ زیندانى سزابدرێت. 

به‌ڵام كه‌سوكارى (جیهان) له‌ رێگه‌ى پارێزه‌رى خۆیانه‌وه‌ ناڕه‌زاییان نیشاندا و جارێكى دیكه‌ بڕیاره‌كه‌یان گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ دادگاى ته‌میز.

فه‌رهاد حه‌كیم، براى (جیهان) بۆ دواڕۆژ وتى: دادگاى ته‌میز بڕیاریدا دۆسیه‌كه‌ به‌پێى مادده‌ى 406 له‌ یاسای سزادانى عێراقى یه‌كلابكرێته‌وه‌ و سزاى تاوانبار قورستربێت، بۆیه‌ دوێنێ 25ى ئه‌م مانگه‌ دادگاى دهۆك بڕیارى كۆتایی خۆیدا كه‌ تاوانبار (ئـ. س) هه‌تا مردن زیندانى بكرێت.

وتیشى: "پێویستبوو دادگا بڕیارى له‌سێدا‌ره‌دانى بۆ تاوانبار بدایه‌ كه‌ داواى خێزانى ئێمه‌ بوو، به‌ڵام به‌م حوكمه‌ش رازى ده‌بین".

بۆ زانینى زیاتر له‌باره‌ى ئه‌و رووداوه‌ كلیك لێره‌ بكه‌.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

پ: ن.ر

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure