منداڵێك به‌ زیندوویی دۆزرایه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 26/07/2019‌ :: 839‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

شه‌وی رابوردوو له‌ هه‌ولێر منداڵێكی ته‌مه‌ن دوو رۆژه‌ به‌ زیندوویی دۆزرایه‌وه‌ و به‌رپرسێكیش ده‌ڵێت: ته‌ندروستی باشه‌. 


 د. هاله‌ جه‌واد، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی له‌دایك بوون و منداڵانی هه‌ولێر (ئه‌مڕۆ هه‌ینى 26ى ته‌مموزى 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: منداڵه‌كه‌ كوڕه‌ و هێندراوه‌ته‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ و ته‌ندروستیشی باشه‌. 

وتیشی: "له‌كاتی گه‌یاندنی منداڵه‌كه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ پزیشكان هه‌رزوو چاره‌سه‌ری پێویستیان بۆ كردووه‌، پێویستی به‌ پێدانی شیر-یش هه‌بووه‌ و شیریشی بۆ دابینكراوه‌".

به‌پێی  زانیارییه‌كان منداڵه‌كه‌ ته‌مه‌نی دوو رۆژه‌، به‌ڵام تائێستا نازاندرێت هۆكاری فڕێدانی چییه‌؟

به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: چه‌ند رۆژێك منداڵه‌كه‌ لای خۆیان ده‌هێڵنه‌وه‌ تا ئه‌وكاته‌ی به‌پێی یاسا چاره‌سه‌ری بۆ ده‌دۆزرێته‌وه‌ و گه‌ر كه‌سوكاره‌كه‌ی منداڵه‌كه‌یان وه‌رگرته‌وه‌ ده‌درێته‌وه‌ به‌وان گه‌رنا به‌پێی یاسا ده‌درێته‌ كه‌سێكی تر كه‌ منداڵه‌كه‌ له‌خۆی بگرێت. 

سه‌باره‌ت به‌ ئاشكراكردنی كه‌سوكاری منداڵه‌كه‌ هۆگر عه‌زیز، وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: پۆلیس ده‌ستی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ كردووه‌ و هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ رێگه‌ی كامێرای چاودێرییه‌وه‌ ئاشكرایان بكه‌ن. 

فرێدانی ئه‌م منداڵه‌ له‌كاتێدایه‌ رۆژی 25ی ئه‌م مانگه‌ منداڵێكی تر له‌ قه‌زای سۆران به‌ زیندوویی دۆزرایه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سوكاره‌كه‌یه‌وه‌ فڕێدرابوو. 

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure