"به‌غداو هه‌رێم ئاماده‌نین خه‌رجى هه‌ڵدانه‌وه‌و هێنانه‌وه‌ى گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان بگرنه‌ئه‌ستۆ"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1568‌ جار بینراوە
به‌ختیار فه‌ره‌ج

دواڕۆژ، سامان قوبادى 

 جگه‌ له‌و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ى له‌ سه‌ماوه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌، باس له‌ بوونى چه‌ند گۆڕێكى ترى به‌ كۆمه‌ڵ بیابانه‌دا ده‌كرێت، به‌ختیار فه‌ره‌ج، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوان له‌ وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى هه‌رێم له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا ده‌ڵێت: "به‌غدا و هه‌رێم پاره‌ بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ و هێنانه‌وه‌ى گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان دابین ناكه‌ن".


دواڕۆژ: له‌و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ى دۆزیوتانه‌ته‌وه‌ چه‌ند روفاتى تێدایه‌؟ خه‌ڵكى كام ناوچه‌ى كوردستانن؟
به‌ختیار فه‌ره‌ج:
ساڵى 1988 ئه‌نفالكراون و زینده‌ به‌چاڵ كراون، یه‌ك گۆڕى به‌ كۆمه‌ڵمان له‌ سه‌ماوه‌ هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ كه‌ زیاتر له‌ 80 روفاتى تێدایه‌، به‌ڵام هه‌ڵنه‌گیراونه‌ته‌وه‌، رۆژى شه‌ممه‌ ده‌ست به‌ ده‌رهێنان و هه‌ڵگرتنه‌وه‌یان ده‌كه‌ین، جگه‌له‌وه‌ دوو گۆڕى ترى به‌ كۆمه‌ڵ له‌و ناوچه‌یه‌دا هه‌یه‌ رۆژى شه‌ممه‌ ده‌ست به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌یان ده‌كرێت، به‌پێى زانیارییه‌كان سێ گۆڕى به‌ كۆمه‌ڵ له‌ بیابانه‌كانى سه‌ماوه‌ هه‌ن، دواى جه‌ژنى قوربان دوو گۆڕ هه‌ڵده‌درێنه‌وه‌، له‌و ناوچه‌یه‌ گۆڕى به‌ كۆمه‌ڵى زۆرترى لێیه‌، به‌ڵام به‌و سێ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ زیاتر له‌ 300 روفاتى تێدا بێت، ئه‌م گۆڕه‌ى ئێستا هه‌ڵدراوه‌ته‌وه‌ ژن و منداڵن، بۆیه‌ ئه‌گه‌رى زۆره‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانى تر پیاوه‌كان بن، به‌ جلوبه‌رگه‌كانیان دیاره‌ كه‌ كوردن، تا پشكنینى (DNA)یان بۆ نه‌كرێت نازانرێت خه‌ڵكى كام ناوچه‌ى هه‌رێمن.

دواڕۆژ: ئایا وه‌كو شایه‌تحاڵ كه‌سوكارى ئه‌و كه‌سانه‌ چونه‌ته‌ سه‌ر گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان؟
به‌ختیار فه‌ره‌ج:
وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفاكراوانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ ده‌زگاى شه‌هیدانى عێراق و پزیشكى دادوه‌رى و رێكخراوه‌كانى ئه‌نفال له‌گه‌ڵ كوڕێكى تاقانه‌ى ئه‌نفالمان له‌گه‌ڵه‌، ناتوانم بڵێم ته‌یمور له‌و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ ده‌ربازى بووه‌ یان نا، به‌ڵام ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ له‌ یه‌كێك له‌و گۆڕانه‌ى سه‌ماوه‌ رزگارى بوبێت، چونكه‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان زۆربه‌ى له‌ بیابانى سه‌ماوه‌ن، ته‌یمور په‌یوه‌ندى به‌ وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفال كراوانه‌وه‌ كردووه‌، له‌ هه‌فته‌ى داهاتوو له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم، به‌ڵام ئه‌م گۆڕانه‌ له‌رێگه‌ى چه‌ند شایه‌تحاڵێكى ئه‌م ناوچه‌یه‌ كه‌ ئاگادارى زینده‌به‌چاڵكردنه‌كان بوون دۆزراونه‌ته‌وه‌.

دواڕۆژ: كه‌ى و چۆن روفاته‌كان ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانى خۆیان؟
به‌ختیار فه‌ره‌ج:
نمونه‌ى لێوه‌رده‌گیرێت و ده‌نێردرێت بۆ پزیشكى دادوه‌رى به‌غدا، دواتر به‌ مه‌راسیمێكى شكۆدار ده‌یانهێنینه‌وه‌ بۆ زێدى خۆیان، پێده‌چێت دواى مانگێكى تر بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌.

دواڕۆژ: تراژیدیاترین شت له‌م گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌دا كه‌ بینیوته‌ چییه‌؟ ئه‌و كاتژمێره‌ى دۆزراوه‌ته‌وه‌ ئایا هى ئه‌و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌؟
به‌ختیار فه‌ره‌ج:
ئه‌م گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ هه‌مووى منداڵ و ژنن، ناخۆشترین شت بینینى مه‌مه‌ى شیرى منداڵ و قه‌تره‌ و ملوانكه‌یه‌، به‌ڵام هیچ پیاوێكى تیا نییه‌، ئه‌و كاتژمێره‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ دووره‌ له‌ راستیه‌وه‌، هیچ كاتژمێرێك له‌ناو ئه‌م گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌.

دواڕۆژ: ته‌مه‌نى ژن و منداڵه‌كان چه‌ندن؟
به‌ختیار فه‌ره‌ج:
منداڵى ته‌مه‌ن دوو مانگى تێدایه‌ تا 9 ساڵ، رێژه‌ى منداڵه‌كانیش زۆرن، منداڵى وه‌هاى تێدایه‌ له‌ باوه‌شى دایكى بووه‌ و زینده‌به‌چاڵ كراوه‌، ته‌مه‌نى ژنه‌كان له‌سه‌رو 40 بۆ 50 ساڵه‌وه‌یه‌.

دواڕۆژ: كاره‌كانى هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى ئه‌م گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌ به‌ كوێ گه‌یشتووه‌؟
به‌ختیار فه‌ره‌ج:
پاككردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌میان ته‌واوكراوه‌، به‌شه‌و ده‌ست به‌كاركردن ده‌كه‌یت تا كاتژمێر 10ى سه‌ر له‌به‌یانى، به‌هۆى پله‌ى به‌رزى گه‌رمى بیابانه‌كانى سه‌ماوه‌ ناتوانین به‌ رۆژ كاربكه‌ین، ته‌نیا هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى روفاته‌كان ماوه‌ كه‌ به‌ پێنج رۆژ كۆتایى پێدێت.

دواڕۆژ: كێ خه‌رجى هه‌ڵدانه‌وه‌ و هێنانه‌وه‌ى گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان دابینده‌كات؟
به‌ختیار فه‌ره‌ج:
به‌پێى یاسا پێویسته‌ خه‌رجى هه‌ڵدانه‌وه‌ و هێناوه‌ى ئه‌م گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵانه‌ حكومه‌تى ناوه‌ند دابینى بكات، ئێمه‌ تیمێكى هاونیشتیمانیمان دروستكردووه‌، به‌داخه‌وه‌ نه‌ به‌غدا و نه‌ حكومه‌تى هه‌رێم هیچ بودجه‌یه‌كى بۆ ته‌رخان نه‌كردوین، وه‌ك 20 فه‌رمانبه‌رى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان چوین بۆ سه‌ماوه‌، هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كمان بۆ دابین نه‌كراوه‌، داواشمان له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كردووه‌ بۆ دابینكردنى سلفه‌یه‌ك، به‌ڵام وه‌ڵامیان نه‌داینه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ به‌غدا و هه‌رێم ئاماده‌نین خه‌رجى هه‌ڵدانه‌وه‌ و هێنانه‌وه‌ى گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان بگرنه‌ئه‌ستۆ. 

دواڕۆژ: ئه‌ى چۆن خه‌رجیتان دابینكردووه‌؟
به‌ختیار فه‌ره‌ج:
 بڕێك پاره‌مان له‌ وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى هه‌رێم وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام به‌شى نه‌كردوین و بڕه‌كه‌ى كه‌م بوو، بۆیه‌ داوامان له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كردووه‌ نوسراوێك ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق بكات بۆ دابینكردنى بودجه‌یه‌كى تایبه‌ت، ئه‌گه‌ر بودجه‌ نه‌بێت كێشه‌ بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ و هێنانه‌وه‌یان دروست ده‌بێت، جگه‌له‌وه‌ ئه‌و تیمه‌ى له‌ به‌غداوه‌ هاتوون ده‌رماڵه‌ی مه‌ترسییان هه‌یه‌، به‌ڵام فه‌رمانبه‌رانى ئێمه‌ به‌ خۆبه‌خش كاریان كردووه‌ و هیچ ده‌رماڵه‌یه‌كیان بۆ خه‌رج نه‌كراوه‌. 

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure