دهۆك: فڕۆكه‌كانی توركیا ئۆتۆمبێلێكی پەكەكە دەكەنە ئامانج

هەواڵ / کوردستان :: 25/07/2019‌ :: 601‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك، ره‌ڤه‌ند

فڕۆكه‌كانی توركیا له‌ گوندێكی پارێزگای دهۆك هێرشیان كرده‌سه‌ر ئۆتۆمبێلێكی پارتی كرێكارانی كوردستان.

دوانیوه‌ڕۆی (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ 25ی ته‌مموزى 2019) فڕۆكه‌كانی توركیا له‌ گوندی (میسكا)ی ناوچه‌ی به‌رواری باڵا هێرشیان كرده‌سه‌ر ئۆتۆمبێلێكی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ و له‌ ئه‌نجامدا 2 گه‌ریلا بوونه‌ قوربانی، وه‌ك ئه‌وه‌ى شه‌هاب یاسین، شایه‌تحاڵی رووداوه‌كه‌ به‌ دواڕۆژى وت.

وتیشی: "یه‌كێك له‌و گه‌ریلایانه‌ هه‌ر له‌ شوێنی بۆردومانه‌كه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌ و ئه‌وى تر به‌ برینداری توانیویەتی خۆی رزگار بكات".

دوای ئه‌و هێرشه‌ ئاگر به‌ربووەتە‌ پووش و پاوانی گوندی (میسكا) و تاوه‌كو ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه‌ش ئاگره‌كه‌ به‌رده‌وامیی هەیە.

هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر گه‌ریلا‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ سنووری بادینان به‌رده‌وامە، دوێنێش له‌ گوندی (چه‌قه‌لا)ی به‌رواری باڵا هێرش كرایه‌سه‌ر ئۆتۆمبێلێكی دیكه‌ی ئەو پارتە.

 

لەلایەكی دیكەوە هەر ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردومانی ناوچەیەکیان کردووە کە دەکەوێتە سەر رێگەی گوندی دێرەشێ لە بناری چیای گارە و 7 جار هێرشیان بۆ سەر ئەو ناوچەیە ئەنجامداوە، بەپێی زانیارییەكان بارەگایەكی پەكەكە لەو سنوورە هەیە و هێشتا دیارنییە زیانەكان چەندن.

بناری چیای گارە کەمتر لە سێ کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای ئامێدی دوورە و بەسەختی بۆردومان دەکرێت.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure