دواڕۆژ هۆكارى شه‌ڕه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى شه‌نگال ئاشكرا ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 24/07/2019‌ :: 1034‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ره‌ڤه‌ند گوهه‌رزى

دوانیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 24ى ته‌موزى 2019) چه‌كدارانى داعش له‌ باشوورى چیاى شه‌نگال هێرشیان كرده‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌كانى فه‌رمانده‌یى شه‌نگال، شه‌ڕه‌كه‌ به‌ كوژرانى هه‌شت چه‌كدار و دۆزینه‌وه‌ى ته‌رمى دوو پێشمه‌رگه‌ى ئێزدى كوتاییهات.


خدر دیرۆ خانه‌سوورى، چالاكوانى ئێزدى و كه‌سێكى ئاگادار له‌ بێسه‌روشوێنبوونى دوو كه‌سى ئێزدى له‌ شه‌نگال به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "ئێواره‌ى دوێنێ چه‌كدارانى داعش دوو هاووڵاتى ئێزدى-یان له‌ ناوچه‌ى خانا شه‌هوانیا له‌ نزیك كارگه‌ى چیمه‌نتۆ ده‌ستگیركردبوو كه‌ بۆ راوه‌ كه‌و چووبوونه‌ ئه‌و شوێنه‌، دواتر كوشتبوویانن و خۆیان له‌و ناوچه‌یه‌ شاردبوه‌وه‌".

وتیشى:"دواى ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ڕ و پێكدادان له‌نێون پێشمه‌رگه‌كانى فه‌رمانده‌یى شه‌نگال و چه‌كدارانى داعش له‌و ناوچه‌یه‌ روویدا، هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ توانییان شكست به‌ هێرشى داعش بێنن".

خدر دیرۆ خانه‌سوورى ده‌ڵێت:"دواى كوتاییهاتنى ئه‌و شه‌ڕ و پێكدادانه‌، هه‌شت چه‌كدارى داعش كوژران و ناوچه‌كه‌ به‌ته‌واوى كه‌وته‌ ژێر كۆنترۆڵى پێشمه‌رگه‌، دواى كێوماڵكردنى شوێنى شه‌ڕه‌كه‌یش ته‌رمى هه‌ردوو هاووڵاتییه‌ ئێزدییه‌كه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌".

هه‌روه‌ها وتى: "شه‌هیدكردنى ئه‌و دوو كه‌سه‌ ئێزدییه‌،‌ هۆکارى دروستبوونى شه‌ڕ و پێكدادانى ئه‌مڕۆى باشورى چیاى شه‌نگال بوو".

به‌ وته‌ى خدر: "ئه‌و دوو هاووڵاتییه‌ ئێزدیه‌ به ‌ناوه‌كانى(حسێن خه‌له‌ف عه‌تیش) و (شێخ حه‌جی حه‌سه‌ن شێخ حه‌مو) پێشمه‌رگه‌بوون". 

 

 

پ: ل. م

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure