یه‌كگرتووی ئیسلامی داوای پۆستی حكومه‌تی خۆجێی هه‌ولێر ده‌كات

هەواڵ / کوردستانی :: 25/07/2019‌ :: 183‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

به‌پێی رێککه‌وتنێكی پێشوو یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ حكومه‌تی خۆجێی هه‌ولێر چه‌ند پۆستێكی به‌ر ده‌كه‌وێت، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ئه‌و پۆستانه‌ی پێنه‌دراوه‌ و به‌رپرسێكی ئه‌و حیزبه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت "له‌دوای په‌سه‌ندكردنی یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان داوای ئه‌و پۆستانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌". 

غازی عه‌لی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "هه‌ر چه‌نده‌ یه‌كگرتوو ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی راگه‌یاندووه‌، به‌ڵام له‌ حكومه‌تی خۆجێی هه‌ولێر پێشتر به‌ رێكکه‌وتنێك چه‌ند پۆستێكی به‌ركه‌وتبوو، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ئه‌و پۆستانه‌ی پێنه‌دراوه‌".

وتیشی: "حیزبەکەی چاوه‌ڕێی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و بڵاوكردنه‌وه‌یەتی له‌ رۆژنامه‌ی واقائیع گفتوگۆكان بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆستانه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ینه‌وه‌ و ئه‌وكات قسه‌ی خۆمان ده‌بێت". 

روونیشیكرده‌وه‌: راسته‌ حكومه‌تی خۆجێی له‌ شارێكه‌وه‌ بۆ شارێكی تر جیاوازه‌، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌ و به‌پێی رێکكه‌وتنه‌كه‌ش ده‌بێت یه‌كگرتوو پۆستی له‌ هه‌ولێر پێبدرێت.

عه‌لی ره‌شید، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "له‌ دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان راسته‌وخۆ نوسراو ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر ده‌كه‌ن بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆستانه‌.

ئاشكراشیكرد: ئه‌وان چاوه‌ڕێی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ن تاوه‌كو راسپارده‌یه‌ك ده‌ربكات بۆ ئه‌وه‌ی پۆسته‌ به‌تاڵه‌كان پڕبكرێنه‌وه‌، ئه‌وكاته‌ ده‌كرێت لایه‌نه‌كانیش گفتوگۆ له‌سه‌ر پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆستانه‌ بكه‌ن. 
  
پ: ک. س
بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure