پارتى و یه‌كێتى و گۆڕان له‌باره‌ى چه‌ند پۆستێكى كابینه‌ى نوێ ناكۆكن

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 265‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

له‌دواى ده‌ستبه‌كاربوونى كابینه‌ى نوێ هێشتا هه‌ندێک پۆست ماون پڕنه‌كراونه‌ته‌وه‌ و هه‌ریه‌ك له‌ پارتى و یه‌كێتى و گۆڕان له‌سه‌ر به‌شێك له‌و پۆستانه‌ ناكۆكن و هه‌ریه‌كه‌یان به‌ مافى خۆیانى ده‌زانن.


به‌پێى به‌دواداچوونه‌كانى دواڕۆژ، هێشتا پارتى و یه‌كێتی له‌سه‌ر پۆسته‌كانى یاریده‌ده‌رانى سه‌رۆكى حكومه‌ت و ئه‌میندارى گشتیى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و ژماره‌یه‌ك بڕیكارى وه‌زیر نه‌گه‌یشتوونه‌ رێككه‌وتن.

سەرۆكی حكومەت سێ یاریدەدەری دەبێت و پارتیش بەنیازە بەبێ دەركردنی یاسا لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە، فەرمانی دەستبەكاربوونیان بۆ ده‌رده‌كات ئەوانیش جەلال جەوهەر، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازیی و رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی و ئاشتی هەورامی، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزە.

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان دانانى رێباز حه‌ملان بۆ ئه‌و شوێنه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ پارتیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و پۆسته‌ بدرێته‌وه‌ وه‌زیرى دارایى پێشووى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و داواشى له‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ كردووه‌ له‌ماوه‌ى چه‌ند رۆژى داهاتوو ناوى كاندیدى یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ كاروبارى چاكسازیى پێشكه‌شبكه‌ن.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوای پۆستێكی وەزارەتی پێشمەرگە دەكەن و هەردوولاش ئەو پۆستە بەمافی خۆیان دەزانن.

به‌پێى رێككەوتنی پارتی و گۆڕان پۆستی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە پشكی گۆڕان-ه‌ و بۆ ئەو مەبەستەش چەند كەسێك سیڤی-یان پێشكەشكردووە و یەكێتیش ئەو پۆستە بە پشكی خۆی دەزانێت و رایگەیاندووە بەهیچ شێوەیەك پارتی باسی ئەوەی لەگەڵ نەكردوون، كە ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە ده‌ده‌ن به‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و به‌پێى بڕگه‌یه‌كى رێككه‌وتنه‌كه‌شیان له‌گه‌ڵ پارتى سه‌رجه‌م پۆسته‌كانى كابینه‌ى رابوردوویان پارێزراو ده‌بێت و له‌ كابینه‌ى رابوردووش ئه‌و پۆسته‌ لاى ئه‌وانه‌.

دواڕۆژ زانیویه‌تى هه‌رچه‌نده‌ گۆڕان داوایكردووه‌ پرسی یاریدەدەرانی سەرۆكی حكومەت بدرێته‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام پارتى پێیوایه‌ پێویستی بە دەركردنی یاسا لە پەرلەمان نیە و لە دەسەڵاتی سەرۆكی حكومەتدایە.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، به‌پێى رێككه‌وتنى نێوان پارتى له‌گه‌ڵ گۆڕان و یه‌كێتیى، گۆڕان چوار پۆستى بریكارى وه‌زیرى ده‌بێت و یه‌كێتیش شەش بریكارى وه‌زیر، به‌ڵام به‌هۆى دیارینه‌كردنى ناوى بریكاره‌كان له‌ئێستادا گۆڕان داواى دوو پۆستى بریكار ده‌كات، یه‌كێتیش داواى هه‌مان ئه‌و دوو بریكاره‌ دەکات.

هێمن شێخانى، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌و كێشانه‌ پێویسته‌ دووباره‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كانى دانوستانكار قسه‌ى له‌سه‌ر بكرێت، چونكه‌ ناكرێت له‌ رێككه‌وتن باسى شتێك كرابێت و له‌ولاشه‌وه‌ پۆستى دیكه‌ و خه‌ڵكى دیكه‌ دابنرێت.

وتیشى: "هێشتا ده‌رفه‌ت ماوه‌ بۆ ده‌ستبه‌كاربوونى كاندیده‌كان ده‌كرێ له‌وماوه‌یه‌دا چاره‌سه‌ر بكرێت".

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure