یه‌كێتى داواى گه‌ڕانه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌رانى خۆی لەسه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 24/07/2019‌ :: 483‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان داواى گه‌ڕانه‌وه‌ى 81 كارمه‌نده‌كه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ده‌كات، كه‌ له‌ماوه‌ى سێ مانگى رابوردوودا گواستنه‌وه‌ى راژه‌یان بۆ وه‌زاره‌ته‌كانى دیكه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم بۆ کرابوو.


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ لقى هه‌ولێرى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "له‌ مانگى نیسانى رابوردوودا نێچیرڤان ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكى پێشووى دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران فه‌رمانى گواستنه‌وه‌ى راژه‌ى بۆ زیاتر له‌ 53 فه‌رمانبه‌رى نوسینگه‌ى كۆسره‌ت ره‌سوڵ، له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و 28 فه‌رمانبه‌رى دیوانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم له‌سه‌ر پشكى یه‌كێتى ده‌ركرد، له‌ هه‌وڵیشدابوو چوار به‌ڕێوەبه‌رى گشتى له‌ دیوانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ راوێژكارێك له‌ پشكى یه‌كێتى خانه‌نشینبكه‌ن".

وتیشى: "كۆیى ژماره‌ى فه‌رمانبه‌رانى یه‌كێتى له‌ دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم له‌سه‌رووى 80 كه‌س بووه‌، هه‌ر هه‌موویان راژه‌كه‌یان له‌ ئێستاوه‌ بۆ وه‌زاره‌ته‌كانى دیكه‌ى حكومه‌ت گواستراوه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه‌كه‌ش ده‌ستكارى موچه‌ و پله‌یان كراوه‌".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاشكراشیكرد: "له‌كاتى دانوستانى یه‌كێتى و پارتى لیژنه‌یه‌ك له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ كه‌ پێكهاتبوون له‌ (فرسه‌ت سۆفى و دڵشاد شه‌هاب)، بۆ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ى ئه‌و فه‌رمانه پێكهێنرا، به‌ڵام ماوه‌ى چه‌ند مانگێك به‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌دا ده‌رچووه‌، تاوه‌كو ئێستاشى له‌گه‌ڵدابێت چاره‌نووسى ئه‌و كه‌سانه‌ نادیاره‌".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "جگه‌ له‌ چوار به‌ڕێوبه‌ر و راوێژكارێك هیچ فه‌رمانبه‌رێكى یه‌كێتى له‌ دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم نه‌ماوه‌، له‌كاتێكدا فه‌رمانبه‌رانى پارتى له‌ شوێنه‌كه‌ى خۆیاندا ماون".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: "یه‌كێتى به‌ فه‌رمى لیستێكى ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ى پێشكه‌شى قوباد تاڵه‌بانى، وه‌ك جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت كردووه‌، داواى گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌كات".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، روونیشیكرده‌وه‌: "ئه‌گه‌ر تاوه‌كو سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌كانیان، ئه‌وا یه‌كێتى له‌ رێگه‌ى كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى ناوه‌ڕۆكى بابه‌ته‌كه‌ ده‌خاته‌ڕوو".

لاى خۆیه‌وه‌ له‌تیف شێخ عومه‌ر، وته‌بێژى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو: "براده‌رانى هه‌ولێر و نوسینگه‌ى كاك كۆسره‌ت له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتى قسه‌یان كردووه‌، به‌ڵام زانیارى لاى من نییه‌".

پ: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure