فازیل نه‌بى: هه‌رێم هه‌نگاوى به‌په‌له‌ نه‌نێت تووشی كێشه‌ی بودجه‌ ده‌بێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 18652‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ، سامان قوبادى

بریكارى پێشووى وه‌زیرى دارایى عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكی دواڕۆژدا رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌گه‌ر هه‌نگاوى به‌په‌له‌ نه‌نرێت بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى نه‌وت، ساڵی داهاتوو كێشه‌ى گه‌وره‌ى دارایى و بودجه‌ بۆ هه‌رێم دروست ده‌بێت، ده‌ڵێت: "له‌سه‌ر مووچه‌ی هه‌رێم له‌ئێستادا كێشه‌ى یاسایى له‌ به‌غدا دروستبووه‌، ئه‌مه‌ش له‌ گفتوگۆى په‌رله‌مانتارانى كورد و عه‌ره‌بدا ده‌رده‌كه‌وێت".  

دواڕۆژ: پێتوایه‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا كێشه‌ى نه‌وت و دارایى یه‌كلایی بكاته‌وه‌؟
فازڵ نه‌بى:
كابینه‌ى نوێ نیه‌تى هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام پێویسته‌ ته‌نیا قسه‌كردن نه‌بێت، به‌ڵكو به‌ كردار بێت، دەتوانێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پشت به‌ كه‌سانى پسپۆڕ ببه‌ستێت له‌ زانكۆكان یان كه‌سى پسپۆڕ له‌ وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێم، ناكرێت وه‌فده‌كان ته‌نیا سیاسییه‌كان بن، چونكه‌ ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ كۆمه‌ڵێك پرسى گشتى باس ده‌كه‌ن، به‌ڵكو خه‌ڵكى پسپۆڕیان له‌گه‌ڵدا بێت، بۆ ئه‌وه‌ى به‌غدا فێڵ له‌ هه‌رێم نه‌كات.

دواڕۆژ: تاكه‌ چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى دۆخى دارایى هه‌رێم ده‌رباز بكرێت له‌وه‌ى تێی كه‌وتووه‌ رووكردنه‌ به‌غدایه‌؟
فازڵ نه‌بى:
پێویسته‌ هاوسه‌نگى تێدا بێت، پێنج ساڵه‌ تووشى ته‌نگژه‌ى دارایى بووین، ناتوانین به‌ته‌نیا پشت به‌ خۆمان یان به‌غدا ببه‌ستین، پێویسته‌ له‌نێوان هه‌ردووكیان به‌ یاسا هاوسه‌نگى تیادا بێت، بۆ ئه‌وه‌ى تووشى كێشه‌ نه‌بینه‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و گرفتانه‌ى ئێستا رووبه‌ڕووى وه‌زیرى دارایى عێراق و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان ده‌بێته‌وه‌، له‌ ئه‌نجامى ئه‌وه‌یه‌ به‌پێى یاسا داواكارییه‌كان نه‌چه‌سپێنراوه‌ كه‌ ده‌بێت له‌ یاساى بودجه‌دا ئه‌مه‌ بكرێت، له‌ئێستاوه‌ هه‌رێم هه‌وڵبدات له‌ به‌غدا كارێك بكات پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ى ساڵى داهاتوو له‌ دژى كورد به‌كارنه‌هێنرێت.

دواڕۆژ: به‌غدا كار بۆ ئاماده‌كردنى پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ى 2020 ده‌كات، هه‌رێم چی بكات بۆ ئه‌وه‌ى به‌شى له‌ بودجه‌ زیاد بكرێت یان وه‌كو خۆى بمێنێته‌وه‌؟
فازڵ نه‌بى:
ئه‌گه‌ر هه‌رێم كێشه‌كانى چاره‌سه‌ر نه‌كات، به‌تایبه‌ت نه‌وت، له‌ بودجه‌ى 2020دا كێشه‌ى گه‌وره‌ترى دارایى بۆ هه‌رێم دروست ده‌بێت، پێویسته‌ هه‌نگاوى به‌په‌له‌ بنێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستور رێككه‌وتن بكرێت، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ى هه‌موو شته‌كانى خۆمان راده‌ستى به‌غدا نه‌كه‌ین، هه‌ر له‌ئێستاوه‌ كێشه‌ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ دروست بووه‌، تائێستاش مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ دره‌نگ ده‌نێردرێت، له‌ 2020دا كێشه‌ى گه‌وره‌ترمان بۆ دروست ده‌بێت له‌ رووى دارایى و بودجه‌، ئه‌گه‌ر به‌تایبه‌ت هه‌رێم هه‌نگاوى به‌په‌له‌ نه‌نێت. 

دواڕۆژ: مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌ به‌غداوه‌ دواده‌كه‌وێت، له‌كاتێكدا وه‌زیرى دارایى كورده‌ و باسى له‌ هۆكارى دواكه‌وتنیشى نه‌كردووه‌، بڕوات وایه‌ كێشه‌كان ته‌كنیكى بێت؟
فازڵ نه‌بى:
نه‌خێر، ته‌نیا كێشه‌ى ته‌كنیكى نییه‌، به‌ڵكو له‌ئێستادا كێشه‌ى یاسایى له‌ به‌غدا دروستبووه‌، ئه‌مه‌ش له‌ گفتوگۆى په‌رله‌مانتارانى كورد و عه‌ره‌بدا ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌رێم كارێكى باشى كرد كه‌ چووه‌ به‌غدا،  پێویسته‌ ئیتر ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنى هه‌نگاوه‌كان بكرێت، ته‌نیا به‌ وه‌زیرى دارایى و په‌رله‌مانتاره‌كان كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت، به‌ڵكو سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت ده‌ستپێشخه‌ر بێت، كورد له‌ به‌غدا ژماره‌یه‌كى كه‌مه‌ و ناتوانێت رووبه‌ڕووى زۆرینه‌ ببێته‌وه‌.

دواڕۆژ: به‌پێى وته‌كانت بێت بۆ ساڵى داهاتوو كێشه‌ى گه‌وره‌ى دارایى بۆ هه‌رێم دروست ده‌بێت، ئه‌گه‌ر پێشوه‌خته‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ نه‌كرێت؟
فازڵ نه‌بى:
حكومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكبكه‌وێت به‌شه‌ بودجه‌كه‌ى زیاد ده‌كات، پشكى ئێستاى هه‌رێم 9 تریلیۆن و 800 ملیار دیناره‌، له‌ 2012 بۆ 2014 پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى عێراق نه‌بوو، به‌ڵام له‌ 2015 زیاتر له‌ 14 تریلیۆن دینار پشكى هه‌رێم بووه‌، به‌ یاسا به‌غدا پشكى هه‌رێمى له‌ بودجه‌ كه‌مكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم كرایه‌وه‌ به‌ 17%ـ،  ئه‌وكات حكومه‌تى هه‌رێم ده‌توانێت نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بكات.

دواڕۆژ: چه‌ند ساڵێك له‌ به‌غدا بوویت، ئایا وه‌زیرى دارایى عێراق كه‌ كورده‌ تواناى زیادكردن یان وه‌ك خۆى هێشتنه‌وه‌ى بودجه‌ى هه‌رێمى هه‌یه‌؟
فازڵ نه‌بى:
وه‌زیر و وه‌زاره‌تى دارایى ده‌توانێت ره‌شنووسى یاساكه‌ وه‌كو ساڵانى پێشتر لێبكاته‌وه‌ و به‌شه‌ بودجه‌كه‌ زیاد بكات، كاتێك ده‌چێته‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و په‌رله‌مانى عێراق ده‌بێت سیاسییه‌كان كارى له‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ته‌نیا وه‌زیرى دارایى كارێكى ئه‌وتۆى پێناكرێت.

دواڕۆژ: ئایا ده‌كرێت هه‌رێمێكی نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆ یاسای بودجه‌ی نه‌بێت كه‌ چه‌ند ساڵه‌ نییه‌تی؟
فازڵ نه‌بى:
هیچ بیانوویه‌ك نییه‌ و ناكرێت كه‌ هه‌رێم بودجه‌ى نه‌بێت، چونكه‌ له‌ رێگه‌ى ئه‌و یاسایه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌درێته‌ حكومه‌ت بۆ خه‌رجكردنى پاره‌، كاتێك له‌ ده‌ره‌وه‌ى بودجه‌ پاره‌ خه‌رج ده‌كرێت پێچه‌وانه‌ى یاسایه‌، به‌ڵام دڵنیام وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێم ئاماده‌كارى بۆ بودجه‌ى ساڵى 2020 ده‌كات و هه‌رێم بودجه‌ى ده‌بێت، ره‌نگه‌ دوابكه‌وێت، به‌ڵام هه‌ر یاساى بودجه‌ دروست ده‌كات و ده‌ینێرێته‌ په‌رله‌مانى كوردستان، پێویسته‌ خه‌رجى و داهات دیاری بكرێت، ئاماده‌كردنى بودجه‌ش به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى پلاندانان بكرێت، هه‌روه‌ها خه‌رجیش كه‌مبكرێته‌وه‌. 
 
پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure