ئاسایشى سلێمانی ده‌ستگیركردنى حه‌وت كه‌سى راگه‌یاند

هەواڵ / کوردستان :: 24/07/2019‌ :: 399‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد


(ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 24ى ته‌مموزی 2019)، ئاسایشى سلێمانى به‌تۆمه‌تى دزینی ئاسنی شۆسته‌ى ناوه‌ڕاستى شه‌قامه‌كان ده‌ستگیركردنى حه‌وت كه‌سى راگه‌یاند.


رزگار حەمەد، لێپرسراوی راگەیاندنی ئاسایشی سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: "ئاسایشى پارێزگاى سلێمانى، به‌مه‌به‌ستى پاراستنی سه‌ر و ماڵی هاووڵاتیان و نه‌هێشتنى هه‌موو جۆره‌ دیارده‌یه‌كى دزیكردن،  رۆژی  9ى ته‌مموز، حه‌وت كه‌سمان ده‌ستگیر كرد،  به‌فه‌رمانى دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌پێى مادده‌ى (446) له‌یاسای سزادانى عێراقى".

وتیشى: "دەستگیرکراوەکان به‌تۆمه‌تی دزین و فرۆشتنی ئاسن و فافۆنی شۆسته‌ى ناوه‌ڕاستى شه‌قامه‌كان دەستگیرکراون كه‌ دانراون بۆ سه‌لامه‌تی گیانی شۆفێران له‌ شه‌قام و رێگە و بانه‌كانی شاری سلێمانی".

لێپرسراوی راگەیاندنی ئاسایشی سلێمانی له‌باره‌ى ناسنامه‌ى ده‌ستگیركراوه‌كانه‌وه‌ رونیكرده‌وه‌: "دەستگیرکراوەکان  به‌ناوه‌كانی ( ا. ع. ك ) له‌دایكبووى ساڵى 1999، ( ا. ا. ص ) له‌دایكبووی 2002، ( ا. ع. ح ) له‌دایكبووی 2002 ( ا. ع. ع ) له‌دایكبووی 1999 ( ب. م. ف ) له‌دایكبووی 1997 (ع. ع. ر ) له‌دایكبووی 1966، ( ر. ع. م ) له‌دایكبووی 1992 کە دوای لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا رووبه‌ڕووی یاسا كرانه‌وه‌".

پ: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure