كەسێک دەستگیر کرا کە فێڵی لە بەشێک لەمووچه‌خۆران كردووه‌

هەواڵ / کوردستان :: 24/07/2019‌ :: 1146‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند کە فێڵی لە کەمئەندامان و خانەنشینان و کەسوکاری شەھیدان كردووه‌.


رزگار حەمەد، لێپرسراوی راگەیاندنی ئاسایشی سلێمانی بە دواڕۆژی وت: "هێزه‌كانى ئاسایشى سلێمانى، رۆژی  7ی تەمموزی 2019 به‌ فه‌رمانى دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌پێى مادده‌ى (456) له‌یاسای سزادانى عێراقى كه‌سێكیان به‌ناوی (م. م. ح) له‌دایكبووى ساڵى 1970 ده‌ستگیركردووه‌".

وتیشی: "به‌تۆمه‌تى فێڵكردن له‌ كه‌مئه‌ندامان و خانه‌نشینان و واریسى شه‌هیدان، ماوه‌ى دوو ساڵه‌ سیمكارتى بێ سه‌ره‌تای كڕیوه‌ له‌ كه‌ركوك، به‌و سیمكارتانه‌ ته‌له‌فۆنى كردووه‌ بۆ هاووڵاتیان، سه‌ره‌تا پرسیارى لێكردوون مووچه‌خۆرن؟ سه‌ر به‌ چی وه‌زاره‌تێكن؟ و خۆى كردووه‌ به‌ كارمه‌ندى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ و پێیوتوون پاره‌ى كۆكراوه‌ت بۆ هاتووه‌ یاخود مووچه‌كه‌تمان بۆ زیادكراوه‌ و له‌به‌رامبه‌ردا (4 بۆ 5) كارتى (25.000) بیست و پێنج هه‌زار دیناری مۆبایلی لێوه‌رگرتوون".

ئاماژەی بەوەشدا: دوای لێكۆڵینه‌وه‌، تۆمه‌تباره‌كه‌ ڕووبه‌ڕووی یاسا كراوەتەوە.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure